هەرەوەز و بەرهەمی گوندنشینان

09:59 - 2022-08-10
دووتوێ
504 جار خوێندراوەتەوە
#توتن لە شیشدان

موتەلیب سەعید عومەر 
          
گوندنشینان بە درێژایی ژیانیان هەمیشە لەکار و فەرماندان، لەبەرئەوەی سروشتی بەڕێوەچوونی ژیان لە گونددا بەردەوام لە ئەرک و رەنج و هەوڵداندان، تا بژێویی خێزانەکانیان بەدەست بهێنن، هەر لەبەرئەوەیە بۆ بەردەوامیدان بە ئەرکانیان و بە هەرەوەز هاوکاریی یەکتر دەکەن لە جۆرەکانی دێراوهەڵدان، شەتڵە تووتن لێدان، درەوکردن، تووتن شکاندن، گەڵابڕین... هتد، لەم باسەدا دوای جۆگاماڵین، کاری دێراوهەڵدان دەست پێ دەکات.

دێراوهەڵدان چۆن دەکرێت؟ 
لە رۆژی دێراوهەڵدان، دوو کەرتوو ئامادە دەکرێت بۆ لێدانی دێراوەکان، ئەویش لە رێگەی دوو کەسەوە کە بریتین لە کەرتوو لێدەر و کەرتوو کێش، کەرتوو لێدەر پیاوێکی بە ئەزموون و شارەزای هەڵدان و دەردانی دێراوەکانە، دەمی کەرتووەکە دەچەقێنێتە زەوییەکە، کەرتوو کێشەکەش ئەرکی راکێشانی گڵی دێراوەکە دەکات، ئەم کارە بە پێی فراوانی و پانتایی دێبەرەکە بەڕێوەدەچێت، هەندێک دێبەر بڕەی دوو کەرتووە واتە: دەبێت دوو کەرتوو لێدەر لە بەیانییەوە کەرتوو لێ بدات تاکو ئێوارە، ئەوسا دەتوانرێت دێبەرێک کەرتوو لێ بدەن، دوای تەواوبوونی کەرتوو لێدان خاوەن کار دەستدەکات بە کوتانەوە و رێکخستنی دێراو و لاقەدەکانی، ئامادەکردنی ئاو بۆ سەر بڕگەکان، هەر ماڵە بەپێی نۆرەی خۆی داوای هەرەوەز دەکات بۆ شەتڵ لێدان.

هەرەوەزی شەتڵی تووتن لێدان 
ئەم هەرەوەزە ژنان دەیکەن، رۆژی پێشتر خاوەنی کار هەرەوەز ئاگادار دەکاتەوە بۆ شەتڵ لێدان، لەو هەرەوەزەدا کچانی گەنج و ژنانی گوند، هەریەکە دەستەیەک شەتڵ بەدەستەوە دەگرێت، چڵ بە چڵ لە قەراغی دێراوەکەی دەدات، خاوەنی کارەکەش بە بێڵێک دەکەوێتە بەردانەوەی ئاو بۆ ناو دێراوەکان و لە رێی سەرە ماکاو، نێرەوەکانەوە ئاوەکە بەر دەداتەوە، دێراو بە دێراو لەگەڵ هەرەوەزەکەدا کە دێراوەکە پڕ لە ئاو بوو بڕگەکەی دەگرێت و دەچێتە سەر بڕگەیەکی تر، بەو شێوەیە تا ئێوارە 
بەردەوام دەبێت.
لە میانەی شەتڵ لێدان کچان و ژنانی گوند، بە قسە و گفتوگۆ یەکتر دەدوێنن و خۆشحاڵن کەوا لەگەڵ هاوڕێکانیان هەم قسە و باس دەکەن هەم پێکەوەبوونیان کارەکەیان لا ئاسان دەکات، لە هەمانکاتدا هەندێکجار لە نزیکەوە بەچرپە راز و نهێنی خۆیان بۆ یەکتر باس دەکەن، بەو نزیک بوون و هاوسۆزییە هەست بە ماندوو بوون و بێزاری ناکەن.

