غریب علی سلیم*
گەشتیاری پەیامێکی شارستانی و پردی پەیوەندی نێوان گەلانی جیهانە، کە رەنگدانەوەی گەشەسەندنی کۆمەڵگە و بەرزبوونەوەی ئاستی بژێوی ژیانیانە، کاریگەری گەورەی لەسەر ئابووریی نیشتمانی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان هەیە، تا ئەو رادەیەی کە هەندێک بە پیشەسازی سەدەی بیست و یەک ناویان بردووە.
ئەوەی لەم بابەتەدا دەمانەوێت قسەی لەسەر بکەین (هۆشیاریی گەشتیارییە) کە پایەیەکی بنەڕەتییە بۆ پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری و پێویستییەکی بەپەلە و حەتمییە بۆ هەموو ئەندامان و نەوەکانی کۆمەڵگە چونکە نوێنەرایەتی ئامرازێکی کاریگەر دەکات کە سوودە خوازراوەکان لە چالاکیی گەشتیارییەوە بەدەست دەهێنێت و بەشدارییەکی کاریگەری لە پەرەپێدانی گەشتیاری بە هەموو جۆرەکانییەوە دەکات، بەتایبەتی گەشتیاری ژینگەیی.
سەرەتا پێویستە بزانین هۆشیاریی گەشتیاری ئەو هۆشیارییەیە کە لەسەر بنەمای هەستکردن و گرنگیدان بە شوێنە گەشتیارییەکان و گرنگییە ئابووری، کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی، کەلتووری و ژینگەییەکان و تێگەیشتن لە کێشەکانی بەردەم جوڵەی گەشتیاری دروست دەبێت، لەگەڵ پاڵنەری بەهێز بۆ بەشداریکردن لە پەرەپێدانی وڵاتدا.
یان «پرۆسەی بنیاتنانەوە و پەرەپێدانی رەوت و چەمک و بەها و رەفتارەکانی گەشتیارییە لەنێو پەروەردەدا، کە رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر پاراستنی ژینگەی گەشتیاری و شێوازی مامەڵەکردنی سەردەمیانە لەگەڵ ژینگە و گەیشتن بە جۆرێک لە پەیوەندی هاوسەنگ کە پەرەپێدانی گەشتیاری دەهێنێتە ئاراوە».
رەفتاری گشتی
هەروەها هۆشیاریی تاکە بەرامبەر بنەما سەرنجڕاکێشەکانی گەشتیاری، چ سروشتی یان مرۆیی بێت، یاخود تێگەیشتنە لە تایبەتمەندییەکانی چالاکیی گەشتیاری و جۆرەکانی گەشتیاری، هەڵسەنگاندنی بۆ سوودە ئابوورییەکانی، رێزگرتنە لە گەشتیاران و هەڵسوکەوتی باشە لەگەڵیان، چونکە هەندێک لە هەڵسوکەوت و شێوازی گەشتکردن تایبەتن و پەیوەندی بە خودی كەس و خێزانەكانەوە هەیە، بەڵام هەندێکی تر لە رەفتاری گەشتیار گشتییە، لەوانە: خاوێنڕاگرتنی شوێن و جێگا گەشتیارییەکان لە رووی پاشماوەی خواردن و خواردهمهنی و پێداویستییهكانی ترەوە. ئەمە جگەلەوەی یەکێک لە ئامانجەکانی وڵاتانی گەشتیاریی کێبڕکێی نێوانیانە لە رووی بنیاتنانی وێنەی هۆشیاریی گەشتیاری خۆیان لە بازاڕەکانی هەناردەکردنی گەشتیاریدا بۆ ئەوەی زۆرترین ژمارەی گەشتیار بۆ خۆیان رابکێشن.
دروستکردنی متمانە
خۆشبەختانە (هەڵمەتی هۆشیاریی گەشتیاری لە ناوەندەکانی خوێندن) لەلایەن دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم و وەزارەتی پەروەردەوە لە رێگەی خول و سیمینارەوە جێبەجێ دەکرێت بە ئامانجی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی پەروەردەکراوی گەشتیاری کە ئاگاداری گرنگی کەرتی گەشتیاری و ئەو دەرفەت و دەستکەوتە ئابووریانەی بێت، کە ئەم کەرتە پێشکەشی دەکات و رەنگدانەوەی لەسەر ئەندامانی کۆمەڵگە دەبێت.
هەروەها پەرەپێدانی هۆشیاریی گەشتیاری و وروژاندنی ئارەزوو و قایلکردن و دروستکردنی متمانەی کاریگەر لە بیروباوەڕی نەوەکانی کۆمەڵگە بە هەموو چین و توێژەکانەوە بەرامبەر بە پیشەسازیی گەشتیاری دێنێتە ئاراوە، لە رێگەی مامەڵەی باش لەگەڵ گەشتیاران، پەیڕەویکردنی ئەخلاقی پیشەیی لە چوارچێوەی گەشتیاریدا، بە دەربڕینی وشە و رستە و دەستەواژەی ناوازە لە یەکەم ساتەوەخت و دیداری گەشتیارانەوە بەدەست دێت، ئەمە جگە لە دەستکەوتە نیشتمانییەکەی هۆشیاریی گەشتیاری.
پرۆسەکە هاووڵاتیش دەگرێتەوە
یەکێکی تر لە گرنگییەکانی هۆشیاریی گەشتیاری، شانازیکردنە بە بنەماکانی کەرتی گەشتیاری و لایەنەکانی کەلتووری و شارستانی و شوێنەوارەکانی هەرێمەکەمان و کارکردنە بۆ دووبارە ناساندن و بەبازاڕکردنی کەرتی گەشتیاریی، ئەمەش لە رێگەی بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی گەشتیاری بە شێوازی زانستی و پلان بۆ دانراوەوە دەکرێت و دەتوانرێت نەوەی داهاتوو بە پلەی یەکەم وەک توخمێکی گرنگی گەشتیاری لە چالاکییەکانی سیستمی گەشتیاریدا بکرێتە ئامانج، چونکە هۆشیاریی گەشتیاری تەنها بە هەوڵی یەکگرتووی هەموو تاکەکانی ناو کۆمەڵگە بەدەست دێت، لەبەرئەوەی پڕۆسەی پەرەپێدانی گەشتیاری لە کەرتی تایبەت و گشتیدا ناوەستێت، بەڵکو لە دەرەوەی ئەوان درێژدەبێتەوە بۆ هاووڵاتی و تاکی ئاسایی، باخچەی منداڵان، قوتابخانە، زانکۆ، ناوەندە رۆشنبیری و کۆمەڵایەتییەکان، دامەزراوەکانی گەشتیاری، دەزگاکانی حکومەت و لایەنەکانی دیکە، بەو پێیەی ئەم توخمانە پێوەرێکی راستەقینەن بۆ پێشکەوتنی کەلتووری هەر کۆمەڵگەیەک.
بۆ نەوەکانی داهاتوو
گەشتوگوزاریش سەرهەڵنادات و گەشە ناکات تا کۆمەڵگە بە گشتی لە باوەشی نەگرێت و بە پرسێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری نەزانێت، بۆیە هۆشیاریی گەشتیاری بە زانین و تێگەیشتن و هۆشیاریی کۆمەڵێک بەها و رەوت و پرەنسیپی زاڵ لە بواری گەشتیاریدا دادەنرێت، وا لە ئەندامانی کۆمەڵگە دەکات کە بە شێوەیەکی کاریگەر بەشداری لە هەلومەرج و کێشەکانی کۆمەڵگەدا بکەن و پێگەی خۆیان لەسەری دیاری بکەن و پاڵنەری دروست بن بۆ ئەوەی هەنگاو بنێن بۆ پەرەپێدانی هۆشیرای گەشتیاری و کارکردن بۆی لە هزری نەوەکانی داهاتوودا، ئەمەش هاوکارە بۆ گەیشتن بە پەرەپێدانی گەشتیاری لای نەوەکانی داهاتوو.
پێشنیازەکان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی گەشتیاری
1- پێویستە دامەزراوەکانی کەرتی گەشتیاری و دامەزراوە حکومییەکانی پەیوەندیدار بە گەشتیاری، گرنگی هۆشیاریی گەشتیاری لە هەرێمدا بۆ قوتابیانی قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگاکان روون بکەنەوە، چونکە ئەوان نوێنەرایەتی ئەو توێژە خوێندەوارە دەکەن کە سەرکردایەتی دامەزراوە حکومییەکان دەکەن لە داهاتوودا. ئەمەش پێویستە بە گرتنەبەری هەیکەلی پەروەردەیی، وەک ئەنجامدانی سیمینار و خول و ۆرکشۆپ و کۆنفرانس بە ئامانجی زیادکردنی هۆشیاریی گەشتیاری لای قوتابیان، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوبەری قوتابخانەکان و راگرانی کۆلێژ و سەرۆکایەتی زانکۆکان.
2- خستنەڕووی بابەتەکانی هۆشیاریی گەشتیاری لە پرۆگرامی خوێندنی قوتابخانە و بەش و کۆلێژە جیاوازەکان بەتایبەتی کۆلێژ و بەشە پەیوەندیدارەکان، بە ئامانجی چاندنی هۆشیاری و رۆشنبیری گەشتیاری لای قوتابیانی زانکۆ، بۆ دروستکردنی نەوەیەکی ئاگادار لە گرنگی گەشتوگوزار و رۆڵی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی بێکاری بۆ گەنجان.
3- دانانی میکانیزمێک بۆ گرنگیدان بە پەروەردەی گەشتیاری بە جۆرێک کە گرەنتی فێرخوازان بکات بەمەبەستی راهێنانی کردەیی و ئارەزووی کارکردن لە دامەزراوە گەشتیارییەکانیان لە داهاتوودا، لەگەڵ هاندانێکی ماددی و مەعنەوی، بەمەبەستی زیادکردنی جوڵەی گەشتیاری لە هەرێمدا.
4- بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی گەشتیاری لە رێگەی میدیا و دەزگاکانی راگەیاندنەوە بەمەبەستی پەرەپێدان و بەرزکردنەوەی ئاستی رۆشنبیری و پێشخستنی هۆشیاریی گەشتیاری.
گواستنەوەی وێنەی سەردەمیانە
هەموو ئەمانە توخمێکی گرنگ و فاکتەرێکی کاریگەرن لە ناساندنی هۆشیاریی گەشتیاری بۆیە زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە جوڵەی گەشتیارییان زۆرە، بەرنامە و هەیکەلی کار بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گەشتیارانی ناوخۆ و بیانی ئامادە دەکەن، بەتایبەت ئەو گەشتیارانەی سەردانی ناوچەیەکی یان وڵاتێکی دیاریکراو دەکەن و وێنە و تێبینی و شێوازی مامەڵەی خەڵکی ئەو وڵاتانە لەگەڵیدا دەگوازنەوە بۆ ئەندامانی کۆمەڵگەکەی خۆیان، ئەگەر ئەو وێنەیەی کە دەیگوازنەوە سەردەمیانە و باش بێت و مامەڵەی خەڵک لەگەڵیدا گونجاو بێت، ئەوا هانی کەسانی دیکە دەدات بێنە ئەو وڵاتەی کە گەشتیارەکە سەردانی کردووە، ئەگەر وێنەکەش پێچەوانە بێت، ئەوا کاریگەریی خراپی لەسەر هاتنی گەشتیار بۆ ئەو وڵاتە دەبێت.
*م.ی. لە زانکۆی گۆیژە/ بەشی گەشتوگوزار، خوێندکاری دکتۆرا لە بواری بەبازاڕکردنی گەشتوگوزاردا / زانکۆی سلێمانی