راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد
ئامانج لە کۆنفرانسەکە ناساندنی دنیابینی سەرۆک تاڵەبانی-یە لە بواری بەڕێوەبردن و سەرکردایەتیکردندا
زانکۆی سلێمانی بە هاوئاهەنگی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی، یەكەمین كۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی سەرۆك جەلال تاڵەبانی ساز دەکات.
کاروان رەسوڵ بەڕێوەبەری راگەیاندنی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی بە کوردستانی نوێی راگەیاند: کۆنفرانسەکە هاوکاتە لەگەڵ هەشتەمین ساڵیادی ژیانئاوایی سەرۆک مام جەلال و لە شاری سلێمانی دەبێت.
هەریەك لە زانكۆكانی (كۆیە، راپەڕین، هەڵەبجە، گەرمیان، پۆلیتەكنیكی سلێمانی، پۆلیتەكنیكی گەرمیان، كۆمار، تیشكی نێودەوڵەتی و قەیوانی نێودەوڵەتی) لە کۆنفرانسەکەدا بەشدار دەبن.
كۆنفرانسەكە بە دروشمی سەرۆك مام جەلال راستی و هەڵوێستە مێژووییەكان، بە سەرپەرشتی پڕۆفیسۆر د. كۆسار محەمەد عەلی، سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و باڵیۆز و د. محەمەد سابیر ئیسماعیل، سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی لە رۆژانی (3 و 4)ی تشرینی یەكەمی 2025 لە هۆڵەكانی كۆنگرێسی زانكۆی سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
ئامانج لە کۆنفرانسەکە
سەرۆک جەلال تاڵەبانی یەکێکە لە کەسایەتییە دیار و کاریگەرەکانی سەدەی بیستەم و سەرەتای سەدەی بیست و یەک، رۆڵ و کاریگەرییەکی زۆری لە کۆی کایە جۆراوجۆرەکانی ژیانی سیاسیی، کۆمەڵایەتی، ئابوری، زانستی، ئازادیخوازیی نەتەوەی کورد و سەرجەم عیراق بە هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانییەوە هەبووە. هەموو ژیانی خۆی تەرخانکردبوو بۆ بەدەستهێنانی مافەڕەواکانی گەلی کورد و گەیشتن بە مافی چارەی خۆنووسین و چەسپاندنی دیموکراسی لە عیراق و ئاشتی لە ناوچەکەدا.
کاروان رەسوڵ بەڕێوەبەری راگەیاندنی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی دەڵێت: ئامانج لەم کۆنفرانسە ناساندنی دنیابینی سەرۆک جەلال تاڵەبانییە لە بواری بەڕێوەبردن و سەرکردایەتیکردندا، هەروەها خستنەڕوو و ناساندنێکی گشتگیر و هەمەلایەنەی کەسێتیی سیاسی، هزری، یاسایی و دبلۆماسی سەرۆک جەلال تاڵەبانی و گرنگیدان بە لێهاتوویی و کاریزماییەکەی لە چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکاندا، هاوکات تیشکخستنە سەر خەباتی ئاشتیخوازانەی و دید و تێڕوانینی بۆ پڕۆسەی ئاشتی و پێکەوەژیان لە هەرێم و عیراق و ناوچەکەدا.
کارەکانی مام جەلال لە مێژووی ژیان و خەبات و کاری رێکخراوەیی و سیاسی لە بوارەکانی مافی مرۆڤ، دیپلۆماسی، رزگاربوونی کوردستان لە ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆری، دامەزراندنی حکومەتی هەرێم، پاشان رۆڵی لە بونیاتنانی عیراقێکی دیموکراسی و فیدراڵ و بوونی بە یەکەمین سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی عیراق، هەوڵە بێوچان و نەبڕاوەکانی بۆ یەکخستنی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانی عیراق و چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەکەدا و رۆڵە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی، هەموو ئەمانە هەڵگری ئەوەن قووڵ و ورد بەدواداچوونیان بۆ بکرێت و لە رێگەی توێژینەوەی زانستییەوە لەلایەن پسپۆڕەکانەوە شەن و کەو بکرێن.
