بەرزترین و قووڵترین دوو خاڵی سەر زەوی

11:56 - 2025-04-21
ژینگە
74 جار خوێندراوەتەوە

پرۆفیسۆری یەكەم د.جەزا تۆفیق تالیب 

گـۆی زەوی رووبەرەكەی خــــــــــۆی دەدات لــــــــــــــــــە (510,066,000 /كم2) و رووبەری ئاویی لــــــە زەریا و دەریاكاندا دەگاتە نزیكەی (361,672,000) كـــــــــــــــــە رێژەی 71 % لە رووبەری گـــــــــۆی زەوی پێكدەهێنێت. لەكاتێكدا رووبەری وشكانی 148,429,000كم2 دەبێـــــت و رێژەی 29 % لە رووبەری گۆی زەوی پێكدەهێنێت، ئەم رووبەرەی گۆی زەوی كە ژیانی مرۆڤی لەخۆگرتووە و تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت هەندێك دیاردەی سەر ئەم ئەستێرەیە بۆ مرۆڤ ئاشكرا نەبووە. ئێمە لێرەدا تیشك دەخەینە سەر دوو دیاردەی سەرەكیی و سەرنجڕاكێشی سەر رووی زەوی، لەسەر وشكانی و لەنێو قوڵایی ئاوی زەریاكاندا كە ئەوانیش بەرزترین لووتكەی بەرزاییە لەسەر وشكانی و قوڵترین خاڵی ناو ئاوی زەریاكانە.
*لووتكەی ئیڤێریست: ئەم لووتكەیە بە بەرزترین خاڵی وشكانی دادەنرێت لەسەر رووی زەوی و دەكەوێتە ناو زنجیرە چیاكانی هیمالایای نێوان چین و نیپاڵەوە و بەرزیی ئەم لووتكەیە دەگاتە 8,848م. ناونانی ئەم لوتكە بەرزە (ئیڤێریست) دەگەڕێتەوە بۆ (سێر جۆرج ئیڤێریست)ی بەریتانی كە لە ساڵی 1856دا ئەم لووتكە بەرزەی دۆزییەوە و ئیدی لەساڵی 1865 ەوە ئەوروپییەكان ناوی ئیڤێریستیان لەو لووتكە هەرە بەرزەی جیهان ناونا و بووە ناونیشانێكی هەرە دیاری ناو نەخشە و ئەتڵەسەكانی جوگرافیا لە جیهاندا و بۆ یەكەمینجار لە 29/5/1953 دا (ئیدمۆند هیلاری)ی نیوزلەندی و (تینزینگ نۆرگای) نیپاڵیی یەكەم دوو كەس بوون كە گەیشتنە لووتكەی ئیڤێریست.
*خەرەندی ماریانا: خەرەندی (خندق) ماریانا بە قوڵترین خاڵی سەر گۆی زەوی دادەنرێت لەناو ئاوی زەریادا، ئەم خاڵە دەكەوێتە خۆرئاوای زەریای هێمن و خۆرهەڵاتی فلیپینەوە و نزیك دورگەی گوامە و لە رووی سیاسییەوە دەكەوێتە ژێر دەسەڵاتی ئەمریكاوە و قوڵترین بەش لە خەرەندی ماریانا دەكەوێتە بەشی باشووری خەرەندەكەوە كە ناوچەیەكە بە (Challenger Deep) واتە ئاڵنگارێكی قووڵ دەناسرێت و بە قووڵترین خاڵی زەریاكان و گۆی زەوی دادەنرێت و قووڵاییەكەی دەگاتە 10,911م بەمەش قووڵترین خاڵی زەریاكان كە 10,911م قووڵاییەكەی زیاترە لە بەرزترین لووتكە، كە ئیڤێریستە 8,848م بەجیاوازی (2,063 م).
ناوی خەرەندی ماریانا و دورگەكانی ماریانا بەناوی شاژنە ماریانای شاژنی ئیسپانیاوە ناونراوە كە لەو كاتەدا ئەم ناوچانە بەشێكبوون لە ناوچە كۆلۆنیالییەكانی ئیسپانیا.
*پسپۆری جیۆسیاسی و ئاسایشی نەتەوەیی

بابەتە پەیوەندیدارەکان