قوباد تاڵەبانی: پاپا فرانسیس رێزی لە ئاینییەکان دەگرت و دژی دەمارگیری و توندڕەویی ئایینی بوو

06:42 - 2025-04-21
جیهان
32 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی رایگەیاند کە کۆچی دوایی پاپا فرانسیس نەک تەنها بۆ مەسیحییەکان و شوێنکەوتووانی، بەڵکو بۆ هەموو جیهان هەواڵێکی ناخۆش بووە و وتیشی: پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی هەموو شوێنکەوتووانی لە هەموو جیهان دەکەم.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکرد کە بۆچوون و هەوڵە ئاشتیخوازانەکانی پاپا فرانسیس لای هەموو مرۆڤێکی ئاشتیخوازی جیهان بە هەر بیروباوڕێکەوە جێگەی ڕێز و پێزانینە، جەختیشی کردەوە کە پاپا رێزی لە هەموو ئایینەکان دەگرت و دژی هەموو جۆرە دەمارگیری و توندڕەوییەکی ئایینی بوو.

هەروەها وتیشی: "پاپا خوازیاری گفتوگۆی نێوان ئایینەکان و بە تایبەتیش ئیسلام و مەسیحی بوو و بەردەوام جەختی لە چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکانی جیهان لە رێگەی گفتوگۆ و چەسپاندنی ئاشتی و دادپەروەری دەکردەوە."

لە کۆتاییدا قوباد تاڵەبانی هیوای خواست کە ئاشتی و ئارامی و دادپەروەری، کە پاپا بەردەوام هەوڵی بۆ دەدا، باڵ بەسەر هەموو جیهاندا بکێشێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان