ئەگەر هیندستان ئاوی رووباری سند بگرێتەوە

10:58 - 2025-04-28
ڕاپۆرت
14 جار خوێندراوەتەوە
رووباری سند لە هیندستان

ئا: دڵان سامان

دوای ئەو هێرشە چەکدارییەی لە هەرێمی کشمیر-ی ژێر دەسەڵاتی هیندستان، کرایە سەر گەشتیاران و بە هۆیەوە 26 هاووڵاتی سڤیل کوژران و 17 کەسیش بریندار بوون، حکومەتی هیندستان رێکەوتنی ئاوی رووباری سند کە کشتوکاڵی پاکستان پشتی پێدەبەستێت هەڵپەسارد، هاوکات لەو بارەیەوە حکومەتی هیندستان رایگەیاند: هۆکاری هەڵپەساردنی رێکەوتنی دابەشکردنی ئاو لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا وەک سزادانێکە بۆ حکومەتی پاکستان لەپای ئەو هێرشانە، لە راپۆرتێکدا کە نیویۆرک تایمز بڵاویکردووەتەوە دەڵێت: ئەم رێوشوێنانە دەبێتە هۆی روودانی کارەسات لە کەرتی کشتوکاڵ و ئابووریی پاکستاندا.
رێکەوتننامەی (ئاوی رووباری سند) کە لە ساڵی 1960 لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا ئیمزا کرا، ئەگەر هیندستان هەڕەشەکانی جێبەجێ بکات ئەوا دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئاوی ئاودێریی بۆ کشتوکاڵ و بەکارهێنانی مرۆیی لە پاکستان، ئەمە لە کاتێکدایە چارەکی کەرتی ئابووری پاکستان پشت بە کشتوکاڵ دەبەستێت.
قەیرانێکی گەورەیە
کشانەوەی هیندستان لەو رێکەوتننامەیە، پاکستان دەخاتە قەیرانێکی گەورەوە، چونکە خۆی لە خۆیدا بەدەست وشکەساڵییەوە دەناڵێنێت و کەمیی ئاوی هەیە، جگە لە کارەساتە ژینگەییەکانی لەم چەند ساڵەی دواییدا لەو وڵاتە روویانداوە. هاوکات مانگی رابردوو دەستەی رێکخستنی ئاوی پاکستان هۆشداریی دابوو کە هەرێمەکانی بنجاب و سند کە دیارترین ناوچەی کشتوکاڵیین لەگەڵ کۆتایی وەرزی چاندنی ئەمساڵدا بە رێژەی 35 ٪ دووچاری کەمیی ئاو دەبنەوە.
هەروەها بارانی وەرزیی مەترسی زیاتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت، رەنگە هیندستان لە رووبارەکانی رۆژهەڵاتەوە بەبێ ئاگادارکردنەوە ئاوی زیاد بەربداتەوە، ئەوەش دەبێتە هۆی زریان و لافاو، بەو جۆرەش زەرەرمەندی یەکەم جووتیاران دەبن.
زیان بەر هیندستان دەکەوێت؟
شرۆڤەکاران دەڵێن: پێدەچێت بڕیارەکەی نارێندرا مودی سەرۆک وەزیرانی هیندستان لە ناوخۆدا پشتیوانی جەماوەریی بەدەستبهێنێت، لەکاتێکدا لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە رەنگە بە بەشێک لە پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتەی بزانرێت.
هەندێکی تریش پێیان وایە رەنگە پاکستان لەمە سوودمەند بێت بەوەی ئەو بابەتە وەک پرسێکی یاسای نێودەوڵەتی بخاتە بەرچاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
سەرچاوە: الشرق الاوسط

بابەتە پەیوەندیدارەکان