پاراو کردن 
دوای تەواوبوونی هەڵمەتی شەتڵ لێدان، خاوەن کار سێ رۆژ جارێک تووتنەکەی پاراو دەکات، ئەوەش بەپێی پێویستی بەراوەکەی، هەر ماڵێک بەنۆرەی خۆی و بەپێی فراوانی دێبەرەکەی، تاقێک یان زیاتری بەر دەکەوێت. هەیە دوو تاق، یان تاق و نیوێک ئاوی بەر دەکەوێت کە دەبێت لەماوەی رۆژ و شەوێکدا 
پاراوەکەی بکات. 
بە درێژایی وەرزی پێگەیشتنی تووتن، لە ناوچەی سیوەیل و شارباژێر پشت بە ئاوی سروشتی شیو و کانیاو دەبەستن. ئاوی سازگار سەرچاوەیەکی بەهێزە بۆ پاراوکردنی تووتن و بەرهەمەکانی دیکە، بەڵام تووتن وەک هەر بەرهەمێکی دیکە دووچاری ئافات دەبێتەوە، لە جۆرەکانی گیاکەڵە، دۆکە، گژوگیای زۆر لەناو دێراوەکان پەیدا دەبێت، پێویستیان بە پاککردنەوە و بژارکردن هەیە، لەکاتی بژارکردنی تووتن، هەڵکەندنی گیاکەڵە وەختی درەوی دەغڵ دێت، خەڵکی گوند ئێواران کۆدەبنەوە کە زانییان هاوماڵەکەیان بەیانی درەو دەکات، ریش سپی و پیاوماقوڵانی گوند هەرەوەز کۆدەکەنەوە، هەندێکجار خاوەن ماڵ ئەندامێکی خێزانەکەی دەنێرێتە گوندەکانی دەوروبەر لە خزم، دراوسێ، ناسیاوەکانیان بۆ هەرەوەز، لەبەرئەوەی هەموو کارێکی گوند چەند دژواربێت بە هەرەوەزی ئاسانە، بە پێچەوانەوە بێ هەرەوەز ئەرکێکی زۆر و کاتێکی زۆر دەخایەنێت، پێویستە ئەوەش بڵێین سروشتی ناوچەی سیوەیل و شارباژێر شاخاوییە، لەو دەڤەرە درەوکردن تەنها بەداس دەکرێت بەپێچەوانەی دەڤەری شارەزوور و دەوروبەری شاری سلێمانی، بە کەمپاین دەغڵ دەدروون .

هەرەوەزیی درەو 
هەر لە ئێوارەوە خاوەنی ئەو ماڵەی درەوەکە دەکات لە تاریک و روونی بەیانی چەند داسێک دەچنە دامێنی کەرتی درەو، لەناو دروێنەوانەکاندا پاڵە و سەرپاڵ هەیە، سەرپاڵە ئەو کەسەیە کە توانایەکی باشی هەیە لە درەوکردن، لەسەرپەڕی کەرت درەو دەکات، لەمیانەی درەوکردندا نەریت وایە چەند کەسێک سەڵاوات لێدەدەن بەمەبەستی پیرۆزیی و زیادکردنی بەرەکەت بۆ دەغڵەکە، کە سەڵاوات لێدەدا لە کۆتاییدا ئەوانی دەوروبەر وەڵامی سڵاوەکە دەدەنەوە، بەو شێوە هەرەوەزەکە بەردەوام دەبێت تا تەواوکردنی کەرتێک. پاشان بەرێکی دیکە دەستپێدەکەن، دواتر پشوویەک دەدەن و داسەکان تیژ دەکەنەوە، لە چێشتەنگاودا نان و دۆیەک بە کولێرە چەورەوە نۆش دەکەن، دوایی هەڵدەستنەوە بۆ درەو تا ئێوارە بەردەوام دەبن، چەند بەرێک درەو دەکەن، بەداخەوە ئێستا لە گوندەکاندا زۆر بەکەمی دەغڵ و دان دەکرێت و خەڵکی ئێستا پشتیان لەو بەروبومانە کردووە، لەکاتێکدا بەرهەمی دانەوێڵە سامانێکی گرنگی بوژاندنەوەی هەموو وڵاتێکە.

#گوندستانی نوێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان