گڵەبان و قوڕەکاری

10:08 - 2022-08-10
دووتوێ
542 جار خوێندراوەتەوە

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

لە كوردەواریدا، بەتایبەتی لە لای گوندنشینان دوو وشە هەیە كە جیاوازن لە یەكتر، بەڵام هەندێكجار خەڵكی ئەم دوو وشەیە تێكەڵ بە یەكتر دەكەن و وا تێ دەگەن كە هەردوو كارەكە یەك شتە، ئەوانیش وشەی «گڵەبان_خۆڵەبان» و (قوڕەكاری)یە لە راستیدا ئەم دوو وشەیە جیاوازن.
گڵەبان: دوای ئەوەی كە دیواری خانوو تەواو بوو «جاران بە زۆری دیوارەكان خشت بووە»، ئینجا «دارەڕا_ داربەنی» دەكرێت، لە سەرووی دارەڕاكەشەوە «تەیمان _ تێمان» دەكرێت كە زیاتر بە «نەیجە» دەكرێت و تەواوی نەیجەكان بە «تیرۆك» دەبەسترێن بە یەكترەوە، هەندێك جاریش «حەسیر» لە بری نەیجە خراوەتەسەر دارەڕاكە، ئینجا لەسەرووی نەیجە یان حەسیرەكەوە، پووش و پەڵاش و سروت و پەلوپیژاڵ خراوەتەسەر تەیمان و حەسیرەكە، پاشان «خۆڵ _ گڵ» خراوەتەسەر ئەو پووش و سروتە، دوای گڵەكەش «كا» بەسەر گڵەكەدا «خۆڵەكەدا» پرژێنراوە، دواتر ئاوڕشێنی گڵەكە كراوە و بە باگردێن كوتراوەتەوە، بەم پڕۆسەیە وتراوە «گڵەبان».
قوڕەكاری «یەك سواقە_یەك سواغە»: لەم كاتەدا و وەك پڕۆسەی یەكەمی گڵەبان، لە دیوار دروستكردنەوە تاكو دانانی پووش و سروت، هیچ جیاوازییەكیان نییە، بەڵام لە قوڕەكاریدا لە بری ئەوەی گڵ بكرێتەسەر سروت و پووشەكە، قوڕ دەكرێت بەسەر پووشەكەدا. هەردوو پرۆسەكەش ناوەكەیان بە خۆیانەوەیە و ناونانێكی دروستن، گڵەبان بە گڵ دەبێت و قوڕەكاریش بە قوڕ.
لە گڵەباندا، دوای ساڵێك یەكەم قوڕدانەوەی پێی دەوترێت یەك سواقە «سواغە»، بەڵام لە قوڕەكاریدا دوای ساڵێك لە قوڕدانەوەی پێی دەوترێت «دوو سواغە».  ئەڵبەت هەردوو پڕۆسەكە بە هەرەوەزی گوند كراوە. لە گڵەبان و قوڕەكاریشدا بەپێی ناوچەكان گۆڕاوە، ئەو ناوچانەی كوێستانین و سارد بووە و بەفری زۆر بووە بستێك گڵ كراوەتەسەر خانووەكان و بە زۆریش لەم ناوچانەدا هەر گڵەبان كراوە، بەڵام لەناوچە گەرمێننشینەكاندا زیاتر قوڕ بەكارهێنراوە و «مور، لەپە دەستێك یان پەنجەیەك» قوڕ بەس بووە بۆ ئەوەی قوڕەكاری تەواو ببێت. دوو سواقەش بە هەمان شێوە بۆ هەردوو ناوچەكە جیاوازبووە و لە هەندێك ناوچەدا بە دوو سواقە وتراوە «تەڕڕاو».

#گوندستانی نوێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان