قوباد تاڵەبانی بۆ نوێنەری وڵاتان:

هەموو هەوڵەكان بۆ ئەوەیە بە زووترین كات رێككەوتن بكرێت لەسەر پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێز

12:57 - 2025-04-16
کوردستان
46 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم، لە چەند دیدارێكدا ئەوەی خستەڕوو كە «هەموو هەوڵەكان بۆ ئەوەیە بە زووترین كات رێككەوتن بكرێت لەسەر پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێز و كارا و یەكگرتوو».
دوێنێ، قوباد تاڵەبانی پێشوازی لە ڤیكتۆریا تایلۆر جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، كرد و لەبارەی دۆخی سوریا و پرۆسەی ئاشتی لە توركیا و دوایین گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە، گفتوگۆیان كرد. لەبارەی دۆخی سیاسیی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمیش، جێگری سەرۆك وەزیران ئاماژەی بە دوایین كۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەكێتی كرد و روونیكردەوە كە «گفتوگۆكان بە باشی بەڕێوەدەچن و هەموو هەوڵەكان بۆ ئەوەیە بە زووترین كات رێككەوتن بكرێت لەسەر پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێز و كارا و یەكگرتوو».
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمریكا كرا، قوباد تاڵەبانی، رایگەیاند: لە هەرێمی كوردستاندا دەرفەتی زۆر گەورە هەیە بۆ كۆمپانیاكان و وەبەرهێنەرانی ئەمریكی و حكومەتی هەرێم خوازیارە كۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی ئەمریكا بەشدارییەكی گەورەتریان هەبێت لە پرۆسەی گەشەپێدانی هەرێمدا، بۆ ئەوەش ئامادەیە هەموو جۆرە هاوكاری و كارئاسانییەكیان پێشكەش بكات.
لەمیانی كۆبوونەوەی قوباد تاڵەبانی و كریستیانە هۆمان باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عیراق، تاوتوێی چۆنێتی بەهێزتركردنی پەیوەندییەكان كرا و دۆخی ئابووری و پرۆسەی گەشەپێدانی هەرێم، قسەی لەسەر كرا.
جێگری سەرۆك وەزیران، روونیكردەوە كە «حكومەتی هەرێم هەوڵ بۆ ئابوورییەكی فرەسەرچاوە دەدات و لەم چوارچێوەیەشدا بەتایبەتی گرنگی بە گەشەپێدانی كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازیی خۆراك و كشتوكاڵ دەدات» و وتیشی: بەگرنگیدان بەم كەرتانە ژمارەیەكی بەرچاو هەلی كار بۆ هاووڵاتیان دابین دەكرێت و ئاسایشی خۆراكی هەرێم و عیراقیش پارێزراو دەبێت».
جێگری سەرۆك وەزیران سوپاسی حكومەتی ئەڵمانیای كرد كە لە بەشێوەی جۆراوجۆر هاوكاریی هەرێمی كوردستانی كردووە، بەتایبەتیش لە ناردنی راوێژكار و كەسانی پسپۆڕدا.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە دۆخی ئاسایش و سەقامگیریی عیراق و ناوچەكە كرا، هەردوولا هاوڕابوون هێشتا تیرۆر هەڕەشەیەكی جدییە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەكە. لەوبارەیەوە باڵیۆزی ئەڵمانیا جەختیكردەوە هاوكارییەكانی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا بەردەوام دەبێت.
لە كۆبوونەوەیەكی دیكەشدا، قوباد تاڵەبانی و ئێرمان تۆپجو كونسوڵی گشتیی توركیا لە هەرێمی كوردستان، باسیان لە دوایین بەرەوپێشچوونەكانی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا كرد و جێگری سەرۆك وەزیران، جەختیكردەوە كە «هەرێمی كوردستان پشتیوانی سەركەوتنی پرۆسەكەیە و هەر ئەركێك بكەوێتە سەرشانی جێبەجێی دەكات». وتیشی: «پێویستە هەموو لایەنەكان لەڕێگەی گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنەوە كێشەكان چارەسەربكەن و یارمەتیدەربن لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكە».
سەبارەت بە هەوڵەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمیش، وتی: گفتوگۆكان بەشێوەیەكی باش و ئەرێنی بەڕێوەدەچن و هیوادارین لەنزیكترین دەرفەتدا پارتی و یەكێتی رێكبكەون لەسەر پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێز و كارا و یەكگرتوو.

بابەتە پەیوەندیدارەکان