رۆڵی رێكخراوەكان لە پرسی تاوانی جینۆساید و ئەنفال- دا

07:06 - 2025-04-14
دیدار
51 جار خوێندراوەتەوە

سازدانی: زەنوێر تەها

 

لەسەرئاستی کوردستان، لە پارێزگای دهۆکەوە تا هەولێر و سلێمانی و کەرکوک و گەرمیان و هەڵەبجە و چەمچەماڵ و بالیسان، بەتایبەتتر لەو شوێن و جێگایانەی تاوانی جینۆساید و ئەنفال و کیمیابارانیان تێدا کراوە، کۆمەڵێک رێکخراوی شلگێر و کارا، چەندین ساڵە کار لەسەر دۆسییەی تاوانەکان و لایەنە یاسایی و سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و کاریگەرییە جۆراوجۆر و فرە رەهەندەکانیان دەکەن. یەکێک لەو رێکخراوانە (کۆمەڵەی داکۆکی لە پرسی ئەنفال) ە کە نزیک لە دوو دەیەیە لێبڕاوانە و خۆنەویستانە، لە رێگەی کۆمەڵێک کەسوکاری ئەنفالکراوان و بەشێوەیەکی خۆبەخشانە بەڕێوەدەبرێ و خۆنەویست و کاران لە کار و چالاکییەکانیاندا. 
جینۆسایدنامە لە دۆسییەی تایبەتدا بۆ تاوانی (جینۆسایدی ئەنفال) بە گرنگی زانی (ئەکرەم ساڵح) کەسوکاری ئەنفال و سەرۆکی کۆمەڵەی داکۆکی لەپرسی ئەنفال لە نزیکەوە بدوێنێ ولە  ئەنجامی گفتوگۆ ئەمەی لێ بەرهەم هات.

توانیویانە بەشێكی باشی ئامانجەکانیان بهێننەدی
ئەکرەم ساڵح سەبارەت بە کارکردنیان لە پێناو ئەو ئامانجانەی بۆی دروست بوون دەڵێت: تاوانی جینۆساید یەكێكە لە گەورەترین تاوانەكانی دژ بە مرۆڤایەتی لە جیهان و رۆژهەڵاتی ناوڕاست و تاوانی ئەنفالیش وەك زنجیرە تاوانەكانی دیكەی دژ بە مرۆڤایەتی پێویستە كاری جددی لەسەر بكرێت بەتایبەت پیشاندانی لێكەوتە و دیوە شاراوە و ئاشكراكانی و زەرەر و زیانەكانی بۆ ئاشنابوون و زیندووهێشتنەوەی ئەم تاوانە لای نەوەكانی داهاتوومان.
وەك ئەرك ئەركی رێكخراوەكانە رۆڵی خۆیان بگێڕن بۆ كاركردن لەسەرئەم پرسە بەو پێیەی رێكخراوەكان لەلایەك هەڵگری نازناوی نوێنەرایەتی كەسوكاری سەربەرزی جینۆساید و ئەنفالكراوانن و لەلایەكی دیكە بەشێك لە پێكهاتەی رێكخراوەكان لە نەوە و واریس و كەسوكاری سەربەرزی جینۆساید و ئەنفالكراوان پێكهاتووە، لە راستیشدا توانیویانە بەشێكی باش لە ئامانجەکانیان بهێننە دی و پێویستە ئەم هەنگاوانە بەردەوامیی هەبێت.

فشار بۆ سەر دەسەڵات لەپێناو بەدەستهێنانی ئامانجەکان
لەبارەی پرسیاری ئەوەی پردی کارکردنی نێوان ئێوە و دەسەڵات چۆنە و چ میکانیزمێک لە رێکخستنی کارەکانی نێوانتاندا هەیە؟ وتی: رێكخراوەكانی بواری جینۆساید لەلایەك پردی پەیوەندیی نێوان كەسوكاری سەربەرزی ئەنفالكراوان و دەسەڵاتە و لەلایەكی دیكەوە وەك لایەنی فشار بۆ سەر دەسەڵات بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانیان تیدەكۆشن. دەمەوێت زۆر بە روونی بیڵێم بێدەربەستی و ملنەدانی دەسەڵات بۆ جێبەجێكردنی خواست و داواكارییەكانی كەسوكاری سەربەرزی جینۆساید و ئەنفالكراوان، ئەوەندەی دیكە ئەركی رێكخراوەكانی قورستر كردووە، بۆیە دەبوو  حكومەت لە رێگەی نەخشە و پلانێکی تۆکمەوە کاری لەسەر ناساندنی تاوانەکان بکردایە نەک پچڕپچڕ و بێبەرنامەیی و تەنیا لەچوارچێوەی یادکردنەوەی ساڵانەدا بێت.

 لە ئاست گەورەیی تاوانەکەدا نییە
ئەکرەم ساڵح سەبارەت بە رۆڵی راگەیاندن لە کارکردن لەسەر لایەنە جیاجیاکانی تاوانەکە دەڵێت: کەم تا زۆر راگەیاندنی بینرا و نووسرا و بیستراو کاریان کردووە، بەڵام لە ئاست گەورەیی تاوانەكەدا نەبوون و  بگرە زۆرجار لایەنێكیان پیشانداوە كە ژیان و گوزەرانیان خستۆتەڕوو وەك بەشخوراو و لایەنی بەزەیی و شایەنی بەزەیی پێداهاتنەوە و توڕەیی واریسی جینۆساید و ئەنفالكراوانی پیشانداوە و ..هتد، لەكاتێكدا دەبوو زیاتر كاریان لەسەر پرسەكە بكردایە لە رووی راگەیاندنەوە بگاتە دنیای دەرەوە و کاریگەرییەکانی، تەنانەت دەبوایە راگەیاندنی کوردی جیاواز لەوەی کردویانە، سەرنجیان لەسەر پلان و بەرنامەی حکومەت و کەموکوڕییەکانی کارکردنی بکردایە، کە نەیانکردووە یان کەمیان لەم بوارەدا رۆڵی پێویستی خۆیان بینیووە.

پێویستە لە رێی سینەما و فیلمەوە پرسەکەمان بناسێنین
ئەکرەم ساڵح جەخت لەوە دەکاتەوە و دەڵێت: ئەو میللەت و نەتەوانەی تاوانی جینۆساید لە دژیان کراوە، بە نەخشە و بە بەرنامە بوار نەماوە کاری تێدا نەکەن بۆ ناساندنی تاوانەکان لە دژیان، بۆ نموونە «سینەما و فیلم و شانۆ» کە یەکێکە لە ئامراز و میکانیزمە کاریگەرەکانی ناساندنی تاوانەکان و ئێمەی کورد لەم باریەوە کەمترین هەوڵ و کۆششمان هەیە یان ئەوەی هەیە زۆر بچووک و ناکاریگەرە بە بەراورد بە گەورەیی و کاریگەریی تاوانەکان لە دژمان و جەختیش دەکاتەوە و دەڵێت: ئەگەر بمانەوێت لەم ئاستە کاری جددی بکرێ، دەبێت حکومەت لە رێگەی دامەزراوە یان ناوەندێکی تایبەتمەندەوە باشترین و گونجاوترین بودجە تەرخان بکات، بۆ ئەوەی ساڵانە دەیان فیلمی سینەمایی و دراما و شانۆ لەپێناو ناساندنی تاوانەکانی جینۆساید لە دژمان بەرهەمبهێنین و لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکاندا بەشدارییان پێبکەین.


بابەتە پەیوەندیدارەکان