بۆ کۆچی دوایی سری سوورەیا ئۆندەر، سەرۆک بافڵ پرسەنامەیەکی بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:
لە دڵەوە نیگەران و غەمباربووم بە کۆچی دوایی بەڕێز سری سوورەیا ئۆندەر، ئەندامی وەفدی ئیمراڵی. بۆ ئەم خەمە قووڵە پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی کەسوکاری بەڕێزیان و پارتی دەم و هەموو ئەو تێکۆشەرانە دەکەم کە لە خەمی ئاشتی و چارەسەرکردنی کێشەی کورد دان بە دیالۆگ و گفتوگۆ.
سری سوورەیا ئۆندەر کەسایەتییەکی دیار و دڵسۆزی گەلی کورد بوو کە لە چەند قۆناغێکدا داکۆکیکاری راستەقینەی مافەکانی گەلەکەمان بوو، هەموو هەوڵێکی بۆ چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکان و سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی بوو لە باکووری کوردستان و تورکیا، لەدەستدانی بەڕێزیان جێگەی داخە و گەلی کورد دڵسۆز و خەمخۆرێکی راستەقینەی لەدەستدا.
لە خوای گەورە داواکارین رۆحی بەڕێز سری سوورەیا ئۆندەر بۆ هەمیشە شادبێت و ئارامی و سەبووری بە هەموولایەک ببەخشێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان