هاووڵاتیانی كینیا سەرۆكی نوێی وڵاتەكەیان هەڵدەبژێرن

09:47 - 2022-08-10
ڕاپۆرت
400 جار خوێندراوەتەوە

 ئا: دیاری سابیر

بە مەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ بۆ وڵاتەكەیان، دوێنێ دەنگدەرانی كینیا روویان لە سندوقەكانی دەنگدان كرد.

زیاتر لە 22 ملیۆن دەنگدەر
لەگەڵ بڵاوەپێكردنی زیاتر لە 150 هەزار كارمەندی هێزە ئەمنییەكان، نزیكەی 46 هەزار بنكەی دەنگدان بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە تەرخانكرابوو، بە مەبەستی بەشداریكردنی زیاتر لە 22 ملیۆن هاووڵاتی كە ناویان لە لیستی دەنگدەراندا تۆماركرابوو. 
هەریەك لە رایلا ئۆدینگا ئۆپۆزسیۆنی دیاری ئەو وڵاتە، كە لەلایەن ئۆهۆرۆ كینیاتا سەرۆكی وڵاتەوە پشتیوانیی دەكرێت ‌و ولیام رۆتۆ جێگری سەرۆكی كینیا، كێبڕكێ لەسەر پۆستی سەرۆكایەتیی ئەو وڵاتە دەكەن ‌و ئەگەر هەر كەسێكیان %50ی دەنگەكان بەدەستنەهێنێت، ئەوا خولی دووەمی هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت.

گۆڕانكاریی روودەدات
شارەزایانی بواری سیاسی دەڵێن: لە ئەگەری سەركەوتنی هەر كاندیدێكی پۆستی سەرۆكایەتیی كینیا، ئەوا گۆڕانكاریی روودەدات ‌و سەرۆك لە هۆزی كیكویۆ نابێت، كە یەكێكە لە هۆزە گەورەكانی ئەو وڵاتە ‌و 20 ساڵە دەسەڵاتی كۆنترۆڵكردووە ‌و سەرۆكی ماوە بەسەرچووش لەو هۆزەیە. بەپێی دەستووری كینیاش، ناتوانێت خۆی بۆ خولی سێیەمی سەرۆكایەتیی كاندید بكاتەوە، بۆیە دەبێت سەرۆك یان لە هۆزی لو بێت كە رایلا ئۆدینگایە، یان سەر بە هۆزی كاینجین دەبێت، كە ولیام رۆتۆیە، كە دوو هۆزی گەورەی ئەو وڵاتەن.

توندوتیژی لە هەڵبژاردنەكاندا
لە مێژووی كینیادا، جەمسەرگیریی ئیتنی هۆكاربووە بۆ سەرهەڵدانی ململانێ ‌و توندوتیژی لە هەڵبژاردنەكاندا ‌و ساڵی 2007-2008، كاتێك رایلا ئۆدینگا تانەی لە ئەنجامی پڕۆسەكە دا، پێكدادانی نێوان گروپە جیاجیاكانی ئەو وڵاتەی لێكەوتەوە ‌و بەهۆیەوە زیاتر لە هەزار ‌و 100 كەس كوژران. دوای نزیكەی 15 ساڵیش بەسەر ئەو رووداوەدا، هێشتا برینی كینییەكان ساڕێژ نەبووە. هەروەها لە ساڵی 2017 دا، دوای ئەوەی رایلا ئۆدینگا سەرلەنوێ تانەی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكە دا، خۆپیشاندان دەستیپێكرد ‌و لە ئەنجامدا دەیان كەس كوژران.

پەلە نەكرێت لە راگەیاندنی ئەنجامەكان
پێگەی ئەلیكترۆنیی The East African لە وتارێكیدا بە ناونیشانی كینیا دەنگ دەدات ‌و ناوچەی خۆرهەڵاتی ئەفریقا دەستی لەسەر دڵیەتی، نووسیویەتی: لە هەنگاونان بەرەو دیموكراسی، كینیا زۆر گەشەی كردووە ‌و بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان، چۆتە قۆناغی دیموكراسیی تەواوەوە.
روونیشیكردۆتەوە: وەك چۆن كاندیدەكانی سەرۆكایەتیی كینیا داوای هێوركردنەوەی دۆخەكەیان كردبوو، هەڵمەتی بانگەشەی پڕۆسەكەش لە كەشێكی ئارامدا بەڕێوەچوو.  
لای خۆیانەوە، چەند سەرچاوەیەكی دیپلۆماسی بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس-یان راگەیاندووە، كە دەربارەی رەوتی هەڵبژاردنەكە گەشبینن، بەڵام جەختیانكردۆتەوە لەوەی كە پێویستە پەلە نەكرێت لە راگەیاندنی ئەنجامەكانی.
 بڕیاریشە 16ی ئەم مانگە، ئەنجامی هەڵبژاردنەكە لەلایەن لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی كینیاوە رابگەیەنرێت.

سەرچاوە: ئاژانسەكان

بابەتە پەیوەندیدارەکان