دەزگاکانی باکوور، رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی کوردستان لە پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کتێب

10:02 - 2025-04-16
ڕاپۆرت
40 جار خوێندراوەتەوە
نزیکەی 350 دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوە بەشدارییان لە پێشانگەکەدا کردووە

راپۆرتی/ تەها عەبدوڵڵا


لە حەڤدەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کتێب، نۆ دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوە لە باكوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوای کوردستانەوە بەشدارییان كردووە و چەندین کتێبی جیاوازیان خستووەتەڕوو بۆ خوێنەران، هاوكات گلەییان لە بەرزیی نرخی رووبەری پێشانگەكە هەیە، ئەوەش كاریگەریی لەسەر نرخی كتێب و ئاستی بەشداریی دەزگاكانی چاپ و بڵاوكردنەوە هەبووە.

دەزگاکانی رۆژئاوای کوردستان
لە رۆژئاوای کوردستانەوە دوو دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە بەشداریی پێشانگەکەیان کردووە کە دەزگاکانی شلێر و نەقشن.
نەریمان حەفدەكی وەك چاپخانەی شلێر لە رۆژئاوای كوردستانەوە بەشداری لە پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ كتێب كردووە، بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئەو كتێبانەی لەم پێشانگەیەدا نمایشمان كردوون بۆ فرۆشتن، زیاتر لە بوارەكانی مێژوو، فەلسەفە، لێكۆڵینەوە، ئەدەب و منداڵاندا خۆی دەبینێتەوە و کتێبەکان بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبین.
وتیشی: پێشوازی خەڵك لە پێشانگەی كتێب بەباشی دەبینین و رێژەیەكی زۆر لە خوێنەران كتێب دەكڕن، بەڵام بەهۆی ئەوەی كتێبەكانی ئێمە لە رۆژئاوای كوردستان زیاتر بە لاتینی نووسراوە، بەراورد بە دەزگاكانی دیكە كەمتر فرۆشی هەیە، لەگەڵ ئەوەش خوێنەری تایبەتمان هەیە و هەندێك كەس حەز بە فێربوونی شێوەی لاتینی دەكەن.
دەزگاكانی چاپ لە رۆژئاوای کوردستانەوە ماوەی سێ ساڵە بەشداری لە پێشانگەكانی كتێب لە هەولێر و سلێمانی دەكەن.
نەریمان حەفدەكی وتی: بێجگە لە بەشداریمان لە شارەکانی هەرێم، لە رۆژئاوای کوردستان حەوت جار پێشانگەی کتێبمان كردۆتەوە، بەڵام هیچكام لە دەزگاكانی چاپ لە هەرێمی كوردستان بەشدارییان لە پێشاگاكانی رۆژئاوادا نەكردووە.

 

 

خاوەنی دەزگایەکی بڵاوکردنەوەی باکووری کوردستان: ئامانجی بەشداریكردنمان ئاشنابوونی خوێنەرانی باشووری كوردستانە بە كتێبەكانی باكوور و دروستكردنی پردی پەیوەندی لە نێوان هەردوولادا


