کاوە رەحمان
دوور لە جەنجاڵی ژیان و رۆتینی رۆژانەی دەوامی فەرمانگە، گەڕامەوە بۆ دنیای شیعر و ئەدەب. رۆژانە هەموومان سەرقاڵی بژێویی ژیانین، لەگەڵ ئەوەشدا عەوداڵی هەواڵی بەپەلەین، چی بووە چی روویداوە؟
لێرەوە دەتوانیین بڵێین: پێویستمان بەشیعرێک هەیە بە کەمترین و کورتترین ماوە مانا و مەبەستەکەیمان دەستکەوێ، لەگەڵ ئەوەشدا چێژبەخش بێت و هەست و سۆزمان ببزوێنێت و بیر و هۆشمان زرنگ بکاتەوە. شیعرێکمان دەوێت بمانباتەوە بۆ دنیای خەیاڵ و جوانی، بۆ گەشتکردن بە کوچە و کۆڵانەکانی هونەری شیعردا ئەویش شیعری(هایکۆ)یە. بۆ تێگەیشتن لە دونیای شیعری هایکۆ گەڕامەوە بۆ هاوڕێی بەرێزم (د. مەهدی فاتیح)، بەڕێزیان پسپۆڕی زمان و ئەدەبی کوردین لە زانکۆی سلیمانی. لەم رۆژانەدا هاوڕێی بەرێزم د.مەهدی فاتح، کتێبێکی پێشکەش کردم تایبەت بە شیعری هایکۆ، بەناوی (گرێی فەقیانەکەی دایکم)، زۆر سوپاسی دەکەم. جا ئەم کتيبەم خوێندنەوە بەراستی دانسقەیە، هیوادارم هەموو هاوڕێیان بە پێی توانا گەر بەردەستتان بکەوت بیخوێننەوە. داوتر چەند هایکۆیەکی دەخەینە بەر چاو. شیعری هایکۆ وەک دکتۆر مەهدی ئاماژەی پێدەکات لە پێشەکی کتێبەکەیدا، دەڵێت:
«هایکۆ ناسراوترین فۆرمی باوی شیعری زۆر کۆنی ژاپۆنە، کە لەناوەندە ئەدەبییەکانی جیهاندا ناسراوە. لەئەدەبی هەموو نەتەوەیەکدا شيعری کورت هەیە بەڵام هایکۆ کورترین شیعرە کە پابەندە بەفۆرم و قاڵبێکی زۆر رێکوپيک بەشێوی سێ کورتە دێری حەڤدە بڕگەیی (5/7/5)، هەر بۆ زانیارییشتان شاعیری ناوداری ژاپۆنی (ماستۆ باسهۆ) ئەمجۆرە شیعرەی داهێناوە».
لە شوێنکی دیدا دەنوسێت: «هایکۆ دەربڕینێکی خێرایە بەو واتایەی دەقێکە لە کات و شوێنکی دیاریکراودا و بێ دواکەوتن دەنووسرێت»
هێندە گرنگی لەلام،
هەرکات ناوت دەنووسم
بێ ویستی خۆم، خەت بەژێریدا دەهێنم
ــــــــــ
وەکو ئاویت،
نەڕەنگت هەس، نەتام وبۆن،
کەچی رۆژوومان دەشکێنی
ــــــــــ
ئەمڕۆ وتم: قوربانت بم
وتی: پەلەپەلی چیتە؟
دوای نوێژی جەژن قبووڵە
ـــــــ
نەوەک ئاڵا،
تەنوورەکەی تۆم دەشەکاند،
(گەر ـ با ـ بام)
ــــــــ
لوتکەی گومان،
نەک هەر مرۆڤ؛
(شوتی بەشەرت)
ــــــــــ
بە بێ دەریا،
پڕ لە
نەهەنگە؛
(وڵاتەکەم)
ـــــــــ
جوانترین ژمارەیە،
بۆ ماشینی کوردقڕان،
(هەشتی، هەشتی، هەشتا و هەشت)
کۆی شیعری هایکۆی ناو کتێبەکە دەگاتە 130 دەقی هایکۆ، وەک خۆی ئاماژەی بۆ دەکات یەکەم ئەزموونیەتی لەبڵاوکردنەوەی شیعری هایکۆدا.
لە لاپەڕە 45دا زۆر جوان باسی دایک و فەقیانە و بانگ دەکات و دەنووسێت:
باشترین بانکی دنیا بوو
بێ پاسۆرد و بێ ناسنامە؛
(گرێی فەقیانەکەی دایکم)
لێرەدا شاعیری هایکۆنووس، رابردووی کەلتور وداب ونەریت تێکەڵاوی سیستمی بانکی ئیستا و داهاتوو دەکات.