رۆژی جیهانی بۆ سەلامەتیی تەندروستی لە شوێنی کاردا

10:32 - 2025-04-29
ئابووری
9 جار خوێندراوەتەوە
سەلامەتی و تەندروستی، پێش هەموو شتێکە

            

پ. ی. د. دیاری ئیبراهیم تۆفیق                  رەهەند محەمەد عوسمان
 

رۆژی جیهانیی بۆ سەلامەتی و تەندروستی لە شوێنی کاردا، لە 28ی نیسانی هەموو ساڵێکدا بەڕێوەدەچێت، بۆ پەرەپێدانی خۆپاراستن لە رووداوە پیشەییەکان لە سەرتاسەری جیهاندا و بۆ ساڵی 2025 لە ژێر دروشمی (شۆڕش لە تەندروستی و سەلامەتیدا - رۆڵی AI و دیجیتاڵکردن لە شوێنی کاردا) دایە، ئەم رۆژە کەمپینێکی بەرزکردنەوەی هۆشیارییە، مەبەست لێی چڕکردنەوەی سەرنجی نێودەوڵەتییە لەسەر گەورەیی کێشەکە و دروستکردنی کەلتورێکی سەلامەتی و تەندروستە. 
ساڵی 2003 رێکخراوی نێودەوڵەتی کار (ILO)، دەستیکرد بە بەڕێوبردنی رۆژی جیهانی بۆ سەلامەتی و تەندروستی، بۆ جەختکردنەوە لەسەر خۆپاراستن لە رووداو و نەخۆشییەکان لە شوێنی کاردا، ئەم رۆژە لەلایەن رێکخراوی نێودەوڵەتی کارەوە دەستنیشان کراوە و هانی حکومەت و خاوەنکار و کرێکاران دەدات بۆ هاوکاریکردن لە دروستکردنی ژینگەیەکی کاردا کە تەندروستی و سەلامەتی کرێکار و کارمەندان پێش هەموو شتێک بێت. 
رێکخراوی نێودەوڵەتیی کار، مەزەندەی دەکات کە ساڵانە 2.34 ملیۆن کەس لە جیهاندا بەهۆی رووداو و نەخۆشییەکانی پەیوەست بە کارەوە دەمرن، لە کۆی ئەو ژمارەیەش مردنی 2.02 ملیۆن کەس پەیوەندی بە نەخۆشییە پیشەییەکانی پەیوەست بە کارەوە هەیە، دوایین خەمڵاندنەکانیش دەریدەخەن، کاتێ مردووان و نەخۆشانی پەیوەست بەکارەوە ئەژمار دەکرێن، بەشە گەورەکەی نەخۆشییەکان لەسەر ئاستی جیهان بەهۆی کار و پیشەوە دەگاتە %2.7 و زۆربەی ئامارەکانی ئەم دواییەش ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، کە هۆکارەکانی تووشبوون بەو نەخۆشییانە بریتین لە: ماددە گەردیلەییەکان، گازەکان، دووکەڵ و ژاوەژاو.

بۆچی 100 ساڵ لەمەوبەر کاردانەوەکان دەستییانپێکرد؟ 
پەرەسەندنی هۆشیاریی لە روودانی بەربڵاوی بریینداربوون و نەخۆشی و مردن لە شوێنی کاردا دەگەڕێتەوە بۆ شۆڕشی پیشەسازیی کە لە سەدەی هەژدە و نۆزدەهەمدا لە ئەوروپا و ئەمریکا روویدا. پیشەسازییکردن، هەڵکشانێکی گەورەی لە ئابووریی و لە رێکخستنی کۆمەڵگەکاندا بەدوای خۆیدا هێنا، شانبەشانی ئەم گۆڕانکارییانە، نیگەرانییەکانیش بۆ سەلامەتی و تەندروستی و خۆشگوزەرانیی کرێکاران لە گەشەکردندا بوون، بەرکەوتن بە تۆز و ریشاڵی کانزا، کانزا ژەهراویەکان، نموونەی ئەم نیگەرانییەن، دواتر لە دەیەکانی سەرەتای سەدەی بیستەمدا، کاردانەوەکان بۆ ئەم ئاستەنگانە دەستیانپێکرد و لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، چالاکوانە کۆمەڵایەتییە دیارەکانی وەک: پارێزەران، نوێنەرانی کار و پیشەسازییە رۆشنگەرەکان، لەگەڵ ئەو تۆڕانەی کە دروستیان کردبوو، وەکو کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی بۆ یاسادانانی کار، کە پێشتریش هەندێک سەرکەوتنیان بەدەستهێنابوو، ئەم جارەیان بە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کار کە سەلامەتی و تەندروستی تێیدا دیار بوو، رێکەوتننامەکانی بێرنی ساڵی 1906 هاتە ئاراوە.
رێکخراوی تەندروستی جیهانی و رێکخراوی نێودەوڵەتیی کار، لە خەمڵاندنە هاوبەشەکانیاندا بۆ نەخۆشی و برینداربوونی پەیوەست بە کارەوە، ئاماژەیان بەوە داوە کە لە ساڵی 2016دا، لە جیهاندا 1.9 ملیۆن کەس بەهۆی مەترسییە پیشەییەکانەوە گیانیان لەدەستداوە، ئەم ئامارە مەترسییدارە، دنیای بەرەو دانانی پێوەرێکی جیهانی برد سەبارەت بە مردن، بەهۆی نەخۆشییەکانی پەیوەست بە کارەوە.