سەردانی هاووڵاتیان بۆ پێشانگەکە
رۆژی نۆی ئەم مانگە، پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ كتێب بە ناونیشانی (جیهان بە كوردی دەدوێت)‎ لەلایەن دامەزراوەی (ئەلمەدا) بۆ راگەیاندن و رۆشنبیریی و هونەر، بە هاوكاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان کرایەوە و ماوەی 10 رۆژ بەردەوام دەبێت. 
هاوکات لە باکووری کوردستانەوە، سێ دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە بەشدارییان لە پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ كتێبدا كردووە.
نەزیر ئۆجەك وەك دەزگایەكی چاپ و بڵاوكردنەوە لە باكووری كوردستان بە ناوی(سیتاف) بەشداری لە پێشانگەکەدا کردووە و بۆ کوردستانی نوێ وتی: ساڵانە بەشداریی پێشانگەکانی کتێب لە شارەکانی هەرێم دەکەین و هەوڵمانداوە زۆترین كتێبی تێدا نمایش بكەین بۆ فرۆشتن.
وتیشی: ئەو كتێبانەی لە دەزگاكانی چاپ و بڵاوكردنەوەی باكوورەوە هێنراون زیاتر بابەتی زمانی كوردی، مێژوو، ئەدەب و رۆمانن، بەشی زۆریان كتێبی تازەن و لەلایەن نووسەرە دیارەكانی باكووری كوردستانەوە نووسراون.
بەشداریی و سەردانی هاووڵاتیان بۆ پێشانگەکە جێی دڵخۆشی دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەیە.
نەزیر ئۆجەك دەڵێت: تاڕادەیەك فرۆشمان باشترە لە ساڵی رابردوو، بەڵام ئەوەی جێگەی هەڵوەستە لەسەركردنە، كرێی رووبەری ناو پێشانگەكەیە تاڕادەیەك بۆ ئێمە زۆرە، دەبوو ئیدارەی پێشانگەكە نرخی كەمتر بکردایەتەوە بۆمان.
وتیشی: بە گشتیی ئامانجی بەشداریكردنی ئێمە ئاشنابوونی خوێنەرانی باشووری كوردستانە بە كتێبەكانی باكوور و دروستكردنی پردی پەیوەندییە لە نێوان هەردوولادا، لەبەرئەوە نرخی كتێبەكانمان نزمە، بۆئەوەی هەموو كەسێك بتوانێت بیكڕێت، هەروەها هیوادارین ئەو جۆرە پێشانگەیانە بەردەوامبن و ئاسانكاریی زیاتر بۆ دەزگاكانی چاپ و بڵاوكردنەوە بكرێت، بۆ ئەوەی بە رێژەیەكی زیاتر بەشداری تێدا بكەن.

 

خاوەنی دەزگایەکی بڵاوکردنەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان:
نرخی ئەو رووبەرەی بۆ نمایشکردنی کتێبەکانمان پێماندراوە، 100 بەرامبەر نرخی رووبەری ئەو پێشانگەیانەیە كە لە تاران دەكرێنەوە


گرانیی رووبەری پێشانگەکە
لە حەڤدەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کتێب، 350 دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوە لە 22 وڵاتەوە بەشدارییان تێداکردووە، لە كۆی ئەو ژمارەیە 60 دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی تایبەتە بە هەر چوار پارچەی كوردستان.
لە رۆژهەڵاتی كوردستانەوە چوار دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە، بە چەندین کتێبی ئەدەبی، مێژوویی، فەلسەفە و ئایینی بەشداریی پێشانگەکەیان کردووە.
لوقمانی رەحمانی خاوەنی چاپخانەی (ماك) وەك دەزگایەكی چاپ و بڵاوكردنەوە بۆ كوردستانی نوێ وتی: رۆژانە خەڵكێكی زۆر لە چین و توێژەكان سەردانی پێشانگەکە دەكەن، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە توێژی گەنجان كەمتر دەبینم و زۆرینەی بەشداربووان تەمەنیان لە سەروو 40 بۆ50 ساڵییەوەیە.
بەشداربووانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش نرخی ئەو رووبەرەیان پێ گران بوو کە لە پێشانگەکەدا پێیان دراوە و خاوەنی چاپخانەی ماك دەڵێت: بە راستی نرخەكەی زۆر زۆرە، بە جۆرێك 100 بەرامبەر نرخی رووبەری ئەو پێشانگەیانەیە كە لە تارانی پایتەختی ئێران دەكرێتەوە، دەبوو ئیدارەی پێشانگەی هەولێر رەچاوی ئەو خاڵە بكات، لەبەرئەوەی ئەگەر نرخەكان گونجاوبن دەزگاكان زیاتر دەتوانن بەشداری بكەن و نرخی كتێبەكان بۆ خوێنەران دابشكێنن.
لە پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کتێب، یەك ملیۆن و 200 هەزار ناونیشان نمایشکراوە و تا رۆژی 19/4/2025 بەردەوام دەبێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان