دوای ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی چەند رۆژی رابردوو كە بە چڕی شاری كەركوكی گرتبۆوە، لە ئێستادا تیمەكانی شارەوانی لەسەر راسپاردەی رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك، سەرقاڵی پاككردنەوەی شەقامەكانن.
ئەندازیار ئەحمەد عومەر بەڕێوەبەری شارەوانیی كەركوك، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لەسەر راسپاردەی پارێزگار، تیمەكانی شارەوانی هەڵمەتی پاككردنەوەی گشت شەقام و بلواری نێو شۆستەكانیان دەستپێكردووە، هەڵمەتەكەش چەند رۆژێك بەردەوام دەبێت.
بەڕێوەبەری شارەوانیی كەركوك وتیشی: هەڵمەتەكە باخچەكانیش دەگرێتەوە، چونكە خۆڵبارینەكە كاریگەریی لەسەر درەخت و سەوازیی نێو باخچەكان دەبێت.
هاوكات سامان یابەعەلی وتەبێژی فەرمانگەی تەندروستیی كەركوك، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: بەپێی دوایین ئاماری تەندروستیی كەركوك، خۆڵبارینەكە زیاتر لە 220 كەسی تووشی تەنگەنەفەسی كردبوو زۆربەشیان كەسانی بە ساڵاچوو بوون، بۆ ئەو مەبەستەش تیمەكانیان گشت رێكارێكی تەندروستییان گرتبووەبەر و لە ئامادەباشیدابوون، چونكە رێژەی سەردانیكاران زۆربوون.
هێمن ئەحمەد