دۆخی چین و تایوان لە رۆژنامە جیهانییەكاندا

09:54 - 2022-08-07
ڕاپۆرت
359 جار خوێندراوەتەوە

بورهان ئەمین

سەردانەكەی نانسی پیلۆسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا بۆ تایوان، حكومەتی پەكینی تووڕەكرد ‌و سوپاكەی خستە باری ئامادەباشییەوە و هێزە ئاسمانییەكەشی سنووری تایوانی بڕی و كۆمەڵێك بڕیاریشی لە دژی ئەمریكا دەركرد، واشنتۆنیش ئەو هەنگاوانەی بە پشێوی نانەوە لە قەڵەم دا ‌و هاتنە پێشەوەی ئەو دۆخە نوێیە، بۆتە بابەتی سەرەكیی رۆژنامە جیهانییەكان.
بێ متمانەیی 
رۆژنامەی Washington Postی ئەمریكی بڵاویكردۆتەوە: خراپیی پەیوەندیی نێوان ئەمریكا و چین، نوێ نییە و لە سەردەمی هاتنی كابینەكەی جۆ بایدن-یشدا خراپتربووە. سەرۆكی ئەمریكا لەگەڵ دەستبەكاربوونیدا دروشمی دژایەتیی چینی بەرزكردەوە، لە بەرامبەریشدا پەكین لەگەڵ ئەو وڵاتەدا دڕدۆنگ بووە، بە جۆرێك هیچ متمانەیەك لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا نەماوە، بۆیە هەر جموجووڵێك، ئەو دۆخەی وەك ئێستای لێ دروست دەبێت و چاوەڕوانكراوە.
لای خۆشیەوە، رۆژنامەی Timesی بەریتانی هۆشداریی دەداتە خۆرئاوا لە هەژموونی نوێی چین بەسەر جیهاندا و نووسیویەتی: ئەو مانۆڕ و جموجووڵانە تەنها ترساندنی تایوان نییە، بەڵكو لە دژی خۆرئاواشە و زەنگی مەترسیی ئاڵۆزیی زیاتر لێدەدات، دەبێت خۆرئاوا بیر لە ستراتیژێكی كارا و یەكگرتوو بكاتەوە بۆ رێگرتن لەو هەژموونەی كە بەهاوكاریی روسیا دەیەوێت بیسەپێنێت.
لە بەرامبەریشدا، رۆژنامەی Nesavissima Gaseta ی روسی لەسەر سەردانەكەی پیلۆسی بۆ تایوان، پێیوایە كە ئاگری شەڕێكی ماڵوێرانكەری هەڵكرد و لەو كاتەوە پەیوەندیی نێوان چین و تایوان گرژتر بووە ‌و ئەو بەرپرسە ئەمریكییە لە ژێر پەردەی دۆستایەتیی تایواندا، دوژمنایەتیی وڵاتەكەی بۆ چین دووپاتكردەوە و جەنگی دەستپێكرد.
جیهان بەرگەی جەنگی دیكە ناگرێ
رۆژنامەی Lianhe Baoی تایوانی روونیكردۆتەوە: ئەو جموجووڵە سەربازییانەی چین، هەر تەنها مانۆڕ و چالاكی و نمایشی سەربازی نین، بەڵكو جەنگێكی گەورەیە لە دژی تایوان، كۆكردنەوەی ئەو هەموو كەشتی و فڕۆكە و چەكە قورسانە لە نزیك دوورگەكە، جگە لە جەنگ هیچی تری لێ سەوز نابێت. رۆژنامە تایوانییەكە هیوا دخوازێت كە شەڕ و پێكدادان دروست نەبێت، چونكە جەنگی جیهانی لێدەكەوێتەوە.
هەروەك رۆژنامەی Nrc Handelsbladی هۆڵەندی نووسیویەتی: چین ستراتیژی درێژخایەنی لە تایوان هەیە، هەر تەنها جەنگ و شكستپێهێنانی نییە، بەڵكو دەیەوێت بیخاتە سەر سنووری خۆی، پشتیوانیی ئەمریكا و خۆرئاواش لە تایوان، دۆخەكەی ئەوەندەی تر ترسناك كردووە، دەبێت هەردوولا درك بەوە بكەن كە تەقینەوەی ئەو دۆخە، زیانی بۆ هەموو جیهان هەیە، ئەو دوو وڵاتە بەشێكی گرنگی كەرتی بازرگانیی جیهانن ‌و زۆر لە وڵاتان زیانیان بەردەكەوێت.
Die Weltی ئەڵمانیش پێیوایە كە كۆرۆنا و جەنگی روسیا و ئۆكرانیا لە نەهامەتی و برسێتیی زیاتر هیچی تریان بۆ مرۆڤایەتی نەهێناوە، جیهان بەرگەی جەنگی دیكە ناگرێ و دەبێ زلهێزەكان بیر لە باشتركردنی دۆخەكە بكەنەوە، نەك ماڵوێرانییەكی تر.
ئەتۆم ئامادەكراوە
رۆژنامەی یەنی شەفەق-ی توركی نووسیویەتی: تایوان خۆراكێكی یەكجار زۆر و چینیش لە بواری بازرگانی و پیشەسازیدا بەرهەمێكی زۆر بۆ جیهان دابین دەكەن، هەر پشێوی ‌و ئاڵۆزییەك، دەرهاویشتەكەی لە جەنگی روسیا و ئۆكرانیا خراپتر دەبێت.
رۆژنامەی Die Standardیش كە لە بڕۆكسل دەردەچێت، نووسیویەتی: زەنگی مەترسیی هەڵگیرسانی جەنگێكی گەورە لەلایەن زلهێزەكانەوە لێدەدرێت، سەردانەكەی نانسی پیلۆسی و كاردانەوە توندەكەی چینییەكان، ئەوە دەسەلمێنێت كە خۆئامادەكردن بۆ جەنگی ئەتۆم دەستیپێكردووە.  
سەرچاوە: Deutschlandfunk

بابەتە پەیوەندیدارەکان