ئامادەکردنی: دیجیتاڵ میدیای کوردستانی نوێ
دوای هێرشە چەکدارییەکەی ٢٢ی نیسانی ٢٠٢٥ لە کشمیر و کوژرانی ٢٦ کەس، گرژییەکانی نێوان هندستان و پاکستان جارێکی تر پەرەیانسەند.
لەم نێوەندەدا، چین وەک زلهێزێکی ناوچەیی خۆی لە دۆخێکی ئاڵۆزدا دەبینێتەوە، هەوڵدەدات هاوسەنگی لە نێوان پشتیوانیکردنی پاکستانی هاوپەیمانی ستراتیژی و بەڕێوەبردنی پەیوەندییە ئاڵۆزەکەی لەگەڵ هندستاندا رابگرێت.
پەکین داوای دانبەخۆداگرتن و گفتوگۆ دەکات بۆ چارەسەری کێشەکان، بەڵام چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی چین، وەک پرۆژەی گەورەی "رێڕەوی ئابووری چین-پاکستان" (CPEC) کە بە کشمیردا تێدەپەڕێت، وای لێدەکات بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ مەیلی بەلای پشتیوانیکردنی پاکستاندا هەبێت.
وەزیری دەرەوەی چین جەختی لە پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ "پاراستنی سەروەری و بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی" پاکستان کردۆتەوە، کە وەک "ئاگادارکردنەوەیەک بۆ هندستان" لێکدەدرێتەوە.
پەیوەندیی ئاڵۆزی چین و هندستان، کە ناکۆکی سنووری درێژخایەن و کێبڕکێی جیۆپۆلەتیکی لەخۆدەگرێت، کاریگەری لەسەر هەڵوێستی چین هەیە. لە هەمان کاتدا، نزیکبوونەوەی ئەمریکا و هندستان و پشتیوانی واشنتۆن بۆ نیودەلهی لە چوارچێوەی هاوپەیمانی "کواد" بۆ رووبەڕووبوونەوەی چین، زیاتر باری چین قورس دەکات و هانیدەدات بۆ پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکانی لەگەڵ پاکستان.
هەرچەندە چین خۆی وەک لایەنێکی بەرپرسیار نیشان دەدات کە داوای ئارامی دەکات، بەڵام بەهۆی هاوپەیمانێتی قووڵی لەگەڵ ئیسلام ئاباد و پشتیوانیی ئەمریکا لە هندستان، ئەگەری رۆڵگێڕانی وەک نێوەندگیرێکی بێلایەن لەم قەیرانەدا زۆر کەمە، بەتایبەت کە هندستان متمانەی بە بێلایەنیی چین نییە.
دۆخەکە جەمسەرگیری ناوچەیی زیاتر دەکات و چین ناچار دەکات بە وریاییەوە هەنگاو بنێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی و هاوکات خۆ بەدوورگرتن لە ئاڵۆزی زیاتر.
سەرچاوە: ئەلجەزیرە