ئا: دڵان سامان
زانایان زریانی تۆز و خۆڵ بە یەکێک لە خراپترین قەیرانە ژینگەییەکانی سەدەی بیست و یەک دادەنێن، بەهۆی کاریگەرییە نێگەتیڤە توندەکانی لەسەر کوالێتی هەوا و تەندروستی مرۆڤ و ژینگە، ئەم دیاردەیە پەیوەستە بە کەشوهەوا و گۆڕانی ژینگەوە، زیاتر لە 150 وڵاتی جیهان دەگرێتەوە.
لە چەند رۆژی رابردوودا زریانی تۆز و خۆڵ چەند ناوچەیەکی نیمچە دورگەی عەرەب و وڵاتی شام و میسر و عیراقی گرتەوە و مانگی نیسان لە زۆر شوێنی جیهان مانگی زریانی تۆز و خۆڵ بوو.
ئەم زریانانە کاتێک روودەدەن کە بای بەهێز ناوچە وشک و رووەکییەکان بەرز دەکاتەوە و چینی تۆزی سەر رووی خاکەکەی دەشکێنێت و بڕێکی زۆر خۆڵ و تۆز دەگوازێتەوە بۆ هەوا. ساڵانە بەهۆی زریانی تۆز و خۆڵەوە نزیکەی دوو ملیۆن تۆن خۆڵ و تۆز دەچێتە بەرگەهەواوە.
هۆکارن بۆ بەبیابانبوون
رەنگە زریانی خۆڵ و زریانی تۆز لەیەک بچن، بەڵام هەندێک جیاوازی گرنگ لە نێوانیاندا هەیە، زریانی خۆڵ لە گەردیلەی خۆڵ کە تاڕادەیەک قورسن پێکدێت و با دەتوانێت بیانگوازێتەوە بۆ بەرزایی نێوان 3 بۆ 10 مەتر، بەڵام زریانی تۆز گەردیلەی قوڕ لە خۆدەگرێت، کە زۆر سووکترن لە خۆڵ، با دەتوانێ بە بەرزی هەزاران مەتر بەرزیان بکاتەوە و هەندێکجار بە هەزاران کیلۆمەتر دووریان بخاتەوە.
گۆڕانی کەشوهەوا بەشدارە لە بڵاوبوونەوەی بەبیابانبوون، کە لە بەرامبەردا رەنگە فرێکوێنسی بڵاوبوونەوەی زریانی خۆڵ و تۆز زیاد بکات، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رووبەڕووی زیادبوونی کتوپڕ دەبێتەوە لە فرێکوێنسی و ماوە و توندیی زریانی خۆڵ و تۆزدا.
بۆ نموونە پرۆگرامی ژینگەیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە داوە، بە گەیشتن بە ساڵی 2026، ئەگەری هەیە عیراق 300 زریانی خۆڵ و تۆز بەخۆوە ببینێت، ئەمەش دەبێتە تەحەدای جددی بۆ ئەو وڵاتە.
هۆکار و کاریگەری
لێکۆڵینەوەکان پشتڕاستی دەکەنەوە کە زریانی تۆز و خۆڵ پەیوەستە بە گۆڕانی کەشوهەواوە، لەوانە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی جیهانی، ئەمەش رێژەی بە هەڵمبوون زیاد دەکات و لە ئەنجامدا وشکەساڵیی، وادەکات خاک زیاتر ئامادەبێت بۆ داخوران و وردبوون، ئەوەش ئاسانکاریی دەکات بۆ دروستبوونی زریانی تۆز و خۆڵ.
گۆڕانکاری لە ئاراستەی بادا بەشدارە لە فرێکوێنسی و توندیی زریانی تۆز و خۆڵدا، هاوکات کەمبوونەوەی بارانبارین و وشکەساڵیی درێژخایەن رووپۆشی رووەک کەمدەکاتەوە و خاکەکە بەرەو لەناوچوون دەبات، ئەمەش بەشدارە لە توندبوونەوەی زریانی تۆز و خۆڵبارین.
زریانی خۆڵ و تۆز مەترسیی گەورە لەسەر تەندروستی دروست دەکات، هەروەها کاریگەریی لەسەر کشتوکاڵ و ژینگە و پیشەسازی و گواستنەوە و کوالێتی ئاو هەیە، هەروەها رێگرە لە گەیشتن بە گەشەپێدانی بەردەوام لە بوارەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ژینگەییدا.
بەپێی شوێنی جوگرافی زریانی خۆڵ و تۆز و بارودۆخی کەشوهەوا و هۆکارە ژینگەییە ناوخۆییەکان دەگۆڕێت، ئەم زریانانە لە سەرچاوە سروشتییەکانەوە سەرچاوە دەگرن وەک بیابانەکان و جێگەی دەریاچە وشکەکان و ناوچە کەنارییەکان کە نیشتووەکانیان نەرمن.
سەرچاوەی زریانی تۆز گەورەیە و لە سەرانسەری جیهاندا لە ناوچە وشک و نیمچە وشکەکاندا چڕبووەتەوە، بەتایبەتی بیابانە بەرفراوانەکان، وەک بیابانی گەورە لە ئەفریقا، بیابانی گۆبی لە ئاسیا و بیابانی عەرەبی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
کاریگەرییەکانی چالاکیی مرۆڤ
رێکخراوی کەشناسیی جیهانی مەزەندە دەکات کە 25 %ی خۆڵبارین بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤەوەیە، لەوانە دارستانبڕین، تێکچوونی زەوی و بەڕێوەبردنی نازانستیی زەوی، داخورانی خاک، گۆڕانی کەشوهەوا و خراپ بەڕێوەبردنی ئاو.
زریانی خۆڵ و تۆز راستەوخۆ بەشدارە لە پیسبوونی هەوادا بە زیادکردنی چڕیی گەردیلە وردەکان کە لە هەوادا بڵاودەبنەوە، بەجۆرێک لە هەندێک ناوچەدا تۆز و خۆڵ سەرچاوەیەکی سەرەکییە بۆ پیسبوونی هەوا.
راپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە نزیکەی 330 ملیۆن کەس لە جیهاندا رۆژانە رووبەڕووی زریانی خۆڵ و تۆز دەبنەوە، لەو وڵاتانەی دەکەونە نێو سەرچاوەی خۆڵی بیابانەکانەوە یان لە نزیکییەوەن، زریانی خۆڵ دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی هەوکردنی پەردەی مێشک و 350 ملیۆن کەس دەخاتە مەترسییەوە، هەروەها خۆڵبارین زیانێکی بەرچاو بە ئاژەڵ و کشتوکاڵ و تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت، تەنانەت زریانی توند دەتوانێت ببێتە هۆی خراپیی بینین و تێکچوونی ژێرخانی ئابووری و کاریگەریی خراپی لەسەر بازرگانی هەیە، چونکە رێگا و فڕۆکەخانەکان ناچار دەکات دابخرێن.
هەروەها تۆز و خۆڵ تیشکی خۆر لە ناوچە دوورەکان کەمدەکاتەوە و کاریگەریی لەسەر بەرهەمهێنانی وزەی خۆر دەبێت، زریانی بیابانەکان دەتوانێت هەزاران کیلۆمەتر بەسەر زەریادا بڕوات و خۆڵبارینی بەردەوام دەتوانێت ببێتە هۆی بەبیابانبوون.
بە لەبەرچاوگرتنی کاریگەرییە جددییەکانی لەسەر کۆمەڵگە و ئابووری و ژینگە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانی هەیە، ساڵی 2023 لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا 12ی تەمموزی وەک رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی زریانی خۆڵ و تۆز ناساند.
ئەم راگەیاندنە ئامانجی بنیاتنانی هاوکاریی جیهانی و ناوچەییە بۆ رێگریکردن و بەڕێوەبردن و کەمکردنەوەی زریانی خۆڵ و تۆز لە رێگەی باشترکردنی سیستمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و ئاڵوگۆڕی زانیاری کەشوهەوا بۆ پێشبینیکردن و شیکردنەوەی زریانی خۆڵ و تۆز.
سەرچاوە: aljazeera.net