حهمه هاشم
دەکرێت نرخاندنى هونەر بە پرۆسەیەکی کارلێککاری نێوان دوو لایەن هەژمار بکرێت.
لایەنی یەکەم: ئەوهونەرمەندەیە بە کارە هونەریەکەی پێناسهى ئایدیاكانى دەکات.
لایەنی دووەم: ئەو وەرگرەیە کە سەیری کارە هونەرییەکە دەکات و هەوڵی چێژوەرگرتن دەدات. بۆیە سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە بە یەکسانی لەسەر شانی هەردوولا وەستاوە، لهبهرئهمهش پڕۆسەی نرخاندنى هونهر یان ههڵسهنگاندن و رێزگرتنى هونەریی هەمیشە یەک ئاستی سەرکەوتن بەدەست ناهێنێت، بەڵکو ئاستەکانی سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە بەپێی تێگەیشتن و هۆشیاری هەر لایەنێک له هونهرمهند و وهرگر بهپێی رۆڵی خۆیان دەگۆڕێت. هونەرمەند دەبێت هۆشیار و قوڵ بێت لەو بەرهەمە هونەرییەیدا کە دەیخاتەڕوو، لە بەرامبەریشدا ئەوە بەرپرسیارێتیی وهرگرى هۆشیاره نرخى باڵاى هونهر بزانێت، بۆ ئەوەی بتوانێت چێژ لە کارە هونەرییەکان وەربگرێت و تێبگات هونەرمەند ئامانجی چییە لە رێگەی کارەکەیهوە وەک دەرئەنجامێکی ئاشکرا و هەر کەموکوڕییەک لەم هۆکارانەدا لەلایەن هونەرمەند، یان وەرگرەوە کاریگەری لەسەر رادەی سەرکەوتنی پرۆسەی نرخى كاره هونەرییهكه دەبێت. ئەوەی یارمەتیدەرە بۆ سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە، هەندێک روونکردنەوەی ئەدەبییە کە رەخنەگرانی هونەریی سەبارەت بە بەرهەمەکە پێشکەشی دەکەن، یان چیرۆكى سهرهكیى دهربڕینهكان و هەندێک زانیاری لەسەر هونەرمەند و ژیانی ئەویش رەنگە فاکتەری رێنماییکەر بێت بۆ وەرگرەکە. ئەمەش وای لێدەکات ئاگاداری هەندێک لە بەها ئیستاتیكییهكانى سروشتی کارەبینراوەکە بێت، بەتایبەتی ئەگەر کارەکە لە ئەبستراکت، یان رەمزیی نزیکتر بێت.
کێشەی قوڵىی تێگهیشتن له هونهر دواى مۆدێرنه
لە رابردوودا پڕۆسەی نرخاندنى هونەر بۆ وەرگر پرۆسەیەکی ئاسان بوو، بەو پێیەی لەسەر بنەمای غەریزەی جوانکاریی پاکی خۆی بوو، بەرهەمە هونەرییەکانیش جێگای تێگەیشتن بوون و هەڵسەنگاندنی ئیستاتیكییان پێویستی بە زانیارییەکی زۆر و کەلتوری هونەریی قوڵ نەبوو، چونکە بەرهەمی واقیعیی بوون بە بابەت و ناوەڕۆکی روون و رەچاوکردنی سەلیقەی گشتی و جوانکارییە ناسراوەکان، لە فۆرم و رەنگدا. ئەم پرۆسەیە هەر زوو دەستی کرد بە ئاڵۆزبوون و سەختبوون، بهپێى گەشەسەندنی قۆناغهكانى هونەری مۆدێرن و دواتر مۆدێرنیزم، وەک چۆن ئازادییەکی تەواو بە هونەرمەند دەدرا کە ئەوەی دەیەوێت بەو شێوەیەی خۆی دەیەوێت بیخاتەڕوو، وەرگرەکەش دەبوو بە بێ هەناسە رابکات لە هەوڵێکدا بۆ تێگەیشتن و لێكدانهوه لەم بەرهەمانە کە رەنگە هەندێکجار وهك جۆرێک لە بێمانایی تێی بڕوانێت. ئەرکی هەرکەسێک بوو کە بیەوێت نرخى هونەری مۆدێرن بزانێت، رێگەیەکی دوور و درێژ ببڕێت بۆ خوێندن و شیکردنەوەی چەمکەکانی قوتابخانە هونەرییەکان و ئەو لقانەی لێیانەوە سەرهەڵدەدات، بۆ ئاشنابوون بە ئەلفوبێی هەر قوتابخانەیەک و تەنانەت ئەلفوبێی هەر هونەرمەندێک، وەک چۆن هەر هونەرمەندێک ئەلفوبێی تایبەتی خۆی هەبووە. لەبەرئەوە دەبوو شارەزای هونەری مۆدێرن پەیڕەوی لێ بکات و لە