بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە سەید عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە کرد.
لە دیدارێکدا کە نزار ئامێدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئامادەیبوو، دۆخی سیاسیی عیراق، دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێکرا.
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆکی رەوتی حیکمە جەختیان لە کارکردنی پێکەوەیی لایەنە سیاسییەکان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان کردەوە تاوەکو وڵات نەبێتە بەشێک لە کێشە و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە.
لە کۆبوونەوەکەدا باسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا و سەرۆک بافڵ وتی، داواکارییەکانی ئێمە داواکاریی هاونیشتمانییانە کە دەبێت حکومەتێکی خزمەتگوزار بۆ خزمەتکردنی تەواوی ناوچەکان بەبێ جیاوازی پێکبهێنرێت و هیوادارین لە نزیکترین کاتدا وەفدی دانوستانکاری یەکێتی و پارتی بگەنە رێککەوتن.