راپۆرتی/ ئهیاز ههركی
مزگەوتی گەورەی ئامێدی و منارە سەرنجڕاكێشەكەی دەكەوێتە قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دھۆك، رێكخراوی یونسكۆ وەك شوێنەوارێکی مێژوویی ناساندویەتی، منارەی مزگەوتەکە درێژییەکەی 30 مەتر و تیرەکەی سێ مەترە، لەناو منارەکەدا نزیکەی 100 پلیکانه هەیە بۆ گەیشتن بە لوتکەکەی، لە سەردەمی کۆندا جگە لە بانگدان، بۆ ئاگادارکردنەوەی هاووڵاتیانی شارەکەش لە هێرشی داگیرکەران بەکارهێنراوە.
پ.د.فهرسهت مهرعی پسپۆڕی بواری مێژوو به كوردستانی نوێی راگهیاند: مێژووی دروستکردنی مزگەوتی گەورەی ئامێدی بۆ سەردەمی میر حسێن وەلی دەگەڕێتەوە، كه میرێکی بەناوبانگی میرنشینی بادینان بووە، هەروەها منارەی مزگەوتەکە بە شێوازێكی تایبهت دروستکراوە.
پێکهاتەی مزگەوتی گەورەی ئامێدی
لەناو مزگەوتی گەورەی ئامێدی خوێندنگەیەکی مێژوویی هەیە و تا ئەمڕۆ وهك خۆی ماوەتەوە، لە سەردەمی خۆیدا یەكێك بووە لە گەورەترین خوێندنگەكان لە ناوچەكەدا، ناوەندێکی گرنگی فێربوونی زانست و ئایینی ئیسلام بووه، گهلێك زانای ناودار و مەلای بەناوبانگی پێگەیاندووە له دهڤهری بادینان و ناوچەکەدا بە گشتی، لەناو خوێندنگەكەدا پەرتوكخانەیەك دروستكراوە كە چەندین پەرتوكی فیقهی تێدایە.
د.بێکەس بریڤکانی بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری پارێزگای دهۆک بە کوردستانی نوێی راگەیاند: منارەی مزگەوتی گەورەی ئامێدی یەکێکە لە هێما مێژووییەکانی میرنشینی بادینان و پارێزگای دهۆک و هەرێمی کوردستان بە گشتی، بە شێوازی تەلارسازیی پێشکەوتوو لە یەک جۆر بەرد و بە یەک رەنگ دروستکراوە.
رووبەری مزگەوتی گەورەی ئامێدی 2000 مەتر دووجایە، پێكدێت لە حەرەمێكی گەورە كە چەندین قوبەی تێدایە بە بەرد و قوڕ دروستكراون، حەرەمی مزگەوتەكە لە دوو بەش پێكدێت و شوێنی نوێژكردن بۆ بۆ ژنانیش دروستکراوە.
لە قهزای ئامێدی 357 پێگەی شوێنەواریی هەن، مزگەوتی گەورەی ئامێدی و منارە سەرنجڕاكێشەكەی یەکێکە لەوانە و لەلایەن رێکخراوی یونسکۆوە وەك شوێنەوارێکی مێژوویی ناسێنراوە
پاراستنی شوێنەوارە مێژوییەکان
بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری پارێزگای دهۆک وتیشی: منارەکە لە سەردەمی شۆڕشدا لەلایەن سوپای عیراقەوە چەند گولـلەهاوەنێکی بەرکەوتووە و زیانی پێگەیشت، بەڵام بە شێوەیەکی سەردەمیانە چاککراوەتەوە و پارێزراوە لەوەی بڕوخێت، ئێستا لە پلانماندایە منارەی مزگەوتەکە تازە بکەینەوە، بۆئەوەی بە شێوەیەکی باشتر ئەو شوێنەوارە مێژوییە بپارێزین.
لە قهزای ئامێدی 57 پێگەی شوێنەواریی رەسمی و 300 ناوچهی شوێنەواریی دیكهی ناڕەسمی هەن، هەندێکیان تازەکراونەتەوە وەک، پردی دەلال، دهرگای قەڵای ئامێدی، گۆڕستانی كۆنی ئامێدی و چەندینی دیکە.
لە قەزاکەدا بنکەی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار هەیە، بەڵام کەمیی ستافی بەڕێوەبردن و نەبوونی بودجەی پێویست گرفتن لە بەردەم کارەکانیاندا.