دهۆک: وردەکاریی یەکەم حاڵەتی گیانلەدەستدان بە تای خوێنبەربوون ئاشکرا دەکرێت

02:16 - 2025-05-10
کوردستان
30 جار خوێندراوەتەوە

یەکەم تووشبووی تای خوێنبەربوون لە نەخۆشخانەی ئازادیی دهۆک گیانیلەدەست دا. ژنێکی تەمەن 45 ساڵە و دانیشتووی شیلادزێیە، وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، ئەو ژنە خاوەنی ئاژەڵ بووە بەرکەوتە بووە.
نەخۆشەکە رۆژی حەوتـی ئایار لە نەخۆشخانەی ئاکرێ رەوانەی نەخۆشخانەی ئازادیی دهۆک کراوە و بە گومانی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون پشکنینەکانی رەوانەی بەغدا کراون و ئێوارەی رۆژی 9ی ئەم مانگە پشکنینەکانی گەڕاونەتەوە کە تووشبووی نەخۆشییەکە بووە.
مەتین جەمیل، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی دهۆك دەڵێت، جگە لەو خانمەی گیانی لەدەست دا، لە نەخۆشخانەکانی دهۆکدا هیچ حاڵەتێکی دیکەی تای خوێنبەربوون تۆمارنەکراوە.
هەروەها وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تووشبووەکە دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانەیەکی شاری دهۆک بەهۆی بوونی نیشانەکانی خوێنبەربوون و خراپی دۆخی تەندروستییەوە وەکو یەکەمین حاڵەتی تای خوێنبەربوون گیانیلەدەست دا.
هاوکات سەرکار سورچی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند، ئەو ژنەی گیانیلەدەستداوە ئاژەڵدارن و بەرکەوتەی ئاژەڵ بووە.
یەکەم حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان رۆژی 2ی ئایار لە کۆیە تۆمارکرا و لەبارەی دۆخی تەندروستی ئەو کەسەوە سەرکار سورچی وتی، دۆخی تەندروستیی باشە و مەترسی لەسەر ژیانی نەماوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان