سەرۆکایەتیی کۆماری سوریا دژی دەستەواژەی فیدراڵییە و رۆژئاڤاش پێداگریی لەسەر دەکات

12:01 - 2025-04-28
جیهان
33 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکایەتیی کۆماری سوریا بەیاننامەیەکی لەبارەی بەکارهێنانی دەستەواژەی «فیدراڵی» لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە بڵاوکردەوە و پێیوایە دژبە ناوەڕۆکی رێککەوتنی نێوان ئەحمەد شەرع و هەسەدەیە و هەڕەشەیە بۆسەر یەکێتیی سوریا و یەکپارچەیی خاکەکەی. نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریش لە هەرێمی کوردستان دەڵێت «رێککەوتنەکە مانای ئەوەنییە، کە نەتەوەی خۆمان فەرامۆش بکەین و داوای مافەکانمان نەکەین».
سەرۆکایەتیی کۆماری سوریا لە رێی بەیاننامەیەکەوە دوپاتیکردۆتەوە، رێککەوتنی ئەمدواییەی نێوان ئەحمەد شەرع و فەرماندەیی هەسەدە، هەنگاوێکی پۆزەتیڤە بەئاراستەی هێنانەدیی ئارامی و کرانەوە بەڕووی چارەسەری گشتگیریی نیشتمانیدا، بەڵام جموجوڵ و لێدوانەکانی فەرماندەیی هەسەدە، کە داوای فیدراڵی و هێنانەکایەی واقیعێکی جیاواز دەکات لەوەی هەیە، بەشێوەیەکی ئاشکرا دژبە ناوەڕۆکی رێککەوتنەکەیانە و هەڕەشەیە بۆسەر یەكێتیی وڵات و یەکپارچەیی خاکەکەی.
هەروەها دووپاتیکردۆتەوە، کە راشکاوانە دژبە هەر هەوڵێکن بۆ سەپاندنی واقیعی دابەشکاری، یاخود دامەزراندنی قەوارەی جیاواز لەژێر ناوی فیدراڵی، یاخود بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بەبێ رێککەوتنی گشتگیری نیشتمانی.
لەبەرانبەر ئەو بەیاننامەیەدا، فەتحوڵڵا حوسێنی نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە هەرێمی کوردستان لەلێدوانێکدا بۆ کوردستانی نوێ جەختیکردەوە، بەستنی کۆنفرانسی یەکڕیزیی و یەکهەڵوێستیی کورد لە رۆژئاڤای کوردستان بۆ یەکخستنی دیدگای نەتەوەی کورد لە سوریا و دروستکردنی وەفدێکە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئیدارەی دیمەشق، واتە حکومەتی کاتیی سوریا بە سەرپەرشتیی ئەحمەد شەرع.
ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی سوریا وا دەزانێت، کە دەتوانێت حوکمی هەموو سوریا بکات، لەکاتێکدا تا ئێستا شێوازی حوکمڕانیی سوریا دیارینەکراوە. وتیشی؛ سوریا دوای 54 ساڵ لە دیکتاتۆرییەت رزگاری بوو، مەحاڵە میللەتەکانی سوریا و بەتایبەتی نەتەوەی کورد، دیکتاتۆرێکی تازە قبووڵ بکات.
هەروەها نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: رێککەوتنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەگەڵ ئەحمەد شەرع و حکومەتی دیمەشق مانای ئەوەنییە، کە نەتەوەی خۆمان فەرامۆش بکەین و داوای مافەکانمان نەکەین، داواکارییەکەشمان وەك نەتەوەی کورد ئەوەیە سوریای داهاتوو، حوکمێکی سیاسیی لامەرکەزیی بێت، مافی نەتەوەی کورد بپارێزرێت، دەبێت دان بە جوگرافیای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا بنرێت، کە هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانی پاراستووە و رووبەڕووی داعش بووەتەوە.
جەختی لەوەشکردەوە، داواکارییەکانی کوردی رۆژئاڤا نابێت لێکدانەوەی هەڵەی بۆ بکرێت، چونکە داواکارییەکان بۆ پارچە پارچەکردنی سوریا نییە، بەڵکو بۆ بەهێزکردنی سوریایە، تەنها کورد باس لە یەکپارچەیی خاکی سوریا دەکات، بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەن بۆ ئاشتیی و سەقامگیریی وڵات. وتیشی: دەبێت حکومەتی نوێی سوریا تێبگات کە دیفاکتۆیەکی گەورە هەیە بەناوی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و هێزەکانی سوریای دیموکرات و هاوئاهەنگییان لەگەڵ هێزی نێودەوڵەتی هەیە بە سەرپەرشتیی ئەمریکا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان