داوای دووسایدكردنی رێگەی کەلار - پەروێزخان دەكرێت

10:40 - 2025-04-29
ڕاپۆرت
29 جار خوێندراوەتەوە
خراپیی رێگەی کەلار- خاڵی سنووریی پەروێزخان مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان دروستکردووە

راپۆرتی/ ئارۆ سامان 

هاووڵاتیان، فەرمانبەران و كاسبكارانی خاڵی سنووریی پەروێزخان و ناحیەی قۆرەتوو، داوا دەكەن حكومەتی هەرێم و بەرپرسانی ناوچەكە رێگەی كەلار – خاڵی سنووریی پەروێزخان بكەنە دووساید.
گۆران محەمەد بازرگانێكی ناوچەكەیە بۆ كوردستانی نوێ وتی: رێگەی كەلار – پەروێزخان و خانەقین – پەروێزخان، گرنگیی خۆی هەیە، لەبەرئەوەی هەمووان دەزانن پەروێزخان خاڵێکی سنووریی گرنگی بازرگانییە، رۆژانە سەدان بارهەڵگر، تانكەر و ئۆتۆمبێلی دیکە بەو رێگەیەدا هاتوچۆ دەکەن.
 وتیشی:  بۆ گەشەپێدانی لایەنی بازرگانیش بێت، دەكرێت حكومەت بیر لەوە بكاتەوە ئەو رێگەیە بكرێتە دووساید و بە شێوەی ستاندارد رێكبخرێت، بۆئەوەی كاروبارەكان بە شێوەیەكی باشتر و رێكخراوتر بەڕێوە بچن.

دروستکردنی مەترسی 
هاوکات رێگەکە هاتوچۆی ژمارەیەک لە گوندنشینانی لەسەرە، خراپیی رێگەکە مەترسی لەسەر ژیانیان دروستکردووە.
حەمید كەریم هاووڵاتییەكی دانیشتووی گوندی قۆرەتووە وتی: ئێمە چەندین ساڵە مەڕ و ماڵات بەخێو دەكەین و بۆ لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانمان بەو رێگەیەدا هاتوچۆ دەکەین، گوشارێكی زۆر لەسەر رێگەکەیە، رۆژانە سەدان بارهەڵگر دێن و دەڕۆن، ئێمە هاتوچۆی پێدا دەكەین و سەردانی شار و گوندەكانی دیکە دەكەین، زۆریی چاڵ و خراپی رێگەکە وایکردووە مەترسی لەسەر ژیانمان دروست ببێت، هەرکەس شارەزای رێگەکە نەبێت زیانی پێدەگات.
خراپیی رێگەی خاڵی سنووری پەروێزخان کاسبکارانیشی بێزار کردووە، ئاری موراد گەنجێكە رۆژانە بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانی دەچێتە پەروێزخان، بۆ کوردستانی نوێ وتی: چەندین ساڵە لەم رێگەیەدا هاتوچۆ دەکەم، بەشێکی زۆری رێگەکە تێکچووە و چاڵی زۆری تێدایە، ناوە ناوە بەشێکی پینە دەکرێت، بەڵام هەر زوو خراپ دەبێتەوە و رێگەکە پێویستی بەوەیە هەمووی بە یەکجاری هەڵبکەنرێت و چاکبکرێت، ئەوکارە دەبێتە هۆی بوژانەوەی زیاتری بازرگانیی ناوچەکە.
وتیشی: بەهۆی خراپی رێگەکەوە ساڵانە چەندین رووداوی هاتوچۆ روودەدات و بەهۆیەوە هاووڵاتیان زیانیان پێدەگات و دەبنە قوربانی.

 

چەندین جار داوای دووسایدكردنی رێگەی كەلار –  خاڵی سنووریی پەروێزخان لەلایەنی بەرپرس کراوە، بەڵام جێبەجێ نەکراوە

 

وەڵامی لایەنی بەرپرس
رێگەی خاڵی سنووریی پەروێزخان تەنها رێگەیەکی بازرگانی نییە، بەڵکو رۆژانە ژمارەیەكی زۆر گەشتیار لە ئێرانەوە بۆ هەرێم و یاخود چوون بۆ ناوەڕاست و باشووری عیراق، هاتوچۆی پێدا دەکەن یاخود بە پێچەوانەوە.
سەردار محەمەد بەڕێوەبەری ناحیەی قۆرەتوو بە كوردستانی نوێی راگەیاند: چەندین جار داوای دووسایدكردنی رێگەی كەلار – خاڵی سنووریی پەروێزخانمان لەلایەنی بەرپرس کردووە، بەڵام جێبەجێ نەکراوە.
وتیشی: رۆژانە خۆمان هاتوچۆ بەسەر ئەو رێگەیەدا دەکەین، بەشی زۆریی رێگەکە بە كەڵك نایەت و كۆسپی گەورەی هاتوچۆی بۆ هاووڵاتیان دروستكردووە.
لە ماوەی رابردوودا رەزامەندی لەسەر دووسایدکردنی رێگەی نێوان گردەگۆزینە - چوارڕیانی ساڵح ئاغا دراوە، کە لەسەر بودجەی ساڵی 2024 دروست بکرێت، بەڵام هێشتا بودجەی بۆ تەرخان نەکراوە، بۆئەوەی دەست بە جێبەجێکردنی بکرێت.
هەروەها بەغدا رەزامەندیداوە رێگەی خانەقین بۆ چوارڕیانی ساڵح ئاغا بکرێت بە دووساید، بەڵام کاتی جێبەجێکردنەکەی دیارنییە.
بەڕێوەبەری ناحیەی قۆرەتوو دەڵێت: پێشنیاز دەكەین و هەوڵدەدەین لەمساڵدا دووبارە قسە لەگەڵ بەرپرسانی باڵا بكەین، بۆئەوەی ئەو پرۆژانەی بڕیاری لەسەر دراوە جێبەجێ بکرێن، هەروەها رەزامەندی لەسەر دووسایدکردنی رێگەی كەلار – خاڵی سنووریی پەروێزخان بدرێت و مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان، كاسبكاران و فەرمانبەران کەم بکەینەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان