هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی كوردستان هیچ بنەمایەكی یاسایی هەیە؟

11:09 - 2025-05-08
کوردستان
51 جار خوێندراوەتەوە

ماوەی زیاتر لە شەش مانگ بەسەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا تێپەڕیووە، بەڵام تائێستا دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵنەبژێردراوە و تەنها یەك دانیشتنیش کراوە بۆ سوێندخواردنی ئەندامان و دانیشتنی دیکە نەکراوە.
لەبارەی چارەنووسی پەرلەمانی کوردستانەوە، د.تاریق جەوهەر سارمەمی راوێژكاری پەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: هیوادارە پەرلەمانی کوردستان نەگاتە ئەو قۆناغەی هەڵبوەشێتەوە، بەڵام وەك یاسای ژمارە یەك-ی ساڵی 2005ی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم و بڕگەی چواری ماددەی دەیەمی یاساکە ئاماژەی پێکردووە، لە چوار حاڵەتدا سەرۆکی هەرێم دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی هەیە بەمجۆرەی خوارەوە:
1 - ئەگەر (51) ئەندامی پەرلەمانی كوردستان دەستلەكاربكێشنەوە.
2 - ئه‌گه‌ر له‌ماوه‌ی (45) رۆژدا لەلایەن سەرۆكی كاتیی پەرلەمانی كوردستانەوە بانگهێشتی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان بكرێت بۆ یەکەم دانیشتن، ژماره‌ی یاسایی ئه‌ندامان به‌ده‌ستنه‌هات، كە ئەمەش لە دانیشتنی رۆژی 2-12-2024 ئەم خاڵە جێبەجێکراوە. ئەندامانی خولی شەشەمی پەرلەمان سوێندی یاساییان خواردووە، سەرۆکی كاتیی پەرلەمانی كوردستان دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ سەرۆك و جێگر و سکرتێری پەرلەمان کردۆتەوە و ناوی بەربژێرەكانی تۆمارکردووە و دەرگای داخستووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی رێژەی یاسایی (51) ئەندام، هەڵبژاردنەكە بەڕێوەنەچووە، بۆیە سەرۆکی کاتیی پەرلەمان دانیشتنەکەی بۆ کاتێکی تر دواخست، پاشان دووجار هەوڵی دا دانیشتنەکە تەواوبکات، بەڵام بەهۆی نەبوونی رێژەی یاسایی، دانیشتنەکە نەکرا.
3 - ئەگەر پەرلەمان متمانەی بە سێ پێکهاتەی وەزاریی یەك لەدوای یەکی ئەنجومەنی وەزیران نەدا.
4 - ئەگەر سیستمی هەڵبژاردنی پەرلەمان بگۆڕدرێت و خولی هەڵبژاردنەكە شەش مانگ یان كەمتری مابوو.
واتە ئەم چوار حاڵەتەی سەرەوەی لێ بترازێت، هیچ دەرچەیەکی یاسایی و رێککاری دیکە دیارینەکراوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.
وتیشی «بەبۆچوونی زۆرێك لە شارەزایان و بەگوێرەی ئەزموونی رابردووش، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی كوردستانی نییە، سەبارەت بە دادگای فیدراڵییش بەبێ بوونی هۆکار و پاساوێکی یاسایی، یاخود حاڵەتێكی پێشێلکاریی دەستووری عیراق، ناتوانێت بە ئاسانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان هەڵبووەشێنێتەوە، هەرچەندە پێشتر لەساڵی 2010دا بڕیارێکی لە دژی هەڵپەساردنی دانیشتنی یەکەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەرکرد، بەڵام پەرلەمانەکەی هەڵنەوەشاندەوە، هەروەها لەدوای هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عیراق لە 2021 بەهۆی نەبوونی سازان، ئەنجومەنی نوێنەران نەیتوانی لەماوەی یاسایی و دەستووریدا سەرۆك کۆماری عیراق هەڵبژێرێت، بەڵام دادگای فیدراڵی دەستوەردانی نەکرد و بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی عیراق دەرنەکرد».
هەر لەم چوارچێوەیەدا، كاروان كازم مافناس و چاودێری بواری هەڵبژاردن بە كوردستانی نوێ-ی وت: هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی كوردستان بەو شێوەیەی كە سەرۆكی كاتیی یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان (ئەندامی فراکسیۆنی نەوەی نوێیە) لە مانگی رابردوودا نووسراوێكی ئاراستەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كردووە بۆئەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بە هەڵوەشاوە دابنرێت، لەڕووی یاساییەوە هیچ بنەمایەكی نییە لەبەرئەوەی پەرلەمانی كوردستان بە گوێرەی مادەی (10) لە بڕگەی (4)ی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كاتێك بە هەڵوەشاوە دادەنرێت، كە (45) رۆژ دوای راگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و پەسندكردنی بەشێوەی كۆتایی، هیچ كۆبوونەوەیەكی ئەنجام نەدابێت، بەڵام دوای هەڵبژاردن و راگەیاندنی ئەنجامەكان، پەرلەمانی كوردستان یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجامداوە.
وتیشی: بەوپێیە ئەو قسەیەی سەرۆكی كاتیی یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان دەیكات، هیچ بنەمایەكی یاسایی نییە، چونكە كۆبوونەوەكە بە كراوەیی بەجێهێڵدراوە.
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، دەكرێت لە دادگای فیدراڵی سكاڵا لەسەر ئەو بابەتە تۆماربكرێت، ئەگەر دەركەوت كۆبوونەوەی یەكەم (كە بە كراوەیی بەجێهێڵدراوە و هیچ کۆبوونەوەیەکی دیکە نەکراوە) لەڕووی دەستوورییەوە كێشەی هەیە، ئەوا دادگای فیدراڵی بڕیاردەدات بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی كوردستان، بەڵام دەبێت بسەلمێندرێت، كە كارێكی نادەستووریی بووە.
کوردستانی نوێ - هیوا کازم 

بابەتە پەیوەندیدارەکان