توێکڵی مۆز فڕێ مەدەن!

10:43 - 2022-08-07
ژینگە
680 جار خوێندراوەتەوە

تارا شێخ عوسمان

مۆز میوەیەکی پەسەندە لای زۆربەی کەس، بۆ نموونە ئەڵمانییەکان زۆر حەزیان لە مۆزە و بەپێی ئامارێکی رەسمی، ساڵانە هەر تاکێکی ئەڵمانی نزیکەی ١٢ کیلۆ مۆز دەخوات.
لەگەڵ ئەو هەموو ئارەزوومەندەی مۆز، بەڵام کەمن ئەوانەی زانیارییان لەسەر ئەو میوەیە هەبێت و سوودەکانی توێکڵی مۆز بزانن، بەوەی توێکڵی مۆز(٣٠-٢٠%)ی کێشی هەموو مۆزەکە پێکدەهێنێت و دەوڵەمەندە بە ڤیتامینەکانی (B6-B12) و مەگنیسیۆم و پۆتاسیۆم و ریشاڵ، ئەم مادانەش بۆ کەمکردنەوەی خەمۆکی و مەترسی توشبوون بە شێرپەنجە گرنگن، بۆیە باشترە دوای زانینی سوودەکانی و بەکارهێنانە جیاوازەکانی دووجار بیربکەینەوە پاشان فڕێی بدەین  کە ئەمانەن:
 خواردنەوەی ئاوی توێکڵی مۆز
ئەگەر توێکڵی مۆز باش بشۆردرێتەوە و بکوڵێندرێت بڕێکی زۆر تریپتۆفانی تێدایە کە یارمەتی دەردانی هۆرمۆنی سیرۆتۆنین دەدات کە بەرپرسە لە دۆخی دڵخۆشی و باشکردنی مەزاج و خەمۆکی و دڵەڕاوکێ کەمدەکاتەوە بۆ ئەوانەش بەسوودە کە زوو زوو سکیان با دەکات و ئەوانەش سوودی لێدەبینن کە کێشەی کەمخەوییان هەیە، چونکە بە خەولێخەرێکی سروشتیی دادەنرێت، هەروەها دەتوانرێت بکرێت بە سموتی کە خواردنەوەی دڵخوازی گەنجەکانە، هەروەها بەهۆی ئەو کانزا گرنگانەی تێیدایە بۆ پێست بەسوودە و چارەسەرێکی سروشتییە بۆ زیپکەی رووخسار. هەروەها چارەسەرێکی گونجاویشە بۆ درەنگ خستنی نیشانەکانی پیری، جگە لە هەموو ئەوانەش یارمەتیدەرێکی باشە بۆ کەمکردنەوەی رادەی کۆلیسترۆڵی زیانبەخش لە خوێندا، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی مەترسیی نەخۆشییەکانی دڵ.
لە راپۆرتێکی واشنتۆن پۆستی ئەمریکیدا ئاماژە بەوە دراوە دەتوانرێت توێکڵی مۆز لە خۆراکە جۆربەجۆرەکاندا بەکاربهێنرێت و رێژە و بڕی ریشاڵەکان لە هەندێک خۆراکدا دەکاتە دوو هێندە، هەروەها تامێکی خۆشیش دەداتە هەندێک خواردن، لە هیندستان  جگە لەوەی توێکڵی مۆز وەک بەشێک لە داودەرمانە تامخۆشکەرەکان بەکاردەهێنرێت جۆرە ساندویچێکی ساردیش هەیە بە ناوی( پاراتا) کە بە توێکڵی مۆز ئامادە دەکرێت.
 ئاردی توێکڵە مۆز 
بەپێی هەندێک راپۆرت دەرکەوتووە ئەگەر توێکڵی مۆز وشکبکرێتەوە و بهاردڕێت، دەتوانرێت وەک ئارد بەکاربهێنرێت بۆ دروستکردنی هەندێک شیرینی تایبەت، هەرچەند ماوەیەکی زۆرە چەندین خواردنی ئامادەکراو و بنێشت هەیە کە بە تامی مۆز و لە هاڕدراوەی مۆز دروستکراوە، بەڵام تەکنیکی بەکارهێنانی ئاردی مۆز  گەشەی پێدراوە و چەندین کارگەی گەورەی جیهانیش  لە دوای کەمبوونەوەی گەنم و گرانبوونی نرخەکەی دەیانەوێت سوود لەو ئاردە وەرگرن و بیکەنە جێگرەوەی ئاردی گەنم، هەروەها هەندێک ناوچەش ئەو ئاردە لە دروستکردنی سۆسیجی مریشکدا بەکاردەهێنن.
سرکەی شیرینی مۆز
هەرچەندە دروستکردنی سرکەی مۆز کە سرکەیەکی تاڕادەیەک شیرینە کاتێکی زۆری پێدەچێت، بەڵام یەکێک لەو سرکە نایابانەیە کە بە توێکڵی مۆز دروست دەکرێت و تامێکی زۆر تایبەتی هەیە و لە هەندێک ناوچەش توێکڵی مۆز دەکرێتە دۆشاو و لە زۆر شوێنی تریش توێکڵی مۆز بۆ پیشاندنی هەندێک خواردن بەکاردەهێنرێت.
پەیین بە توێکڵی مۆز 
یەکێک لە تەکنیکەکان بۆ یارمەتیدانی گەشەی رووەک بریتییە لە بەکارهێنانی ئاوی توێکڵی مۆز یان هاڕدراوەی توێکڵی مۆزی وشککراوە، ئاوی توێکڵی مۆزیش بریتییە لەوەی توێکڵی مۆزەکە دەکرێتە ئاوەوە و پاش چەند سەعاتێک دەتوانرێت بکرێتە ژێر رووەکەکان، سوودی ئەو رێگەیەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو رێژە پۆتاسیۆمەی لە توێکڵی مۆزدایە و پۆتاسیۆمیش یارمەتی گەشەکردنی رووەک دەدات، لە هەندێک شوێنیش توێکڵی مۆز لەگەڵ رواندنی رووەکدا بەکاردەهێنرێن، هەروەها سوودێکی تری توێکڵی مۆز ئەوەیە مێرووە زیان بەخشەکان لە رووەک دووردەخاتەوە.
بۆ بریسکەدارکردنی کەلوپەلە کانزاییەکان
بەهۆی ئەوەی توێکڵی مۆز بڕێکی باشی ئەسیدی تێدایە، زۆر بەسوودە بۆ بریسکەدارکردنەوەی ئەو کەلوپەلە کانزاییانەی لە ماڵ و شوێنەکاندا هەیە، بە تایبەت کەلوپەلی لە زیو دروستکراو و ئێکسسوارەکانی وەک ملوانکە و ئەنگوستیلە و گوارە و بازن و دەستبەندەکان، شێوازی بەکارهێنانەکەشی برییتیە لە تێکەڵکردنی توێکڵی مۆز و ئاو و شێلانی لەناو ئامێری هەویر دروستکەر تا دەبێتە هەویرێکی یەکگرتوو و دواتر بدرێت لە کەلوپەلەکان و بۆ ماوەی چەند خولەکێک دابنرێت و پاشان بە ئاوی سارد بشۆردرێن و جوان وشک بکرێنەوە، بەم شێوەیە کەلوپەلە تەڵخەکان بریسکەدار دەبنەوە وەک ئەوەی تازەبن.

سەرچاوە: همشهری اونلاین، العربی الیوم

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان