لە سلێمانی، نزیکەی 200 هەزار نەمام دەچێنرێت

11:31 - 2025-04-21
دیدار
124 جار خوێندراوەتەوە

چاوپێكەوتن: ئالان محەمەد جەزا 

بۆ زانینی پلان و بەرنامەی بەڕێوەبەرایەتی باخچەکانی سلێمانی بۆ بەهاری ئەمساڵ لە رووی سەوزكردن و نۆژەنكردنەوەی پارک و بلوارەکانی شار، بەهرۆز سالار بەڕێوەبەری باخچەكانی سلێمانی  دەربارەی پڕۆژە و كار و چالاكییەكانی بەڕێوەبەرایەتی  باخچەكان و پلانەكانیان بۆ ساڵی 2025، بۆ كوردستانی نوێ‌ وتی: 
ئێستا شەش باخچەمان لە سەوزكردن و جێبەجێكردندان كە لە رێی وەبەرهێن و كۆمپانیاكانەوە سەوز دەكرێن‌ و خزمەتیش دەكرێن كە ئەم شەش باخچەیە زیاتر لە 50 دۆنمن، یەكێكیان لە گەڕەكی كوردساتە  38،5 دۆنم و نیوە، یەكێكیان لە زەرگەتەیە و دووانیان لە گەڕەكی سێ‌ توانە، دووانیشیان لە گەڕەكی كازیوەیە، واتا ئەم باخچانە ئێستا لە جێبەجێكردنان و ئیشیان تێدا دەكرێت،‌ ئەمانە لە پلانی 2025 دایە و لەگەڵیشیدا پلانمان هەیە بۆ نۆژەنكردنەوەی هەندێك لە بلوارە گشتییەکان و بەشێك لە بلوارەكانی ناوشار، لەگەڵ تەواوبوونی نۆژەنكردنەوەی دەریاچەی پاركی ئازادی، هەروەها بەرهەمهێنانی زیاتر لە (250) هەزار نەمام و گوڵ لەساڵی 2025 دا. ساڵی پاری نزیكەی (150) هەزار نەماممان چاند، ئەم ساڵ پلانەكەمان ئەوەیە زیاتر لەو رێژەیە بچێنین کە نزیكەی (200) هەزار نەمام لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی باخچەكانی سلێمانیدا، هەڵمەتكانمان بەردەوام دەبێت بەدەر لەوەی ئامادەسازیی تەواومان كردووە بۆ وەرزی ئاودێریی ئەم ماوەیەش كاری باش كراوە لە بژاركردنی بلوار و شەقامەكاندا. 

 

بەهرۆز سالار بۆ کوردستانی نوێ  : 
ساڵی پار نزیكەی (150) هەزار نەماممان چاند، ئەم ساڵ پلانمانە زیاتر لەو رێژەیە بچێنین، کە نزیكەی (200) هەزار نەمام لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی باخچەكانی سلێمانی

 

 

 ئەو پڕۆژانەی لە ساڵی 2024 دا جێبەجێکراون
هاوکات ئەو بەڕێوەبەرە باسی لەو کار و پڕۆژانە کرد کە لە ساڵی 2024 جێبەجێکراون و وتی: ساڵی پار پڕ پڕۆژە و كار بوو بۆ سنوری سلێمانی، كە چەندین هەڵمەتی ناشتنی دارودرەخت و گوڵ  و چاكسازیی و دروستكردنی باخچەی نوێ‌ و نۆژەنكردنەوە کراوە، لەوانە (510) باخچە و (7) پاركی گەورە و (85) بلوار.
رووبەری سەوزایی لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی باخچەكانی سلێمانی لە ساڵی 2024 دا گەیشتووەتە (92,86 م) . نۆ باخچە و بلوار سەوزكراون، لە یەكتربڕی باخی بەختیاری (1400م2) سەوزكراوە، سەوزكردنی بلواری شەهید ئازاد هەورامی لەسەر رووبەری (11,400 م2) سەوزكردنی ئەندەرپاسی فاروق لــــــــــــەسەر رووبەری (2339م2)  یەكتربڕی ئارام لەسەر رووبــــــــــــــــــەری (3586م2) باخچەی چوارچرا لەسەر رووبــــــــــــەری (2500م2)  باخچەی ژێرپردی كۆبانی بە ڕووبەری (4682م2)، پێنج باخچەی بەردەم دەزگای پێشمەرگە بە ڕووبەری (1128م2)، بلواری دەروازی  تاسڵوجە كەڵەوانان لەسەر رووبەری (53217م2)، بەرزە پردی حەپسەخانی نەقیب. لەگەڵ ئەوانەشدا بەرهەمهێنانی نەمام و گوڵ لە ناو نەمامگەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی باخچەكان لە جۆرەكانی نەمام و گوڵ و دەوەن (135,510) نەمام و گوڵ بووە.

شەش باخچە لە سەوزكردن و جێبەجێكردندان

بابەتە پەیوەندیدارەکان