ستیڤ ویتکۆف: هەڵوەشاندنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران پەیوەستە بە بڕی پیتاندنی یۆرانیۆم

05:12 - 2025-04-15
جیهان
53 جار خوێندراوەتەوە

نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، لەبارەی دانوستانەکانی ئێرانەوە رایگەیاند، گفتوگۆکانی واشنتن لەگەڵ تاران لەبارەی پیتاندنی یۆرانیۆم و توانای چەکی ئێرانەوە دەبێت.

ستیف ویتکۆف، کە نوێنەرایەتی وەفدی ئەمریکای دەکرد لە عومان، لە چاوپێککەوتنێکیدا لەگەڵ فۆکس نیوز رایگەیاند، یەکەم کۆبوونەوەمان ئەرێنی و بنیادنەربوو.

ویتکۆف، لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە دەڵێت، ئەو بابەتە پەیوەستە بە پشتڕاستکردنەوەی بڕی پیتاندنی يۆرانيۆم.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویست ناکات ئێران پيتاندنی يۆرانيۆم لە %3.67 زیاتر بکات، ئەوە زۆرترین ئاستە، کە بەگوێرەی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی پێشوو رێگەپێدراوە، کە ترەمپ لە یەکەم خولی سەرۆکايەتيدا، لە ساڵی 2018 لێی کشايەوە.

رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 ئامانجی ئەوە بوو، رێگری لە ئێران بکات بتوانێت چەکی ئەتۆمی دروستبکات، لەبەرامبەردا رێگەی بە تاران دەدا بەرنامەیەکی ئەتۆمی بۆ مەبەستی ئاشتییانە پەیڕەو بکات و لەو رێژەیەی بۆی دياريکراوە يۆرانيۆم زياتر بەرهەم نەهێنێت.

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی رايگەياندووە، ئێران 274.8 کيلۆگرام يۆرانيۆمی پيتێندراوی هەيە، کە بە رێژەی %60 پیتێندراوە.

ویتکۆف گوتیشی، "پشتڕاستکردنەوەی ئاستی تواناکانی ئێران لەرووی چەکەوە خاڵێکی دیکەی گرنگ دەبێت لە دانوستانەکاندا، کە موشەک و کارپێکەری موشەکی دەگرێتەوە.

لە کۆتايشدا جەختکردەوە، پشتڕاستکردنەوە دەبێتە بنەمای سەرەکی ئەم رێککەوتنە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان