بەکارهێنانی منداڵ بۆ سیخوڕیکردن

10:26 - 2022-08-07
ژینگە
474 جار خوێندراوەتەوە

منداڵ بوونەوەرێكی هەستیارە لەگەڵ هاتنە ژیانیدا بە سەرنجەوە لە چواردەوری خۆی دەڕوانێت و لە چاك و خراپییەكانی ناو كۆمەڵگە و خێزان سەنج دەدات و ئەوەی هەستی پێدەكات لە ئاوەزیدا تۆماری دەكات، پێویستە لەسەر دایكان و باوكان زۆر بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ منداڵ بكەن و بە هەموو شێوەیەک هەوڵبدەن بۆ دوورخستنەوەی لە رەفتار و مەماڵەی نەشیاو لەبەرئەوەی لە کەسایەتیدا دەچەسپێت و تا کۆتایی تەمەن کاریگەریی لەسەری دەبێت.
توانا کوڕێکی تەمەن 13 ساڵە، دەگێڕێتەوە کە منداڵ بووە دایك و باوكی بەجیا و بەبێ ئاگاداری یەکتر بەکاریان هێناوە بۆ چاودێریکردن بەسەر ئەوی تریانەوە و لە بەرامبەردا پارەیان یاوەتێ یان شتیان بۆ کڕیوە بەدڵی خۆی و دەڵێت، ئەو رەفتارە ناشیرینەی دایک و باوکم بەهۆی بێ متمانەییان بەیەک و بۆ بەرژەوەندی خۆیان منیان فێرکرد نەبووە هۆی رزگارکردنی خێزانەکەم بەڵکو ئێستا لە لێواری هەڵوەشاندنەوەدایە.
وتیشی، ئەو رەفتارە رەنگیداوەتەوە لە کەسایەتیمدا و ناتوانم وازی لێ بهێنم تەنانەت سیخوڕیم بەسەر هاوڕێکانم و مامۆستاکانمەوە کردووە و هەندێکجار بە خراپەش بەسەر خۆمدا شکاوەتەوە تووشی كێشە بووم و بەهۆیەوە بەشێک لە هاوڕێکانم لێم دوورکەوتوونەتەوە.
بڵند زەندی توێژەی كۆمەڵایەتی دەڵێت، ئاستی رۆشنبیری دایك و باوك زۆر گرنگە لە خێزاندا و نەبوونی متمانە هەردوولا تووشی هەڵدێری لا بە لا دەكات، كە هەندێكجار رەوشتی نەشیاوی تێدا رەنگ دەداتەوە و پەلدەکێشێت بۆ بەكارهێنانی منداڵ وەك دەسكەلایەكی نەشیاو.
عەبدولڕەحیم محەمەد باوكی سێ منداڵە و دەڵێت: هەر لە سەرەتای ژیانی هاوسەرییەوە داوام لە هاوسەرەکم کرد متمانەم پێ بکات هەروەها پەرورەدەیەکی دروستی منداڵەکانمان بکات و نەیەڵێت بە کێشەکانی نێوانمان بزانن، بۆ ئەوەی لە دنیای منداڵی خۆیاندا بژین تا نەوەیەکی تەندروست بن بۆ خێزان و کۆمەڵگەکەیان.
ئەو توێژەرە کۆمەڵایەتییە وتیشی، سیخوڕیکردن وا دەکات کەسێکی دووڕوو و بێ متمانە و خۆبەزلزان دروست ببێت و تووشی دڵەڕاوكێ و راڕایی دەبێت لە بڕیارداندا، لە كارەكانیدا سەرکەوتوو نابێت و لە داهاتوودا دابڕاو دەبێت لە کۆمەڵگە.
ئەگەر پەروەردە بەمانای فێرکردنی بنەماکانی ژیان وەربگرین ئەوە دەتوانین بڵێین هیچ سەرەتا و کۆتایییەکی دیاریکراوی نییە، لە سەرەتای ژیانەوە منداڵ بەر رەفتار و کاردانەوەی جیاواز دەکەوێت و وردە وردە تێدەگات کە هەر رەفتارێک دەرئەنجامێکی دیاریکراوی هەیە و لەگەڵ گەورەبووندا رەفتار و کاریگەرییەکانی ئاڵۆزتر دەبێت، بۆیە پێویستە لەسەر دایک و باوک هەستیار بیت بەرامبەر بە پەروەردەی منداڵەکەی لەبەرئەوەی منداڵ لە هەر تەمەنێکدا بێت ئامادەیە بۆ فێربوونی بنەما بەشەکانی ژیان.

هێمن ئەحمەد

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان