راپۆرتی/ ئه‌یاز هه‌ركی
هاووڵاتیانی قه‌زای بەردەڕەش داوای قیرتاوکردن و نۆژەنکردنی رێگاوبانەکانی سه‌نته‌ری شارەکەیان دەکەن. تا ئێستا زۆرێک لە رێگاوبانەکان چاك نەکراون، ئەمەش نیگەرانی بۆ شۆفێران و هاووڵاتیانی قەزای بەردەڕەش دروستکردووە.
رۆژانە رووداو
مەهدی ره‌شگه‌ری، شۆفێرێكی قه‌زای به‌رده‌ره‌ش وتی: تا ئێستا نزیكەی سەدی هه‌شتا رێگاوبانەكانی قەزای بەردەڕەش قیرتاونەکراون یان چاك نه‌كراون. داوا لە بەرپرسانی قه‌زای بەردەڕەش دەکەم بە زووترین کات بە دواداچوونێكی بۆ بكرێت و رێگاوبانه‌كانی شاره‌كه‌مان چاك بكرێن كه چاڵ وچۆڵی زۆر له شەقام و گه‌ڕه‌كه‌كاندا هه‌یه. بە تایبەت رێگای یەکسایدی نێوان بەردەڕەش و کەڵەک کە بە رێگای مەرگ ناسراوە و رۆژانە رووداوی ئۆتۆمبێل و مردن لەم رێگایەدا روودەدات، چونکە رێگایەکی قەرەباڵغە و پێویسته بكرێته دوو ساید.
عوبەید عەلی، شۆفێرێکی دیکەیە لە بەردەڕەش، وتی: لە قه‌زای بەردەڕەش کەموکوڕتی زۆر هەیە و زۆربەی رێگا سەرەکییەکان و رێگاکانی ناوەندی شار و گه‌ڕه‌ك وكۆڵانه‌كان قیرتاو نەکراون و خزمەتگوزاری پێویست پێشکەش به شاره‌كه‌مان نەکردووه. پێویستە لایه‌نی به‌رپرسان له قه‌زای به‌رده‌ڕه‌ش ئاگاداری دۆخی شوفێران بن و چەندین چاڵ هەیە کە بووەتە هۆی سەرئێشە بۆ شۆفێران و زیان بە ئۆتۆمبێلەکانمان گەیاندووە.
فیراس ئەحمەد مەعروف، چالاكوانێكی دیاری بەردەڕەش-ە دەڵێت: ئێمه وەك هاووڵاتیانی قه‌زای بەردەڕەش گله‌ی زۆرمان لە حكومەت هەیە. بە تایبەت لە ئیدارەی خۆجێی بەردەڕەش، چونکە چەندین پڕۆژە هەن به‌بیانوی قەیرانی داراییەوە راگیراون.
وتیشی: لە سەنتەری بەردەڕەش چەندین شەقام و گەڕەک هەن هێشتا قیرتاو نەکراون و رێگای نێوان بەردەڕەش و شیوەرە تەواو نەکراوە. هاووڵاتیان زۆر نیگەرانن لە نەبوونی خزمەتگوزاری پێویست بۆ گەڕەک و شەقامەکانی سه‌نته‌ری قه‌زای بەردەڕەش و ئەو رێگا سه‌ره‌كییانه‌ی کە بە شارەکەمانەوە بەستراونەتەوە.
قه‌زای بەردەڕەش پشتگوێخراوه
جگە لەوەش لە بەردەڕەش زۆر کەموکورتی تریش هەیە، بۆ نموونە نەخۆشخانە کراوه‌ته‌وه بەڵام پزیشک و کەرەستەی پزیشکی وه‌ك پێویست نین. قه‌زای بەردەڕەش پشتگوێخراوه و زۆر فەرمانگەی حکومی لە شارەکەماندا نه‌كراوه‌ته‌وه وەک تاپۆ و پاسپۆرت و مۆڵەتی شۆفێری و هتد.
بۆ زۆربەی ئەم کارانە هاووڵاتیانمان سەردانی قه‌زای ئاکرێ ده‌كه‌ن و داوا لەلایه‌نی په‌یوه‌ندیدار له به‌رده‌ڕه‌ش دەکەم خه‌می زیاتر له‌شاره‌كه‌مان بخۆن وپڕۆژه‌ی گرنگ و پێویست جێبەجێ بکرێن.
شه‌هاب بۆتانی، رۆژنامەنووسی دیاری قه‌زای بەردەڕەش وتی: ئەو گەڕەكەی من تێیدام كۆنترین و نزیكترین گەڕەكە بۆ سەنتەری بەردەڕەش تا ئێستا قیرتاو و سه‌به نەكراوە. ئێمە لەگەڵ شارەوانی بەردەڕەش هەوڵی زۆرمان داوه ،بەڵام هیچ سوودێکی نەبووه و زۆربەی رێگاوبان و گەڕەکەکانی ناوەندی قه‌زای بەردەڕەش هێشتا قیرتاو نەکراون.