هەموو شتێکی نوێ ئاگادار بێت، بۆیە ئەم ماندووبوون و هەوڵە لە تێگەیشتن لە هونەرە مۆدێرنەکاندا دەبینینەوە، بەهۆی هەمەچەشنی لە کەرەستە و میکانیزمی پێشکەشکردن و شێوازە جیاوازەکانیدا. بۆیە وا دیار بوو ئەم هونەرانە تەنیا سەرنجی ئەو کەسانە رادەکێشن کە هەستیارن بەرامبەر بە شایستەیی شیعری و فۆرماڵی بەرهەمەکە، لەبەرئەوە بەلای خەڵکی گشتییەوە وەک بەرهەمێکی بێ مانا دەردەکەوێت کە هیچ هەستێکی جوانیناسیی تێدا نەجوڵێنێت، لە لایەکی دیکەوە ئەمجۆرە کارە تەنیا رێگە بە رەخنەگران دەدات بوارێکی تەسک بدوێن و روونکردنەوەى ئەدەبیان هەبێت کە رەنگە یارمەتی وەرگرەکە بدات بەرهەمی هونەری بەرز بنرخێنێت و رەنگە هەندێکجار ئەو روونکردنەوانە زیاتر وەهمیی بن و راى تایبهتى رهخنهگرهكان بن. هەر لەبەر ئەوەشە بینەر هەست دەکات بێ هیوا بووە و بێبەش بووە لە چێژ و هەستکردن بە بێزاری له بینینى كارى هونهرى مۆدێرن.
هەموو ئەمانە مەیلێکی لەناو خەڵکدا دروستکردووە پێشوازی لە هەر کارێک بکەن، له مانا و دهربریندا ئازاد و کراوەبن بۆ روونکردنەوە و لێکدانەوە. هەروەها هەر کارێک کە باس لە بیرکردنەوەی لۆژیکییانە بکات و ناچاریان نەکات بیر لە شت و وێنەی سەیر بکەنەوە کە له قووڵاییەکانیان تێناگات، بهمهش تهفسیركردن و لێكدانهوەى بینهر و وهرگر خۆى ماناكان بۆ خۆى دهپشكنێت و دهیدۆزێتهوه.
هەموو ئەوانەی سەرەوە بۆتە هۆی دروستبوونی کێشهى گهوره لە نێوان هونەرمەند و بینەرەکەیدا. ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر پرۆسەی نرخدانانى هونەریی هەبووە و هەر ئەوەشه بەهای جوانکاریی بەرهەمێکی هونەریی دیاری دەکات. تێکچوونی ئەم هاوسەنگییە بە شێوەیەکی سروشتی بووەتە هۆی تێکچوونی چەمکەکانی جوانی بە گشتی، بۆیە ئێمە دەستمان کردووە بە بیستنی دەنگەکان کە داوای گەڕانەوە بۆ هونەری وێنەیی دەکەن و چیتر چێژ لەو هونهره میللى و جەماوەرییە نابینن کە لە ناوەڕاستی سەدەی رابردوودا هاتهپێشهوه.
لە کاردانەوەی ئهو تێگهیشتنهى هەموو ئەو تێرمانهى سەرەوە، لەم ساڵانەی دواییدا رەوتێکی سەرسوڕهێنەرى زۆر واقیعی سەریهەڵداوە، کە ئاسانکاری بۆ پەرەپێدانی ئامرازەکانی پەیوەندی و هونەری و لە هەمووی گرنگتر، تینوێتی خەڵک بۆ بەرهەمی لێهاتووی و دەستڕەنگینی گەورە و ماندووبوونیان هاتۆتهپێشهوه، به بهراورد لهگهڵ کەڵەکەبوونی توندڕەویی شێتانە و بێ فۆرم، کە بە بۆچوونی ئەوان زۆرجار بێبەشن لە هەموو بەهایەکی هونەری یان جوانیناسى بایهخدار.
لێرهوه دەتوانین بڵێین هونەری بینراوی مۆدێرن، لە دۆخێکی بەردەوام و هەمیشەیی گەشە سەندندایە و هەر رەوتێک لە هونەردا لایەنگری خۆی و رەخنەگرانی خۆی هەیە، سوودی ئەو ئازادییەش ئهوهیه، هونەرمەندی هاوچەرخ بەهرەمەندە و نابێت پێچەوانە بکرێتەوە. چیتر ناتوانرێت دووبارە سنووردار بکرێتەوە بۆ شێوازێکی دیاریکراو، یان نەخشێکی دیاریکراو. هەرچەندە ئەم ئازادییە لە ئەنجامدا بەرهەمێکی سەرسوڕهێنەر و پلەبەرزە، وردبینییەکه دهرهنجامى هەموو سوودەکانی کارێکی هونەریی جوانە. لە قووڵایی مانا، تا پتەویی فۆرم و هاوسەنگی له هێڵ و بۆشایی و رەنگدا.