ئا: دڵان سامان
لە توێژینەوەیەکی نوێدا ئاماژە بەوە کراوە کە سیستمە نوێیەکانی زیرەکیی دەستکرد لێچوونی گازی گەرم خانەیی زیاد دەکەن و زیانی گەورە بە ژینگە دەگەیەنن.
ئەو توێژینەوەیە لە رۆژنامەی ئیندپێندتی بەریتانیدا بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە دەکات بەردەوام لەگەڵ گەشەکردنی زیرەکیی دەستکرددا، کارپێکردن و راهێنانی نموونەکانی زیرەکیی دەستکرد تا ئاڵۆزتر بن وزەی زیاتریان دەوێ، جگە لە زیادبوونی بەکارهێنەرانی، ئەوانەش دواجار لێکەوتەی ژینگەیی مەترسیدار بە دوای خۆیاندا دەهێنن.
لێکۆڵەرانی توێژینەوەکە باس لەوە دەکەن لەگەڵ پەرەسەندنی ئەو سیستەمانەدا وزەی زیاتریان پێویستە بۆ داتاکردنیان، بۆ نموونە«چات جی پی تی4» سەر بە کۆمپانیای(ئۆپن ئەی ئای) دوو هێندە وزە سەرف دەکات بە بەراورد بە ڤێرژنەکانی پێشووی، واتا هەر یەکێک لە ئێمە لەگەڵ هەر پرسیارێکدا کە لە چات جی پی تی دەکەین، ژینگە پیس دەکەین.
وەک تیمی لێکۆڵەران جەختیان لێکردووەتەوە، راهێنانی نموونەیەکی زیرەکیی دەستکرد، پێنج هێندەی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن دەردەدات بە بەراورد بە کۆمپانیای دروستکردنی ئۆتۆمبێلی ئەمریکی، ئاماژەیان بەوەش داوە لێچوونی ئەو گازانە رەنگە کاریگەریی وێرانکەریان بۆ سەر ژینگە هەبێت.
هاوکات ساڵانە ئەو لێچوونانەی پەیوەستن بە زیرەکیی دەستکردەوە دەبێتە هۆی لەدەستدانی زیاتر لە 10 ملیار دۆلار، بۆیە حکومەتەکان و دەزگاکانی رێکخستن داوای شێوازی ستانداردیان کردووە بۆ پێوانەکردنی دەردانی گازی ژەهراوی لە زیرەکیی دەستکردەوە، هەروەها هەموارکردنی رێسا و یاسای نوێ بۆ دڵنیابوون لە کۆنتڕۆڵکردنی لە سنوورێکی دیاریکراودا.
مێنگ چانگ، توێژەری سەرەکی توێژینەوەکە لە زانکۆی چجیانگ لە چین دەڵێت:«گەشەسەندنی گەورەی تواناکانی AI دڵەڕاوکێی زۆر سەبارەت بە ژینگە بەدوای خۆیدا دەهێنێت»
ئاماژە بەوەش دەکات«ئەم توێژینەوەیە جەخت لەوە دەکاتەوە پێویستە بە پەلە ئەوانەی بەرپرسیارن لە پەرەپێدانی سیستەمی AI، پلانی سەوزکردنە ستانداردە بەردەوامەکان پەیڕەو بکەن، تا دەردانی گازی زیانبەخش بۆ ژینگە کەمبکەوە».
بەڵام لە بەرامبەردا بەشێک لە زانایان پێیانوایە کە ئەی ئای خۆی دەتوانێت بەشداری بکات لە لێکۆڵینەوە لە دیاردە ژینگەییەکان و پەرەپێدانی چارەسەر بۆ کێشە جۆراوجۆرەکانی ژینگە، ئەوان ئاماژە بەوە دەکەن یەکێک لە باشترین رێگەکان ئەوەیە، زیرەکیی دەستکرد بەکاربهێنرێت بۆ پاراستنی ژینگە، چونکە توانای شیکردنەوەی بڕێکی زۆر لە داتاکانی هەیە، وەک وێنەی مانگی دەستکرد و شێوازەکانی کەشوهەوا، بۆ دەستنیشانکردنی رەوت و نەخشەکان کە رەنگە بە چاوی ئاسایی دەستنیشانکردنیان قورس یان مەحاڵ بێت. پاشان دەتوانرێت ئەم زانیارییانە بەکاربهێنرێن بۆ پەرەپێدانی ستراتیژی کاریگەرتر بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوەکان و کەمکردنەوەی کاریگەرییە نێگەتیڤەکانی زیرەکیی دەستکرد بۆ سەر ژینگە.
سەرچاوە: الشرق الاوسط