وتیشی: لە سەنتەری بەردەڕەش چەندین گەڕەكی نوێ دروستكراون، تا ئێستا هیچیان بۆ نەكراوە و تەنها لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا هەندێک بەڵێن ده‌درێن و ئەو بەڵێنانەش زۆربەیان کەسی یان کاندیدن کە لە بەرژەوەندی گشتیدا نین. هه‌روه‌ها كاتێك زستان دادێت رۆژانه هاووڵاتییان و شۆفێران رووبه‌ڕووی كێشه و گرفتی زۆر ده‌بنه‌وه، ئێستاش كه وه‌رزی هاوینه باشترین كاته بۆ چاكردنی رێگابان وگه‌ڕه‌ك وكوڵانه‌كان. هیوادارین لایه‌نی به‌رپرس له ئیداره‌ی خۆجێی به‌رده‌ڕه‌ش گلەیی و داواكاری هاووڵاتییان له‌به‌رچاو بگرن و كاری بۆ بكه‌ن.
هیوا گۆران، هاووڵاتییەکی دیکەیە لە بەردەڕەش وتی، سەبارەت بە قه‌زای بەردەڕەش زۆربەی دانیشتوانی بەردەڕەش نیگەرانن لە نەبوونی خزمەتگوزاریی پێویست بۆ شارەکەیان لە ئیدارەی خۆجێیی بەردەڕەش. چونکە تا ئێستا لە سەدا حەوت به‌سه‌ره‌وه رێگاوبانه‌كان قیرتاو نه‌كراون و قه‌زای بەردەڕەش ژماره‌ی دانیشتوانی زۆره تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی جدی نەنراوە و هەر هاوڵاتییەک تووشی نەخۆشییەک یان حاڵەتێکی كتوپڕ بێت، دەبێت بباته ئاكرێ یان شوێنێكی تر هه‌روه‌ها کەموکوڕتی زۆر هه‌یه. وەک هاووڵاتییەک هیوادارم دەنگمان بگاتە لایەنی پەیوەندیدار و خزمەتگوزاری زیاتر پێشكه‌ش به شارەکەمان بكرێت، لە سەروو هەموو شیانەوە گرنگی زیاتر بە ژینگە و زیادکردنی رێژەی سەوزاییەکان لە سەنتەری قەزای بەردەڕەش بدرێت، كه سوودێکی زیاتری ته‌ندروستی دەبێت بۆ هاووڵاتیان.
پلانمان هەیە ئەوانی تریش تەواو بکەین
ئیسماعیل مستەفا، قائیمقامی بەردەڕەش رایگەیاند: لە ساڵی رابردووەوە تا ئێستا حكومه‌تی هه‌رێم بە چوار قۆناغ پارە بۆ نۆژەنكردنەوەی رێگاوبانەكانی قەزای بەردەڕەش و دەوروبەری تەرخان كردوە، قۆناغی یه‌كه‌م چواردە ملیار دینار بۆ ته‌واوكردنی رێگای گونده‌كانی به‌نێنان و بشێریا و قه‌ره‌ناز و ناحیه‌ی داره‌توو تەرخان کراو رێگای 46کیلۆمەتری پێ دروستکرا و لە قۆناغی دووەمیشدا دوو ملیار دینار خەرج کراوه بەمەبەستی دروستکردن و قیرتاوكردنی چەند رێگاوبان و گەڕەکێک لە سەنتەری شارەوانی بەردەڕەش و به هەر سێ ناحیەکانیشه‌وه و پلانمان هەیە ئەوانی تریش تەواو بکەین.
وتیشی: ئێستا حكومەت رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر دابینكردنی دە ملیار دینارتر بۆ قەزای بەردەڕەش بە مەبەستی گەیاندنی خزمەتگوزاری و دروستكردنی رێگاوبان بۆ گوند وناحیه‌كان، تا ئێستا چوار گەڕەكمان بە تەواوی نۆژەن و قیرتاو كردۆتەوە.ھەروەھا لەگەڵ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی ھەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەری گشتی پارێزگای دھۆک باسمان لە پڕۆژەی دروستكردنی رێگای نێوان بەردەڕەش - کەڵەک کردووه و دیزاینمان بۆ كردووه.
شایه‌نی باسه قه‌زای بەردەڕەش 70 كم لە باكووری خۆرئاوای شاری هەولێر و32 كم لە باكووری خۆڕهەڵاتی نەینەوا یه و لەنێوان رووباری خازر و زێی گه‌وره یه‌دا.هه‌روه‌ها ناوچەیەکی کشتوکاڵییه و پێشتر ناحیه بووه سەربه قه‌زای ئاكرێ و لە ساڵی 2007 بووەتە قەزایەکی سەربەخۆ لە پارێزگای دهۆک و لە سێ ناحیە و 107 گوند پێکهاتووە و ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 140 هەزار کەسە.