هۆشداریی لە کارەساتی ئەتۆمی دەدرێت

11:12 - 2022-08-08
جیهان
566 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم نیگەرانیی خۆی دەردەبڕێت لە بەرامبەر بۆردومانكردنی وێستگەی ئەتۆمیی زابۆریجیا لە ئۆكرانیا ‌و هۆشداریداوە لە روودانی كارەساتێكی ئەتۆمی.
رافایێل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە لە بۆردومانكردنی وێستگەی ئەتۆمیی زابۆریجیا، كە گەورەترین دامەزراوەی لەو جۆرەیە لە ئەوروپا ‌و رایگەیاندووە: بۆردومانی وێستگە ئەتۆمییەكە یەكێكە لە نوێترین ئەو راپۆرتانەی، بەردەوام نیگەرانییەكان زیاددەكەن. 
ئاماژەی بەوەشداوە: مەترسییەكی جدی لە روودانی كارەساتێكی ئەتۆمی دەكرێت، كە هەڕەشە لە تەندروستیی جیهان ‌و ژینگەی ئۆكرانیا ‌و دەرەوەشی دەكات.
روونیشیكردۆتەوە: بوونی ئاژانسەكەیان لە دابینكردنی پشتیوانیی تەكنیكی بۆ ئاسایش ‌و سەلامەتیی ئەتۆمی، زۆر گرنگە. وتیشی: لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا، ئامادەبووم سەرپەرشتیی ئەركی پسپۆڕانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بكەم، بۆ دەستەبەركردنی سەلامەتی ‌و ئاسایش ‌و ئامرازەكانی وێستگەی زابۆریجیا، بەڵام هۆكاری بەجێنەهێنانی ئەو ئەركە بۆ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ناگەڕێتەوە، بەڵكو دەرفەت نەدراوە.   
سەرەتای مانگی ئازاری رابردوو، سوپای روسیا وێستگەی ئەتۆمیی زابۆریجیای  كۆنترۆڵكرد، بەڵام تائێستاش وێستگەكە لەلایەن تەكنیككارانی ئۆكرانیاوە بەڕێوەدەبرێت، لەم چەند رۆژەی دواییشدا وێستگەكە بۆردومانكرا، ئەوەش مەترسیی رووداوێكی ئەتۆمیی گەورەی هێناوەتە ئاراوە. 


سەرچاوە: ئاژانسەکان

بابەتە پەیوەندیدارەکان