یەكێتیی تۆپی سەرمێزی عیراق، لە پەیجی خۆی لە فەیس بوك، رۆژی 1/5 سوپاس و ستایشێكی تایبەتی بۆ یاریزانی لاوی یانەی سلێمانی ئەندیا كارزان محەمەد بڵاو كردۆتەوە.
سوپاسنامە و ستایشەکەی یەکێتیی ناوبراو، سەبارەت بەو ئەنجامە باشەی ئەم یاریزانە لاوە دێت کە بەم دواییە لە پاڵەوانێتیی (WTT) دا بەدەستیهێناوە، لەبەر ئەوەی پاڵەوانێتییەكی جیهانیی گرنگ بووە لە تایلەند کراوە، تیایدا ئەندیا ئەنجامێکی زۆر باشی بەدەستیهێناوە و میدالێكی زیو و پلەی دووەمی بۆ عیراق بردۆتەوە.
وەك لەو ستایش و سوپاس نامەیەی یەكێتیی تۆپی سەرمێزی عیراقدا هاتووە، لەو پاڵەوانێتییەدا زیاتر لە 25 وڵاتی ئاسیا و ئەوروپا و ئەمریكا و ئەفریقا بەشدارییان كرد، ئەندیا لە یاریی پێش كۆتاییدا و لە تەمەنی خۆیدا، توانی لە یاریزانێكی مالیزیا بباتەوە و بۆ یاریی كۆتایی سەركەوت، دواتر لە یاریی كۆتاییدا 2-3 بە پاڵەوانێكی سەنگافورەی دۆڕاندووە و میدالی زیو و پلەی دووەمی ئاستی خۆی گرتووە.
ئەم ئەنجامەش بۆ یاریزانێکی لاوی عیراق زۆر دەگمەنە، بەتایبەتیش وڵاتە بەشدارەکان، لەو وڵاتانە بوون ک زۆر لەم یارییەدا پێشکەوتوون.
لە كۆتایی ئەو ستایشنامەیەدا، یەكێتیی تۆپی سەرمێزی عیراق هیوای سەركەوتن و بەردەوامی بۆ ئەندیا خواستووە و هیوادارە لە ئایندەدا زیاتر ناو ناوبانگی عیراق لەو بۆنە نێو دەوڵەتییانەدا بەرزبكاتەوە، شایانی باسە ئەندیا كوڕی یاریزانی ناوداری كوردستان و عیراق و یانەی سلێمانی كارزان محەمەدە كە ئەمیش خزمەتێكی بەرچاوی ئەم وەرزشەی كردووە و تائێستاش بەردەوامە.