ئا: لاپەڕەی ژنان
لە هەنگاوێکدا چالاکوانانی مافی مرۆڤ دەڵێن ماوەیەکی زۆرە دواکەوتووە، کوەیت هەڵوەشاندنەوەی بڕگەیەک لە یاسای وڵاتەکەی راگەیاند. ئەنجوومەنی وەزیرانی کوەیت پەسەندکردنی رەشنووسی فەرمانی یاسایی هەڵوەشاندنەوەی ماددەی 182ی یاسای سزادانی کوەیتی ژمارە 16ی ساڵی 1960ی راگەیاند، کە تێیدا هاتووە «ئەگەر رفێنەرێک بە مۆڵەتی سەرپەرشتیارەکەی بە یاسا هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو کچەدا بکات کە رفاندویەتی و سەرپەرشتیارەکە داوای سزادانی رفێنەرەکە نەکات، ئەوا هیچ سزایەکی بەسەردا ناسەپێندرێت».
ناسر ئەلسومەیت، وەزیری دادی کوەیت بە ئاژانسی هەواڵەکانی کوەیتی راگەیاند: بڕیارەکە لە پابەندبوونی کوەیتەوە سەرچاوە دەگرێت بۆ پاراستنی ماف و ئازادییەکان، چەسپاندنی بنەماکانی کەرامەتی مرۆڤایەتی کە لە یاسای ئیسلامییەوە سەرچاوەی گرتووە، هەروەها پابەندبوونە بە رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکان و رێککەوتننامەی نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاکاریی و پێشێلکارییەک لە دژی ژنان.
ئەلسومەیت لە زاری رۆژنامەی ئەلقەبەسی کوەیتییەوە بڵاویکردەوە، هەڵوەشاندنەوەی ئەو ماددەیە، چەند هۆکارێکی هەیە، گرنگترینیان ئەوەیە، فەتوای وەزارەتی کاروباری ئیسلامیمان وەرگرتووە کە تێیدا هاتووە ئەو ماددەیە پێشێلکردنی یاسا و شەریعەتە، هەروەها نادەستوورییە.
کوشتن لە ژێر ناوی پاراستنی شەرەف
هاوکات دیارترین ئەو هەموارکردنانە هەڵوەشاندنەوەی ماددەی 153ی یاسای سزادان بوو، کە بیانووی بە پیاو دەبەخشی بۆ سوککردنی سزاکەی لە تاوانی کوشتنی هاوسەرەکەی یان ژنێک لە خێزانەکەی بە «کوشتن لە ژێر ناوی پاراستنی شەرەف»، هەروەها بەرزکردنەوەی تەمەنی هاوسەرگیریی بۆ 18 ساڵ و هەموارکردنی دیکەی یاسایی لە دادگای خێزان و کەیسەکانی توندوتیژیی خێزانییدا.
واتا ئەو وڵاتە هەوڵەکانیان بۆ گۆڕینی یاسای باری کەسێتی و یاسای سزادان دەستپێکردووە، بۆئەوەی لەگەڵ یاسا و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی تایبەتن بە یەکسانی جێندەریی و پاراستنی مافی مرۆڤ خۆیان بگونجێنن، بۆ ئەو کارەش وەک وەزیری دادی کوەیت ئاماژەی پێداوە گەڕاونەتەوە بۆ شەریعەتی ئیسلامیی و دەستووری وڵات، بەڵام لە بەرامبەردا وڵاتێکی وەک عیراق کە چەندین ساڵە یاسای باری کەسێتی لەچاو وڵاتانی چواردەوردا تا رادەیەک پێشکەوتووە، لەمێژەیشە پاساوی کوشتن لەژێر ناوی شەرەفدا نەماوە و تاوانبار لە سزا رزگاری نابێت، بەڵام بە بیانووی گەڕانەوە بۆ شەریعەت و پشت بەستن بە مەزهەبی جەعفەری شیعە، دوای چەند مانگێک لە ململانێی یاسایی و سیاسی دادگای باری کەسێتیی عیراقی چەند دەیەیەک گەڕاندە دواوە، کە لە 17ی شوباتی 2025 دا کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، تێیدا هاتووە لەکاتی بەستنی گرێبەستی هاوسەرگیرییدا، هاوسەرەکان دەتوانن هەڵیبژێرن ئایا بە یاسای باری کەسێتی ساڵی 1959 زەواج دەکەن یان بەپێی حوکمی یاسا نوێیەکە گرێبەستەکەیان دەکەن، کە لەلایەن پیاوانی ئایینی جەعفەری شیعەوە ئامادە دەکرێت.لەو کاتەدا حوکمی هاوسەرگیری و جیابوونەوە و منداڵ و میرات لەلایەن ئەوانەوە رێکدەخرێت. هەروەها ئەو ژن و مێردە مافی ئەوەیان نییە دواتر هەڵبژاردەکەیان بگۆڕن. لە دەقی کۆتایی هەموارکردنەکەدا هاتووە کە کەمترین تەمەن بۆ هاوسەرگیری لە یاساکەدا نابێت لەگەڵ یاسای باری کەسێتیدا ناکۆک بێت. یاساکە تەمەنی یاسایی بۆ هاوسەرگیری بە 18 ساڵ داناوە یان 15 ساڵ بە مۆڵەتی دادوەر و بەپێی «توانای جەستەیی» منداڵەکە دیاریکردووە، بەڵام هێشتا لەگەڵ ستانداردە یاساییە نێودەوڵەتییەکاندا ناکۆکە کە کەمترین تەمەن بۆ هاوسەرگیری دەبێت 18 ساڵ بێت.