کاتی وەرگرتنی توێژینەوەکان
ئێستا زانکۆی سلێمانی بە هاوئاهەنگی ژمارەیەک زانکۆی دیکە سەرقاڵی ئامادەکردنی چەندین توێژینەوەی زانستییە لەسەر لایەنە جیاجاکانی ژیان و کارەکانی مام جەلال و لە کۆنفرانسەکەدا دەخرێنەڕوو، د.محەمەد تاتانی سەرۆکی لیژنەی زانستیی كۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی سەرۆك جەلال تاڵەبانی بە کوردستانی نوێی راگەیاند: ئەو توێژینەوانەی پێشکەشی کۆنفرانسەکە دەکرێن زانستین و پێویستە توێژەرەکان بە لایەنی کەمەوە بڕوانامەی ماستەریان هەبێت، سەرجەم توێژینەوەکانیش بە پرۆسەیەکی هەڵسەنگاندنی زانستیدا تێپەڕدەبێت هەروەها هەموو توێژینەوەکان نوێن و دووبارەنین.
وتیشی: دوایین کات بۆ وەرگرتنی پوختەی توێژینەوەکان رۆژی 22/4/2025ە، دواکات بۆ ناردنی توێژینەوەکان بە تەواوکراوی رۆژی 1/8/2025ەو لە رۆژی 1/9/2025 توێژینەوە پەسەندکراوەکان رادەگەیەنرێت و ئامادەیە بۆ پێشکەشکردنی لە کۆنفرانسەکەدا.
تەوەرەکانی کۆنفرانسەکە
كۆنفرانسەكە (نۆ) تەوەری زانستی دەربارەی (ژیاننامە و كەسایەتیی سەرۆك مام جەلال، رەهەندی سیاسی و هزری و شۆڕشگێریی سەرۆك تاڵەبانی، رۆڵی لە چەسپاندن و سەروەری یاسا، رۆڵ و كاریگەری سیاسەتی سەرۆك مام جەلال لە گرنگیدان بە پرس و مافەكانی ژنان، كاریگەرییە ئەرێنییەكانی لەسەر سەقامگیری و هاوسەنگیی سیاسی لە هەرێمی كوردستان و عیراق، رۆڵی لە بواری پەروەردە و خوێندنی باڵا، رۆڵی لە بەدەستهێنان و دابینكردنی مافەكانی نەتەوەی كورد لە هەر چوار پارچەكەی كوردستان و مافی نەتەوەكانی تر و كەمایەتییەكان لە عیراقدا، رۆڵی لە رەوتی ئازادی رادەبڕین و مافی مرۆڤ و ئازادی میدیا و چاپەمەنی لە هەرێمی كوردستان و نەخش و جێدەستی لە بواری سیاسی و دبلۆماسیەتی گشتیدا) لەخۆدەگرێت.
د.محەمەد تاتانی دەڵێت: سەرجەم توێژینەوە پەسەندکراوەکان پێش کۆنفراسەکە دەکرێت بە کتێب و رۆژی بەستنی کۆنفرانس لە بەردەستی ئامادەبوواندا دەبێت، هەروەها هەریەک لە توێژینەوەکانیش لە پانێڵێکدا رۆژانی کۆنفرانس دەخرێنەڕوو.
بەستنی یەكەمین كۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی سەرۆك جەلال تاڵەبانی لە زانكۆی سلێمانی لە کاتێکدایە، لە ساڵیادی ژیانئاوایی سەرۆک مام جەلال، لە سێ ساڵی رابردوودا، کۆنفرانسی دیکە بەستراوە، ساڵی 2022 لە شاری هەولێر، ساڵی 2023 لە شاری بەغدا و ساڵی 2024 لە شاری کەرکوک، ئەوە جگە لە دیداری نیشتمانیی بۆ سەرۆک مام جەلال لە شاری نەجەف ساڵی 2023.