خۆر وەک وزەیەکی پاک بۆ ژینگە

10:47 - 2025-05-12
ڕاپۆرت
19 جار خوێندراوەتەوە
#سیستمی سۆلار و بەکارهێنانی وزەی خۆر بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، وزەیەکی پاکە بۆ ژینگە

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد

دوای تێكچوونی دۆخی كارەبا و پیسبوونی ژینگە و تێكچوونی كەشوهەوا، كەمبوونەوەی سووتەمەنی بەکارهێنراو بۆ بەدەستهێنانی كارەبا لە زۆر وڵاتدا پەنا بۆ سەرچاوە پاکەکان دەبرێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، ئێستا  لە وڵاتی خۆشمان بەشێک لە هاووڵاتیان روویانکردووەتە سیستمی سۆلار و بەکارهێنانی وزەی خۆر بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، کە جگە لەوەی وزەیەکی پاکە لە رووی مادیشەوە کەمتر لەسەریان دەکەوێت. 
وزەی خۆر، لە رێگەی پلێتەكانی بەدەستهێنانی وزەوە خەریكە دەچێتە ئاستێکەوە بتوانرێت بەکارهێنانی نەوت و غاز كەمبکرێتەوە. 

رزگاربوون لە مووەلیدە
شۆڕش عەلی، دانیشتووی گەڕەكی ئیسكانی شاری كەركوكە، لەسەر دانانی سۆلار سیستم لە سەربانی ماڵەكەی، وتی: ماوەیەك پێش ئێستا بۆ رزگاربوون لە كارەبای مووەلیدەی گەڕەك، ئەم سیستمەم دانا بۆ وەرگرتنی كارەبا لە رێگەی وزەی خۆرەوە، كە توانیومە ئێستا بە رۆژ 14 ئەمپێر كارەبا بە دەستبهێنم و لە شەویشدا شەش ئەمپێر، بەتایبەتی لە شارێكی وەك كەركوك كە تیشكی خۆر تا رادەیەكی زۆر رۆڵی بەرچاوی هەیە لە بەدەستهێنانی وزەدا، تەنانەت شەوانیش كە تیشكی خۆر نامێنێت بەهۆی ئەو وزەیەی بە رۆژ كۆیكردووەتەوە، توانیومە بە بەردەوامی كارەكانی ماڵەكەمی پێ رایی بكەم، هەروەها وا بە تەمام بۆ ساڵی داهاتوو بۆیلەری وزەی خۆریش دابین بكەم.

دۆستی ژینگەیە 
 محەمەد حسین، دانیشتووی گەڕەكی رەحیماوای شاری كەركوكە، لەو بارەیەوە وتی: لە رووی دەروونییەوە هەست بە ئارامییەكی زۆر دەكەم، كە بێئەوەی هەست بە گۆڕینی كارەباكە بكەم، خۆی هاوگونجاویی كارەبای نیشتمانییە لە كاتی گۆڕینی کارەبادا.
باسی لەوەش كرد لایەنێكی دیكەی باشی ئەم وزەی خۆرە لەوەدایە، كە دۆستی ژینگەیە و بۆ ماڵان و شوێنە گشتییەكان پاك و خاوێنە، هەروەها لە دابینكردنی نەوت و گاز رزگارت دەکات، چونكە جێگرەوەیەکی باشی گەلێك لەو بابەتانەیە.

كەمیی سەرچاوەكانی كارەبا
ئەندازیار عەباس خورشید، شارەزا لە بواری دانانی سۆلار سیستم (وزەی خۆر) رایگەیاند: ئێستا لەلایەن هاووڵاتیانەوە خواستێكی زۆر لەسەر دانانی ئەم سیستمە هەیە، هۆكارەكانیشی بۆ نەبوونی كارەبای پێویست دەگەڕێتەوە، كە بەشێكیان پەیوەندییان بە لایەنی ماددی هاووڵاتییانەوە هەیە، لایەنێكی تریش خۆی دەبینێتەوە لە كەمیی سەرچاوەكانی وزە بۆ كارپێكردنی وێستگەكانی كارەبا.
وتیشی: دروستكردنی پانیڵەكانی بەدەستهێنانی وزەی خۆر جۆراوجۆرن و قەبارەكانیشیان بەپێی پێویستیی شوێنەكە و دۆخی ماددی ئەو كەسەیە كە بۆ ماڵەكەی دایدەمەزرێنێت.
ئەو ئەندازیارە باسی لەوەشكرد كە بەشێك لەو پانێڵانە، پێوانەكەی لە نێوان (120 سم پانی و 300 سم درێژی)یە، هەندێك لەو پانێڵانە تایبەتن بە كۆمپانیا و شوێنە گشتییەكان، هەندێكی دیکەشیان تایبەتن بە ماڵان، لایەنێكی دیکەش كە هاوپەیوەستیی ئەم پانێڵانەیە، ئەویش ئامێری كۆكەرەوەی وزەی خۆرە و گۆڕینێتی بۆ وزەی کارەبا، بەشێکیان گرەنتی كاركردنیان لە نێوان (1 ـ 5) ساڵ دەبێت، ئەویش بەپێی توانای گرەنتی ئەو كۆمپانیایانەی دروستیان كردووە.

پێدانی قەرزی درێژخایەن
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد حكومەتی عیراق بڕیارێكی بۆ هاندانی هاووڵاتیان و شوێنە گشتییەكان داوە بۆ بەدەستهێنانی وزەی خۆر، كە ئەویش پێدانی قەرزی درێژخایەنە بۆ ماوەی پێنج ساڵ، كە لە 35 ملیۆن كەمتر نییە، بەو هیوایەی لە چەند ساڵی داهاتوودا بەشێكی زۆر لە ماڵان و شوێنە گشتییەكان بتوانن ئامێرەكانی بەدەستهێنانی وزەی پاکی خۆر دابین بکەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان