له‌باره‌ی هۆكاری نه‌خۆشییه‌كانی دڵ و جۆره‌كانی و به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژە‌کەی، له ئێستادا دكتۆر خاڵس قادر پزیشكی هه‌ناوی و ئیكۆی دڵ له دیدارێكی كورتدا له‌گه‌ڵ كوردستانی نوێ، ئاماژە به‌وه ده‌كات كه نه‌خۆشییه‌كانی دڵ، هەریەکە لە جه‌ڵته‌ی دڵ و مێشك و لوله‌كانی خوێن ده‌گرێته‌وه، هاوکات هۆكاریی سه‌ره‌كی مردنه له هه‌ولێر و هه‌رێمی کوردستان بە گشتی.
هه‌روه‌ها وتی: هۆكاری زۆری نه‌خۆشییه‌كانی دڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ زۆر خواردنی خۆراكی خێرا و زیاده‌ڕۆی له خواردنی شیرینی و چه‌وری و سوێری و وه‌رزش نه‌كردن و ته‌مبه‌ڵی و جگه‌ره‌كێشان و خواردنه‌وه‌ی مادده كحولییه‌كان و له‌گه‌ڵ پیسبوونی ژینگه و بۆماوه‌ی و هه‌وكردنی ڤایرۆشی هۆكاری توشبوونی نه‌خۆشییه‌كانی دڵه.
دكتۆر خاڵس وتیشی: نه‌خۆشییه‌كانی دڵ نیشانه‌ی ئاشكرای نییه، تا ئه‌و كاته‌ی ده‌رده‌كه‌ون ئه‌وانیش وه‌ك: ئازاری له‌ناكاوی سنگ له كاتی ماندووبووندا و پاشان گواستنه‌وه‌ی بۆ شان و قۆڵ، كه مه‌رجیش نییه هه‌موو ئازارێكی سنگ نه‌خۆشی دڵ بێت، هه‌روه‌ها ته‌نگه‌نه‌فه‌سی و دڵه‌كوته و زوو ماندووبوون و بێهێزی و هه‌ڵئاوسانی قاچه‌كان، كه له‌كاتی نه‌خۆشییه‌كانی دڵدا كه‌سه‌كه تووشی ده‌بێت.
جه‌ختیشیكرده‌وه: له‌ته‌مه‌نی یه‌ك رۆژەوه تا به ته‌مه‌نترین كه‌س مه‌رجه تووشی نه‌خۆشییه‌كانی دڵ ببێت به تایبه‌ت كه‌سه به‌ته‌مه‌نه‌كان، چونکە زیاتر توشی نه‌خۆشی دڵ ده‌بن، به‌ڵام ئێستا له هه‌رێم و جیهانیش به‌هۆی قه‌ڵه‌وی و فشاریی ده‌روونی و كێشانی نێرگه‌له و نه‌بوونی خه‌وێكی رێك له شه‌واندا نه‌خۆشییه‌كانی دڵ هێنده و نیو زیادیكردووه به‌تایبه‌ت له‌ناو گه‌نجاندا.
روونیشیكرده‌وه كه نیشانه‌كانی نه‌خۆشی لوله‌كانی خوێن و جه‌ڵته‌ی مێشك، به‌شێكن له نه‌خۆشییه‌كانی دڵ كه زیاتر سڕبوونی لایه‌كی جه‌سته و گێژبوون و سه‌رسوڕان و سه‌ر ئێشه و ئیفلیجبوون و تێكچونی هاوسه‌نگی له‌ش و قسه‌كردن، ئه‌مه‌ش به گوێره‌ی حاڵه‌تی نه‌خۆشییه‌كه ده‌گۆڕێت.
وتیشی: به‌پێی ئامارێكی رێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی نه‌خۆشییه‌كانی دڵ یه‌كێكه له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی مردن له ئێستادا كه ساڵانه 18 ملیۆن كه‌س له ته‌واوی جیهاندا به‌و هۆیه‌وه گیان له ده‌ست ده‌ده‌ن، كه له 13 % مردن پێكده‌هێنێت.
هه‌ولێر - ته‌ها عه‌بدوڵڵا