پێشێلکردنی مافی ژنان و کچان
وەک هیومان رایتس وۆچ لەو بارەیەوە رایگەیاندووە: هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی عیراق، پێشێلکردنی مافی ژنان و کچان بۆ یەکسانی لە بەردەم یاسادا دەخاتە مەترسی و پێشێلکاریی دیکەوە.
بەپێی یاسا نوێیەکە نەک هەر دادگاکانی باری کەسێتی لە عیراق، بەڵکو کۆمەڵگە دەبێت بە دوو بەشەوە و ئەوەش زیاتر مەسەلەکانی تایەفەگەری قووڵ دەکاتەوە. بەگوێرەی ئاماری سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت بۆ منداڵان (یونیسێف). 28 %ی کچان لە عیراق پێش تەمەنی 18 ساڵی شوویان کردووە، هەروەها هاوسەرگیریی منداڵان دەبێتە هۆی زیادبوونی مەترسی توندوتیژیی سێکسی و جەستەیی کە لە داهاتوودا دەرئەنجامە نێگەتیڤەکانی لەسەر تەندروستیی جەستەیی و دەروونی، هەروەها بێبەشبوون لە خوێندن و دامەزراندن دەردەکەون.
هیومان رایتس وۆچ ئاماژەی بەوەش داوە، چاککردنی یاسا هەموارکراوەکە بەڵگەیە بۆ بەهێزیی رێکخستن و داکۆکیکردن لەلایەن ژنانی عیراقەوە، بەڵام هێشتا یاساکە پێشێلکردنی مافی ژنان و کچانی تێدایە.
جگە لەوەی لەگەڵ یاسای نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ یەکناگرێتەوە، پێشێلکردنی مادەی 14ی دەستووری عیراقیشە کە دەڵێت: عیراقییەکان هەموو مافی یەکسانیان لە بەردەم یاسادا هەیە، بەڵام یاسا هەموارکراوەکە بە دروستکردنی سیستەمی یاسایی جیاواز بۆ مەزهەبە ئیسلامییە جیاوازەکان بنەمای یەکسانیی لەبەردەم یاسادا هەڵدەوەشێنێتەوە.
دواجار نازانرێت لە داهاتوودا چ یاسایەکی دیکە هەوڵی هەموارکردنەوەی دەدرێت تا لەگەڵ بەرژەوەندی مەزهەبەکاندا بگونجێنرێن، لە بەرامبەردا جگە لە کوەیت، وڵاتانی دیکەی عەرەبی چاکسازییان لە یاساکانی سزاداندا کردووە، لە نێو ئەو وڵاتانەدا میسر لە ساڵی 1999 دا مادەی 291 ی یاسای سزادانی هەڵوەشاندەوە، کە دەستدرێژیکاران لە سزا ببەخشێت، ئەگەر هاوسەرگیری لەگەڵ قوربانییەکەیدا بکات. هەروەها مەغریب، لە ساڵی 2014 دا بڕگەیەکی لە ماددەی 475 ی یاسای سزادان هەڵوەشاندەوە کە دەستدرێژیکاران یان رفێنەرانی کچانی خوار تەمەنی یاسایی لە لێپێچینەوە بەخشیبوو، ئەگەر رەزامەندییان دەربڕی لەسەر شووکردن پێیان. تونس و ئوردن و لوبنان لە ساڵی 2017 دا مادەی هاوشێوەیان هەڵوەشاندەوە و بەحرەینیش لە ساڵی 2023 هەمان هەنگاوی ناوە.
سەرچاوە: BBC ی عربی