پارێزگاری كەركوك، رایدەگەیەنێت: ئیدارەی خۆجێیی كەركوك، كاردەكات بۆ ئاشتكردنەوەی خەڵكی پارێزگاكە بەبێ جیاوازی، ئاماژە بەوەش دەكات كە ئیدارەی پێشوو زۆر بە خراپی بەكارهێنراوە و جیاوازییەكی زۆری كردووە و راستكردنەوەی كاریگەرییە خراپەكانیش كاتی پێویستە.
لەوبارەیەوە، رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: كار و پڕۆژەی زۆر باش بۆ تەواوی گەڕەك و كۆڵان و شوێنە گشتییەكان جێبەجێكراوە و هیچ جیاوازییەكیش نەكراوە، وتی: ئەو پرۆژانەشی كراون خزمەتگوزارییەكانن و ئەوانەن راستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیانی رۆژانەی هاووڵاتیانەوە هەیە لە نموونەی ئاو، كارەبا و كۆنكرێتی گەڕەك و كۆڵانەكان و پاككردنەوەی شار بەشێوەیەكی گشتی.
پارێزگار، وتیشی: دوای دەستبەكاربوونمان، وەكو ئیدارەی كەركوك كارمان لەسەر ئاشتكردنەوەی خەڵكی پارێزگاكە كرد، كارێكمان كردووە هەستی هاووڵاتیبوونمان لای خەڵكی رەسەنی پارێزگاكە، زیندووكردووەتەوە و سەرەتاش لەو گەڕەك و كۆڵانانەوە دەستمان پێكرد كە لە ئیدارەی پێشوودا بەدەستی ئەنقەست لە پڕۆژە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان بێبەشكرابوون.
سەبارەت بە پرۆژەكانیش، پارێزگار جەختیكردەوە ژمارەیەكی زۆر پرۆژە كە چەند دانەیەكیان پڕۆژەی ستراتیژیین، لە جێبەجێكردندان و هەڵمەتەكانی پاككردنەوەش بەردەوامن و پلان و بەرنامەكانیش بەوشێوەیەن كەركوك بكەینە نموونەی جوانی و پاكوخاوێنی.