حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كه به‌سه‌رۆكایه‌تی وەفدێکی وه‌زاری له یه‌ریڤانی پایته‌ختی ئه‌رمینیایه، ئه‌مڕۆ له دووه‌م رۆژی سەردانەكه‌ندا، سه‌ردانی مۆزه‌خانه‌ی نیشتمانی ئه‌رمینیای كرد و په‌رستگه‌یه‌كی دێرینی ئێزدییه‌كانی به‌سه‌ركرده‌وه و بڕیاریشی دا، ژماره‌یه‌ك ده‌ستنووسی كورد دوای ساغكردنه‌وه‌یان له سه‌ر ئه‌ركی وه‌زاره‌ت چاپ بكرێن.
سەرلەبەیانی رۆژی دووەمی سەردانەکەیان، وەزیری رۆشنبیری سه‌ردانی مۆزه‌خانه‌ی نیشتمانیان کرد و له لایه‌ن دایڤید بۆغۆسیان، به‌ڕێوبه‌ری مۆزه‌خانه‌ی مێژوویی ئه‌رمینیا پێشوازیان لێكرا.
دواتر سه‌ردانی گه‌له‌ری نیشتمانی ئه‌رمینیایان كرد و له لایه‌ن خاتوو مارینا هاكۆبیان پێشوازییان لێكرا و به‌شه‌كانی گه‌له‌رییه‌كه‌یان به‌سه‌ركرده‌وە.
هەروەها وەفدی وه‌زاره‌ت سه‌ردانی په‌یمانگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی ده‌ستنووسه كۆنه‌كانی ئه‌رمینیای كرد و له لایه‌ن ڤاهان گیڤۆندیان
پێشوازیان لێكرا.
دوای به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی به‌شه‌كانی په‌یمانگه‌كه، شاره‌زا و كوردناسی ئه‌رمه‌نی د. گۆڕ، له سیمینارێكدا ورده‌كاری له باره‌ی پێنج ده‌ستنووسی كوردی پێشكه‌شكرد، كه به ئه‌لفابێتی ئه‌رمه‌نی نووسراونه‌ته‌وه و په‌یمانگه‌كه ساغیان ده‌كاته‌وه و وه‌رده‌گێڕدرێن بۆ زمانی ئینگلیزی.
وه‌زیری رۆشنبیری به‌ڵێنی دا، دوای ساغكردنه‌وه و وه‌رگێڕانی ده‌ستنووسه كوردییه‌كان، ئه‌ركی له چاپدانیان بگرێته ئه‌ستۆ.
هەر لە دووەم رۆژی سەردانەکەدا بۆ ئەرمینیا، حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری رۆشنبیری و لاوان کۆبوونەوەیەکی گرنگی لەگەڵ وه‌زیری په‌روه‌رده و زانست و خوێندنی باڵا و كولتووری ئه‌رمینیا سازکرد.
لایه‌نی ئه‌رمینیا په‌رۆشی خۆیان بۆ كاری هاوبه‌ش ده‌ربڕی و سوپاسی وەفده‌كه‌یان كرد، كه سه‌ردانی مۆنۆمێنتی جینۆسایدی ئه‌رمه‌نیان كردووه.
له به‌رامبه‌ردا، وه‌زیری رۆشنبیری و لاوان به‌گرنگییه‌وه باسی له په‌یوه‌ندی كەلتووریی نێوان گه‌لان كرد و هاوتا ئه‌رمه‌نییه‌كه‌ی بانگهێشت كرد بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ردانی هه‌ولێری پایته‌خت بكات، هەروەها داوای‌کرد حکومەتی ئەرمینیا گرنگی بەبەشی کوردی رادیۆی یەریڤان و رۆژنامەی رێیا تازە بدەن.
دواتریش وەفدەکە سه‌ردانی هه‌رێمی "ئارمیڤان"یان كرد و په‌رستگه‌ی "زیاره‌ت"ی ئێزدییانی ئه‌رمینیایان به‌سه‌ركرده‌وه.