شەهید موحسین سیاسی هەڤاڵێكی كۆمیتەی راپەڕین بوو

06:00 - 2025-04-21
کەلتور
14 جار خوێندراوەتەوە

حەیدەر مەنتك

مەگەر تەنها جەلادەكانی سەدامی فاشی بزانن رێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بەندیخانەی ئەبوغرێب چەند خۆڕاگر و قارەمان بوون، سەرەڕای قورسترین ئەشكەنجە و ئازار و لێدان، بەدەم سروود و دروشمەكانەوە یان لە سێدارە دەدران یان ئازاد دەكران، بەبێ‌ ئەوەی تەنانەت یەك وشەش بدركێنن، یان ناوی یەك هاوڕێی خۆیان ئاشكرا بكەن.
یەكێك لەو ئەندامە چالاك و كارایانەی رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان لە شاری هەولێردا كە شەو و رۆژی بۆ خەبات و تێكۆشان خستبووە سەریەك، شەهید موحسین سیاسی بوو.
شەهید موحسین، لە خانەوادە و بنەماڵەیەكی كوردپەروەر و دڵسۆزی نەتەوایەتیدا پەروەردە و گۆشكراوە.
 لەوبارەیەوە، هەڤاڵ وەرزێر خدر، هاوڕێی شەهید موحسین و كادر و پێشمەرگەی دێرین، وتی: شەهید موحسین یەكێك لە هاوڕێ‌ نزیكەكانم بوو، زۆر كات لەماڵی ئەوان كارەكانی رێكخستنمان ئەنجام دەدا و تاوتوێی ئیشەكانمان دەكرد، ئەو زیاتر لەناو خەڵكە رۆشنبیرەكە جموجۆڵ و چالاكیی رێكخستنی هەبوو، خۆی شیعری دەنووسی و لەگەڵ ئەدەبدا ئاشنایەتی باشی هەبوو، لە رووی سیاسیشەوە شارەزاییەكی زۆری هەبوو، بەتایبەتی لەبارەی ماركسیزمەوە خاوەن رۆشنبیرییەكی قووڵ بوو.
دواتر وتی: كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانی وەك رێكخراوی چینایەتی، لەنێو بۆتەی خەباتی نەتەوەیی یەكێتی دەناسی و زۆر شێڵگێرانە كاری بۆ بەدیهاتنی ئامانجەكانی دەكرد، ئەو ئەندامی كەرتێكی رێكخستن و هەڵسوڕاوێكی بەهێزی رێكخراوەیی بوو لەناو شاردا، كە ئەوكاتە من بەرپرسی كەرتەكە بووم، دوای چوونە دەرەوەم، شەهید ناسر شەیدا كرایە لێپرسراوی ئەوكەرتە كە سەر بە كۆمیتەی راپەڕین بوو و شەهید حەسەن كوێستانی لێپرسراوی كۆمیتەكە بوو.
وتیشی: چەند پارچە چەكێكمان لە شاخەوە بۆ ناردن و ئەوانیش زنجیرەیەك چالاكیی پێشمەرگانەیان لەناو شاردا پێ ئەنجامدا، دواتر بە هەندێك هۆكار و كەموكووڕیی، یەكێك لەو كارانە ئاشكرابوو و هاوڕێیان گیران، بەو هۆیەوە كەرتێكی تریش لەناو شاردا كە ئەبو خەڵەف لێپرسراوی بوو، كەوتنە بەر شاڵاوی گرتن و هەڵاتن بەرەو شاخ، هەر ئەوكاتە كەرتێكی دیكە لە كۆمیتەی (ئاگر) لە كەركوك ئاشكرابوو.
دوای دەستگیرکردنی هەڤاڵەكانمان، پێنجیان فەرمانی لە سێدارەدانیان بۆ دەرچوو، لەوانە: ناسر شەیدا، موحسین جەرجیس (موحسین ساسی)، خدر عیسا، محەمەد قادر، عەبدوڵڵا شێخە.
بەداخەوە، موحسین جەرجیس و هەڤاڵەكانی، رۆژی 28/10/1983 لە بەندیخانەی ئەبوغرێب، لە سێدارە دران.
ژیاننامەكەی
شەهید موحسین جەرجیس سۆفی فەقێ‌ ناسراو بە موحسین سیاسی، لە دایكبووی  ساڵی 1961ی هەولێرە،  تا قۆناغی یەكەمی پەیمانگە- بەشی كارگێڕیی
خوێندووە، ساڵی 1977 پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەکانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە، رۆژی 16/7/1981 دەستگیركرا و رۆژی 28/10/1983 لە بەندیخانەی ئەبوغرێب، لە گەڵ هەڤاڵەكانی لە سێدارە دران.
دوا پلەی، ئەندامی كەرتی رێكخستن بوو لە كۆمیتەی راپەڕینی ناوشاری هەولێر.

بابەتە پەیوەندیدارەکان