سیاسەتی هاوچەرخ، بۆ دروستکردنی شوێنی کاری سەلامەتتر
رێکخراوی نێودەوڵەتیی کار (ILO) و رێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) ساڵانە دروشمێک بۆ رۆژی جیهانی سەلامەتی و تەندروستی لە شوێنی کار دادەنێن، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی جیهانی سەبارەت بە پرسەکانی تەندروستی و سەلامەتی شوێنی کار، ئەم بابەتانە بەوردیی هەڵدەبژێردرێن بۆ چارەسەرکردنی مەترسییە سەرهەڵداوەکان، ئاستەنگەییە دیارەکان لە تەندروستی و سەلامەتی پیشەییدا. 
زۆرجار هۆکارەکانی وەکو رەوتی جیهانی ئێستا، پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا، گۆڕانکارییە ئابوورییە کۆمەڵایەتییەکان و پێویستیی باشترکردنی هۆشیاری لە پیشەسازی یان ناوچە تایبەتەکاندا، کاریگەرییان لەسەر هەڵبژاردنی ئەم بابەتانە هەیە، بە هاوتەریبکردنی سەرنجی ئەم رۆژە لەگەڵ بابەتگەلی پەیوەندییدار، رێکخراوی کار و رێکخراوی تەندروستی جیهانی لەهەوڵدان بۆ پێشخستنی رێوشوێنی پێویست و هاندانی گفتوگۆ و دانان و بەهێزکردنی سیاسەتی هاوچەرخ، بۆ دروستکردنی شوێنی کاری سەلامەتتر و تەندروستتر لە سەرتاسەری جیهاندا.

شیکاریی پێشبینیکراو
ئێستا دروشمی رۆژی جیهانی سەلامەتی و تەندروستی لە شوێنی کاردا بۆ ساڵی 2025 بریتییە لە (شۆڕش لە تەندروستی و سەلامەتیدا - رۆڵی AI و دیجیتاڵکردن لە شوێنی کاردا). ئەم دروشمە، رۆشنایی دەخاتە سەر شێوازە نوێیەکانی کارکردن، وەکو ئۆتۆماتیکیکردنی ئەرکەکان، شیکاری داتا گەورەکان، سیستمی دیجیتاڵی زیرەک و بەڕێوەبردنی کرێکاران لە رێگەی (AI)وە، هەروەها دروشمی یەکێتیی کۆنفیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی سەندیکاکان بۆ رۆژی یادکردنەوەی کرێکاران بریتییە لە (کاریگەریی زیرەکیی دەستکرد (AI) و دیجیتاڵکردن لەسەر تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی) هەروەها جەخت دەکاتەوە لەسەر گرنگی و ئاستەنگەکانی ئەم تەکنەلۆژیایانە، لە چەشنی شیکاریی پێشبینیکراو بۆ رێگریکردن لە رووداوەکان و رۆبۆتیک بۆ کەمکردنەوەی بەرکەوتنی مرۆڤ بە ئەرکە مەترسیدارەکان، لە هەمان کاتدا باس لە نیگەرانییەکانی وەکو چاودێریکردنی کرێکاران، لایەنگری ئەلگۆریتم و کاڵبوونەوەی سنوورەکانی ژیانی کار دەکات. کەمپینەکە داوای گواستنەوەی دیجیتاڵی (مرۆڤ-سەنتەریی) دەکات، دڵنیابوون لەوەی کە تەکنەلۆژیا تەندروستی و سەلامەتی و شکۆی کرێکاران بەرز دەکاتەوە.
ئێستا کۆمەڵێک تەکنەلۆژیای نوێ سەریهەڵداوە کە لە بواری سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی دەکۆڵنەوە، لەوانە:
- رۆبۆتیکی پێشکەوتوو
- زیرەکی دەستکرد (AI) و فێربوونی ئامێر
- ئێسکەپەیکەری دەرەکی
- فڕۆکەی بێ سەرنشین (UAV)
- ئینتەرنێتی شتەکان (IoT)
- رێکخستنی کاری تێکەڵاو و کاری دوور
- تەکنەلۆژیای واقیعی مەجازی و زیادکراو.
ئەی ئای و ئۆتۆمەیشن لە شوێنی کاردا: (AI and Automation in the Workplace)
پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا نوێیەکان سوودی بەرچاو لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت بۆ بەرزکردنەوەی سەلامەتی کرێکاران و شوێنی کار. هەرچەندە ئەم داهێنانانە دەبێ بە وردیی دابڕێژرێن و چاودێرییەکی گونجاویان بۆ بکرێت بۆ رێگرییکردن لە مەترسییەکانی تەندروستی و سەلامەتی کار (WHS)ی نوێ یان زیادە.
ستراتیژەکانی تەندروستی و سەلامەتی کار لە ئوسترالیا، چوارچێوەیەک بۆ باشترکردنی (WHS) لە ماوەی دەیەی داهاتوودا فەراهەم دەکات کە چارەسەری پرسە سەرهەڵداوەکانی وەکو گەشەسەندنی یەکخستنی زیرەکیی دەستکرد و ئۆتۆماتیکیکردن لە شوێنی کاردا دەکات. لە کاتێکدا کە دیجیتاڵکردن و (AI) دەتوانن مەترسییە جەستەییەکان کەم بکەنەوە، جێبەجێکردنیان رەنگە ببێتە هۆی زیادبوونی مەترسییە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانیش، ئەم مەترسییانە زۆرجار لە کەمبوونەوەی کارلێکەکانی نێوان کەسەکان و چڕبوونەوەی باری کارەوە سەرهەڵدەدەن، کە ئەگەری هەیە کاریگەریی لەسەر رۆڵی کار و داینامیکی شوێنی کار هەبێت.

زانکۆی سلێمانیش لەو بوارەدا چالاکە
ئەوەی مایەی دڵخۆشییە ساڵانە لە زۆرێک لە زانکۆکان و بەتایبەتی زانکۆی سلێمانی بەمەبەستی بەشداریکردن لەم ئیڤێنتە نێودەڵەتییەدا، چالاکیی تایبەتی ئەنجامداوە، چ لە رێگەی ۆرکشۆپ و سیمنار و هەڵمەتی پاککردنەوە بێت، یاخود هۆشیارکردنەوە و هەڵواسینی دروشمەکانی سەلامەتی شوێنی کارکردن بێت، سەرەڕای ئەمانەش چەند رێکخراوێک لە کوردستان، تایبەت بە گرنگیدان بە سەلامەتی پێشەیی دامەزراون، هەروەها تۆمارکردنی داتا و زانیاری لەسەر رووداو و هۆکارەکانی رووداوەکان و ئاماری قوربانیان تۆمار دەکەن. 

سەرچاوە:
1- Nearly 3 million people die of work-related accidents and diseases | International- Labour Organization
2- Census of Fatal Occupational Injuries - 2023 
3- International Labour Office (ILO). 2019. Safety and Health at the Heart of the Future of Work: Building on 100 Years of Experience. Geneva: ILO.

*لێپرسراوی بەشی راهێنانی سەلامەتی لە سەنتەری توێژینەوە و پەرەپێدان لە زانکۆی سلێمانی.

رۆژی جیهانیی بۆ سەلامەتی و تەندروستی لە شوێنی کاردا

بابەتە پەیوەندیدارەکان