وەرگێڕان، هەم پەیامی دەقە و هەم زمان

11:23 - 2025-05-04
هەمەرەنگ
11 جار خوێندراوەتەوە

نووسەر و وەرگێڕ شەفیقی حاجی خدر ساڵی 1968 لە گوندی گرتك لە دۆڵی رۆستیی لە دەڤەری باڵەكایەتی لەدایكبووە و ساڵی 1988 بەكالۆریۆسی لە (یاسا) لە زانكۆی بەغدا وەرگرتووە و لە ساڵی 1997 تا 2012 لە ئەوروپا (هۆڵەندا و بەریتانیا) ژیاوە، لە پاڵ زمانی كوردی، زمانەكانی هۆڵەندی و ئینگلیزی و عەرەبی دەزانێت.   
لە ساڵی 1986 هەوڵی نووسینی داوە و تا ئێستا 30 كتێبی لە زمانەكانی هۆڵەندی و ئینگلیزی و عەرەبییەوە كردۆتە كوردی. 
شەفیقی حاجی خدر بە دوالاپەڕی وت: جیهانی نووسینی كوردی بەهۆی نەبوونی زمانێكی ستاندارد بۆ نووسین و نەبوونی رێنووس و فەرهەنگێكی یەكگرتوو، تووشی كێشە بووە، هەر بۆیە وەرگێڕان لە پاڵ پەیامی ناوەرۆكی دەق، پەیامی زمانیشی دەكەوێتە ئەستۆ، بەداخەوە مێژووی سەرهەڵدانی وەرگێڕان لای ئێمە وەك وڵاتانی پێشكەوتوو نەبووە، لای ئەوان گرنگی و پیرۆزی هەر بۆ واتا و پەیامی دەق بووە، نەك ئەو زمانەی پێی نووسراوە، كەچی لای ئێمە بە پێچەوانەوە، گرنگی و پیرۆزی دەق چەند بۆ ناوەرۆك بووە، ئەوەندەش بۆ ئەو زمانە بووە كە پێی نووسراوە، واتە هەم روخسار و هەم ناوەرۆك لای ئێمە گرنگ بووە. 
شەفیقی حاجی خدر سەبارەت بە دوایین وەرگێڕانی خۆی وتی: وەرگێڕانی كتێبی (ئاوەزنامە) لەو 30 كتێبەی كە تا ئێستا وەرمگێڕاون جیاوازترە، چونكە لەم وەرگێڕانەدا لایەنی پەروەردەیی چەقی بازنەكەیە، كتێبەكە گرنگی بە بەهای تاك و جڤات دەدات و لایان لێدەكاتەوە، ئەو شتەی لای ئێمەی كورد بەداخەوە كاڵ بۆتەوە، هیوادارم هیچ نەبێ ئەم كتێبە لای خوێنەر ئەو پرسە بوروژێنێتەوە، چونكە كاتێك بە بەهای باڵاوە پەروەردە بكرێ ئەوا بە باشی خۆی دەناسێ و رەفتارەكانی هەم بۆ خۆی و هەم بۆ كۆمەڵگەكەی دڵسۆزانە و بوێرانە دەبێت. 
سەبارەت بە كتێبی ئاوەزنامە وتیشی: هەرچەند كتێبەكە لەلایەن ئارۆن گاندی نەوەی ماهاتما گاندی نووسراوە، لەڕاستیدا تایبەت نییە بە گاندی و كەلتوری هیندییەوە، بەڵكو بۆ سەرجەم كۆمەڵگەی مرۆڤایەتییە، ئارۆن هەموو ئەو وانە و پەند و عیبرەتانەی كە لەماوەی دوو ساڵ ژیان لەگەڵ باپیری دەگێڕێتەوە، چۆن دەتوانرێ توڕەیی و هەستە نەرێنییەكان بە گشتی بكرێنە هێزێكی ئەرێنی كاریگەر بۆ گۆڕانكاری لە ژیان و وڵات بەڕێوەبردن و خوڵقاندنی ژیانێكی نوێ و جیاواز. 
ئاوەزنامە (11 وانە لە ماهاتما گاندیی باپیرمەوە) ئارۆن گاندی نووسیویەتی و شەفیقی حاجی خدر لە ئینگلیزییەوە كردوویەتی بە كوردی، فازل شەوڕۆ، شێرزاد حەسەن و د. محەمەد تەها حوسێن پێشەكییان بۆ نووسیوە. 
 جەواد حەیدەری 

بابەتە پەیوەندیدارەکان