بورهان ئەمین ئامادەی دەکات
سوریا بەمزووانە سەقامگیر نابێت!
هەفتەی رابردوو سوریا قۆناغێکی خوێناویی تری تێپەڕاند، زیاتر لە 100 هاووڵاتی سەربە تایفەی دروزەکان لە شەڕی بەرەنگابوونەوەی هێزەکانی ئەحمەد شەرعدا کوژران.
سەبارەت بەو رووداوە، بەشی ئەڵمانی BBC رایگەیاندووە: هۆکاری روودانی ئەو پێکدادانانە زۆرن، لەپێش هەموویانەوە، نەبوونی متمانەیە لەنێوان حکومەتی نوێی شەرع و نەتەوە و پێکهاتە و ئایینە جیاوازەکانی سوریا.
ئەوان دەیانەوێت سەربەرزانە بە تەواوی مافەکانیانەوە لەناو ئەو وڵاتەدا بژین، هەرچی میلیشیاکانی سەربە حکومەتەکەی شەرعیشە، خۆیان بە خاوەنی راستەقینەی «شۆڕش» و دەستکەوتەکانی دەزانن. جگەلەوەش تورکیا و وڵاتانی دیکەی دراوسێی سوریا و زلهێزە خاوەن بەرژەوەندییەکان لە ناوچەکە هەریەکەیان بەدوای بەرژەوەندیی خۆیاندا دەگەڕێن، بۆیە ململانێی نێوان ئەو وڵات و لایەنانە ناهێڵن ئەو وڵاتە بەزوویی ئارامیی و سەقامگیریی بەخۆیەوە ببینێت.
رووادوەکان پلان بۆ داڕێژراون
هەر لەوبارەیەشەوە رۆژنامەی موساڤاتی ئازەربایجانی پرسیاری ئەوە دەکات کە ئاخۆ کێ هۆکاری نائارامییە لە سوریادا؟. لەو رووەشەوە لە بابەتێکدا نووسیوێتی: «دەوترێت شەڕەکە لەسەر ئەوەیە کە گوایە دروزەکان سوکایەتییان بە ئیسلام کردووە، بەڵام لەڕاستیدا مەسەلەکە ئەوە نییە و لەوە دەچێت رووداوەکە پیلان بۆداڕێژراو بێت، ئەگەرنا دروزەکان خۆیان بە موسڵمان دەزانن و هەرگیز کاری لەو جۆرە ناکەن، ئەم جۆرە پاساوانەش رای گشتییان پێ چەواشە دەکرێت و توندڕەوەکان دەیانەوێت وڵاتەکە بۆ خۆیان پاوان بکەن.
ئەو پێکدادانانەش ئەوە نیشاندەدات کە ئێستا سەقامگیری لە سوریا لە رادە بەدەر ناسکە و تەنانەت بچووکترین تەشقەڵەش پێکدادانی خوێناویی لێدەکەوێتەوە.
هێزی ناوخۆیی و دەرەکی هەن کە دەیانەوێت ئاژاوەگێڕیی و شەڕی ناوخۆیی نوێ لە سوریادا رووبدات.
دادگاکانی تورکیا بوونەتە چەکێکی کوشندەی دژبە رۆژنامەنووسان
چەند ساڵێکە ئازادیی رۆژنامەنووسی لە تورکیا لە پاشکەشەی بەردەوامدایە، وەک میدیاکان هەمیشە باسی لێوەدەکەن، رۆژنامەنووسان بەرلەوەی دەستگیر بکرێن، لەلایەن دادگاکانەوە چاودێری دەکرێن و دیکۆمێنتیان لەسەر کۆدەکرێتەوە.
بەپێی راپۆرتی ساڵانەی رێکخراوی رۆژنامەنووسانی بیسنووریش، لە نێوان 180 وڵاتدا، تورکیا لە ریزبەندیی 165 –ەمیندایە بۆ نەبوونی ئازادیی میدیا و رۆژنامەنووسی، بەمەش واتە زۆر لەدواوەیە.
جگە لەوەش دەیان رۆژنامەنووس لەزینداندان و دەیانی دیکەش بەهۆی نووسین و راپۆرتەکانیانەوە لەکاری رۆژنامەنووسی سڕکراون و خراونەتە ژێر چاودێریی دەزگا ئەمنییەکانەوە.
ئەمانە هەمووی بە بڕیاری دادوەر و دادگاکانە و حکومەتی ئەو وڵاتە دادگاکانی کردووەتە دەسکەلای دەستی خۆی بۆ سەپاندنی سیاسەتەکانی.
لە 2024دا 124 رۆژنامەنووس کوژراون
هەر لەسەر رەوشی رۆژنامەنووسانیش لە جیهاندا، رۆژنامەی ئیندیپێندت کە لە دبلن دەردەچێت رایگەیاندووە: ساڵی رابردوو 124 رۆژنامەنووس کوژراون، ئەمەش زەنگێکی مەترسیدارە و پێشتر هەرگیز ژمارەکە ئەوەندە زۆر نەبووە، بۆیە دەبێت حکومەتەکان سنوورێکی بۆ دابنێن و زیاتر بەرامبەر میدیا و کاری رۆژنامەگەریی کراوە بن نەک ئازاریان بدەن.
لەبری ئاوەدانکردنەوە، کانزای ئۆکرانیا بۆ ئەمریکا
لەدوای وتووێژێکی دوور و درێژ، سەرەنجام دۆناڵد ترەمپ و زیلینسکی رێککەوتنێکیان ئیمزاکرد و بەو پێیەش ئەمریکا سندوقێک بۆ ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانەوەی ئۆکرانیا دروست دەکات و لەبەرامبەردا کانزا گرنگەکانی ناو خاکی ئەو وڵاتە بۆخۆی دەبات.
هەردوولا ئەو رێککەوتنە بە مێژوویی ناودەبەن و میدیاکانیش قسەی خۆیان لەسەری هەیە.
لەوبارەیەوە ئاژانسی هەواڵی ئۆکرانیا دەڵێت: «ئەگەر رێککەوتنەکە هیچ وردەکارییەکی شاراوەی تێدا نەبێت، ئەوا دەتوانێت پەرە بە گەشەسەندنی ئابووریی ئۆکرانیا بدات، هاوکات سوودی هەردوولای تێدایە. ئۆکرانییەکان جارێکی دیکە سەلماندیان کە دەزانن چۆن بەرگریی لە بەرژەوەندییەکانی خۆیان بکەن و مامەڵە لەگەڵ وڵاتێکی وەک ئەمریکادا بکەن، جگە لەوەش رێککەوتنەکە دەروازەیەک بۆ ئۆکرانیا دەکاتەوە، ئەویش ئاسۆی کڕینی زیاتری چەکە».
لەسایەی ئەمریکادا، ئۆکرانیا پارێزراو نابێت
بەپێچەوانەی ئەو دیدەوە، رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی نووسیوویەتی: «ئەوەی جێگەی سەرنجە لەو رێککەوتنەدا هیچ گەرەنتی و پارێزبەندییەک بۆ ئۆکرانیا نییە، بوونی کۆمپانیا و کارمەند و بازرگانانی ئەمریکایی لەوێ، مانای پارێزراویی ئەو وڵاتە نییە لە دەستدرێژییەکانی روسیا و لە هیچ بەند و بڕگەیەکدا باسی سەلامەتیی ئۆکرانیا نەکراوە.
هەروەها گەرەنتییەکی ئەمنی بۆ هێزەکانی ئاشتیپارێزی ئەوروپاییش لە ئارادا نییە، تەنها ئەوە نەبێت کە مەترسیی لەسەر ئەندامێتیی ئۆکرانیا لە یەکێتیی ئەوروپادا نییە.
هاوسەنگیی دوو زلهێزەکەیە
پێگەی هەواڵی ئویست فرانس-یش لە پاریسەوە دەڵێت قازانجی ئەمریکا لەوەدایە کە گەڕاندنەوەی قەرزەکانی سەر ئۆکرانیای بۆخۆی مسۆگەر کرد، سوودەکەی ئۆکرانیاش ئەوەیە کە ئەمریکا ئێستا وەبەرهێنانی لەو وڵاتەدا هەیە بۆ بەرژوەندییەکانی خۆی و دەبێت تا ماوەیەکی درێژ بەرگریی لێبکات. رێککەوتنەکە هاوسەنگیی تەرازووی نێوان مۆسکۆ و کیێڤە.
ئاستی مەترسیداریی پەیوەندییەکانی هیندستان و پاکستان
دوای ئەو هێرشەی کە لەلایەن گروپێکی توندڕەوەوە کرایە سەر گەشتیاران لە کشمیر-ی بەشی هیندستان، دۆخی نێوان ئەو دوو وڵاتە بەرەو خراپی چووە، نیودەلهی رێککەوتنی بەکارهێنانی ئاوی بۆ رووباری هیندۆس هەڵوەشاندەوە و پاکستانییەکانی لەو وڵاتە دەرکرد و ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی گەشتەکانی ئەو وڵاتە دراوسێیەوە داخست.
بەپێی رۆژنامەی داونی پاکستانی، سەرۆک وەزیرانی کشمیری بەری وڵاتەکەیان داوای لەو هاووڵاتیانە کردووە کە پاش دوو سێ مانگ ئازووقە و خواردەمەنی ئەمبار بکەن وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەگەری جەنگ و سەختی گەیشتنی خۆراک بەو ناوچانە.
هیندستان مەبەستی جەنگە
گرژییەکان تادێت زیاتر دەبن، لەوبارەیەشەوە فایناشناڵ تایمزی بەریتانی نووسیویەتی: «ئەگەر هیندستان بڕیاری دابێت هێرش بکاتە سەر پاکستان، ئەوا پێویستە هێرشەکان بۆ سەر بارەگای تیرۆریستییەکان بێت نەک سوپای پاکستان، چونکە حکومەتی پاکستان خۆی لەو رووداوە بێبەریی کردووە. زانیاریی ئەوەش هەیە کە هیندستان بەوە زۆر قەڵس بووە کە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بڕی 1.3 ملیار دۆلاری وەک قەرز داوە بە پاکستان، پاساوی ئەوەش جەنگ نییە و نابێت ئەو دوو بابەتە تێکەڵ بکرێت.
ئەڵمانیا نازییە نوێیەکان کۆنترۆڵ دەکات
لە دوو رۆژی رابردوودا، دەزگای هەواڵگریی ئەڵمانیا پارتی «AFD»جێگرەوە بۆ ئەڵمانیای وەکو گروپێکی راستڕەوی توندڕە و ناساند. ئەمەش دەسەڵاتێکی زیاتر دەداتە دەزگا ئەمنییەکان بۆ چاودێریکردنی پارتەکە. ئەمە پێشهاتێکی نوێیە و لە نێوەندی سیاسی و میدیاییدا قسەی زۆری لەسەر دەکرێت.
لەوبارەیەوە رۆژنامەی ئاوگسبۆرگە ئەلگێماینە نووسیویەتی: لە دوای 80 ساڵ لە کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی نازییەکان، دەزگای پاراستنی دەستوور گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی ئەڵمانیا بە توندڕەوی راستڕەو پۆلێن دەکات، ئەمەش مانای ئەوە نییە کە بڕیارەکە راست و دروستە، بەڵام کۆمەڵگە و نێوەندی سیاسی، پیویستی بە بڕیارێکی لەو جۆرەیە تا وڵاتەکە نەگەڕێتەوە بەرەو دواوە و دیموکراسی لە گەورەترین وڵاتی ئەوروپادا پێشتر بکەوێت.
لە بەریتانیاش راستڕەوەکان سەرکەوتنیان بەدەستهێنا
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی بەریتانیادا پارتی گەلپەرستی نایجل فاراج سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە و رۆژنامەی دەیلی تەلەگرافیش لەسەر ئەو بابەتە دەڵێت: ئەو هەڵبژاردنە بۆ پارتی پاریزگاران شکستی گەورە بوو، چونکە ریزبەندیی چوارەم و پارتی راستڕەو هاتە پلەی یەکەم. بەوەش تەنها چەند خاڵێک لەپێش سەوزەکانەوەن و ئەو ئەنجامەش گورزێکی کوشندەترە بۆ پارتی کرێکاران.
سەرۆک وەزیران ستارمەر کە لە هەڵبژاردنی ساڵی رابردوودا براوەی یەکەم بوو، ئەمجارە لەوێ دۆڕاندوویەتی، ئەمەش هۆکاری تایبەتی هەیە و جەماوەرەکەی تۆڵەی ئەو سیاسەتە چەوتەیان لێکردەوە کە ساڵی رابردوو گرتیەبەر سەبارەت بە بەرنامەی ئابووری و باجی زۆر و بژێویی کۆمەڵگەکەی.