رەفعەت عەبدوڵڵا: پیرۆزبێت لە هەموو خەڵکی کوردستان بەگشتی و هەڵەبجەییەکان بەتایبەتی

10:13 - 2025-04-14
کوردستان
82 جار خوێندراوەتەوە

بەبۆنەی دەنگدان‌ و پەسەندكردنی لەسەر بەپارێزگابونی هەڵەبجە و دەنگدانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق‌ و بەهەوڵی هەمووان‌ و یەكڕیزی سەرجەم فراكسیۆنە كوردییەكان لەبەغداد بەگەرمی‌ و لەدڵەوە پیرۆزبایی لەتەواوی هەڵەبجەو هەڵەبجەییەكان‌ و سەرجەم خەڵكی كوردستان دەكەم پێزانینی زۆرمان بۆ هەموو لایەك هەیە كەئەمڕۆ بەیاسایی‌ و بەفەرمی هەڵەبجە بووە 19 یەمین پارێزگای عێراق.
تەواوبوونی ئەم رێكارە یاساییە ‌و پەسەندكردنی ئەم بڕیارە مێژووییە دەبێت زیاتر هەموومان هانمان بدات بۆ خزمەتكردنی زیاتری هەڵەبجە و هەڵەبجەییەكان ‌و هەموو لایەك ببینە پارێزەرو خزمەتكاری ئەم شارە مێژوویی‌و قوربانیدەرە لێرەوە قۆناغێكی نوێی لەخزمەت‌ و بەرەوپێشچوونی زیاتر لەگوزەرانی هاووڵاتیان‌ و سەرجەم سێكتەرەكان رەنگبداتەوە و سیمای پارێزگایەكی گەشاوە و پێشكەوتوی هەبێت كە هاوتای قوربانی خەڵكە سەربەرزو جوامێرەكەی بێت. ئەمڕۆ كە ٤/١٤ ە یادی تاوانی ئەنفال دەكەینەوە لە هەمان کاتدا دەنگدان بۆ بەپارێزگاربونی هەڵەبجە لەبەغدادەوە بەیاسایی دەدرێت گوزارشتە لەوەی ئێمە وەك نەتەوەی كورد لەبەرامبەر مەرگەساتە مێژوویەكانمان بەژیان‌ و بەردەوامی‌ و كۆڵنەدانەوە دەوەستینەوە و بەئیرادەیەكی بەهێزو ژیاندۆستیەوە لەجینۆسایدو كیمیاباران‌و ئەنفالەوە بەرەوە بەردەوامی‌ و داهێنان‌ و پێشكەوتن دەپەڕینەوە و بەجیهان دەڵێین سەرباری مەرگەسات‌ و قوربانیەكانمان هێشتا بۆ مرۆڤایەتی ‌و ئاشتی‌ و ئارامی خەبات دەکەین، جارێکی تر پیرۆزبێت لە هەموو خەڵکی کوردستان بەگشتی و هەڵەبجەییەکان بەتایبەتی ، بۆ یادی سەدو هەشتا و دووهەزار قوربانی ئەنفالی نەتەوەکەشمان سەری ڕێزو نەوازش دائەنەوێنین.

#هەڵەبجە

بابەتە پەیوەندیدارەکان