ئاراستەکانی پاپای نوێی فاتیکان!

11:28 - 2025-05-09
جیهان
48 جار خوێندراوەتەوە

عیزەت ئیبراهیم
وەرگێڕانی: د.یادگار عەلی

سەرەڕای رەگ و ریشەی ئەمریکیی، کاردیناڵ پرێڤۆست تەمەن [٦٩] ساڵ و لە شیکاگۆ لەدایکبووە، وەک پیاوێکی ئایینی تەماشا دەکرێت، کە سنوورە نیشتمانییەکان تێدەپەڕێنێت. بۆ ماوەی دوو دەیە لە پیرۆ خزمەت دەکات، لەوێ بووەتە قەشە، دواتر سەرۆکایەتی رێبازی ئایینی نێودەوڵەتی خۆی کردووە.
پێش کۆچی دوایی پاپا فرانسیس یەکێک لە گرنگترین پۆستەکانی لە ڤاتیکاندا هەبووە، کە بەرپرسیار بوو لە هەڵبژاردن و بەڕێوەبردنی قەشەکان لە سەرانسەری جیهاندا.
وەک ئەندامێکی رێبازی ئۆگستینی، لە پابەندبوونی بە هەژاران و کۆچبەرانەوە هاوشێوەی فرانسیسە، باوەڕی بە مامەڵەکردن لەگەڵ خەڵک هەیە لەو شوێنەی، کە لێیان هەیە. 
ساڵی ڕابردوو بە ماڵپەڕی ڤاتیکانی ڕاگەیاندووە، قەشە بڕیار نییە شازادەیەکی بچووک بێت، کە لەسەر تەختەکەی دانیشتبێت.
زۆربەی ژیانی لە دەرەوەی ئەمریکا بەسەر بردووە. لە ساڵی [١٩٨٢] لە تەمەنی [٢٧] ساڵیدا، وەک قەشە دەستنیشانکرا. بڕوانامەی دکتۆرای لە یاسای کانۆن لە زانکۆی پاپای سانت تۆماس ئەکویناس لە رۆما بەدەستهێنا.
لە پیرۆ، وەک قەشە و ڕاوێژکار و پرۆفیسۆر و قەشە کاری کردووە، وەک سەرۆکی ڕێکخراوی ئۆگستینی، سەردانی لقەکانی رێکخراوی کردووە لە سەرانسەری جیهان و بە زمانی ئیسپانی و ئیتاڵی بە شێوەیەکی رەوان قسە دەکات.
بەگشتی بە کەسێکی هۆشیار وەسف دەکرێت و پێشبینی دەکرێت شێوازەکەی جیاواز بێت لە شێوازی پاپا فرانسیس، بەڵام لایەنگرانی پێیانوایە بەردەوام دەبێت لەو پرۆسەی راوێژکارییەی، کە لەلایەن سەرۆکەکەی پێش خۆیەوە دەستیپێکردووە، کە خەڵکی ئاسایی لە کۆبوونەوەکان لەگەڵ قەشەکاندا بەشدارن.
تا ئێستا روون نییە، کە ئایا هەڵوێستێکی کراوە بەرامبەر بە کاسۆلیکەکانی ئێڵ جی بی تی دەگرێتەبەر، وەک ئەوەی فرانسیس کردوویەتی. هەرچەندە لێدوانەکانی ئەم دواییەی لەسەر ئەو بابەتە کەمن، بەڵام لە وتەیەکیدا لە ساڵی [٢٠١٢] بۆ قەشەکان نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە کاریگەریی میدیای رۆژئاوایی و کولتووری باو لە پەرەپێدانی [هاوسۆزی بۆ ئەو باوەڕ و پراکتیزەیانەی، کە پێچەوانەی ئینجیلن]، بەتایبەتی ئاماژەی بە [شێوازی ژیانی هاوڕەگەزباز] و [خێزانە جێگرەوەکان کرد، کە لە هاوسەرە هاوڕەگەزەکان و منداڵە بەخێوکراوەکانیان پێکهاتوون].
وەک کاردیناڵەکانی دیکە، رەخنەی زۆری لێ گیراوە بەهۆی مامەڵەکردنی لەگەڵ ئەو کەیسانەی، کە قەشە تۆمەتبارن بە دەستدرێژی سێکسی.

•رۆژنامەنووس لە ڕۆژنامەی ئەهرامی میسری

بابەتە پەیوەندیدارەکان