هاوشێوەی مۆزەخانە پارچە كەلەپورییەكان كۆدەكاتەوە

10:28 - 2022-08-10
ڕاپۆرت
500 جار خوێندراوەتەوە
#نزیكەی 30 ی ساڵە سەرقاڵی کۆکردنەوەی پارچە کەلەپورییەکانە

راپۆرتی/ رێزە حسێن

ژیانی رابردوو هێندە ئاسان بوو،  بەجۆرێك خەڵكی لەناو ماڵەكەی خۆیدا بە كەلوپەلی سادە زۆرینەی ئەو شتانەی دروستدەكرد کە پێویستی رۆژانەیان بوو، وەك ئاگردان و تەنور بۆ ئامادەكردنی نان و چێشت، بۆ جلوبەرگ هەڵگرتن، دەوڵەمەندەكان دۆڵابی بۆراق و خەڵكی هەژاریش باوڵێكی لە تەنەكە دروستكرا و هەندێكیشان بوخچەیەك بووە، دەفر و مەنجەڵی خواردن دروستكردن، فافۆن یان مس بووە و ئەویش وەستایەكی ناوخۆیی دروستیكردووە بەنرخێكی هەرزان دەفرۆشرا، لەبەرهەمی لۆكە یان پەڕی باڵندە و خوری مەڕوماڵات بالیف و راخەر و جێگەی حەواندنەوە و خەوتن دروستكراوە زۆر كات ژنانی ماڵەوە بە ئامێری سادە بەرهەمیان هێناوە، شتی ماڵەكان هێندە سادە و كەمبووە لەیەك عەربانەی تریشقەدا جێگەی بووەتەوە، ئەمە قسەی توفیق خدر پیاوێكی بەتەمەن بوو لەكاتی باس و گێڕانەوەی ژیان و گوزەرانیان لە كۆندا.

فرۆشگەیەكی كەلەپوری
لە سلێمانی دوكانێك هاوشێوەی مۆزەخانەیەك بەدەیان پارچەی كەلەپوری كوردی و وڵاتانی دنیا كۆكردووەتەوە بۆ فرۆشتن.
رەئوف عەزیز خاوەنی كەلەپوری كوردستان وتی» نزیكەی 30 ی ساڵە سەرقاڵی ئەم پیشەیەم، كارەكە جگە لەوەی بەشێك بووە لە دەستكەوت بۆ بژێویی ژیانم، هاوكات حەز و خوولیاشم بووە، بەجۆرێك ئێستا كە تەمەنم نزیكە لە 76 ساڵی، هەر بەردەوامم.
وتیشی: ئەوەی منی نیگەران كردووە تا ئێستا هیچ كەسێكی باڵا و بەرپرس بە هاوكاری و دەستگرتن یان دەستخۆشیكردن هەستی بەگەورەیی ئەم كارە نەكردووە تا بەرەو پێشتر بچێت، هەروەها ئەم كارە هی تاكە كەس نییە، چونكە كۆكردنەوەی كەلەپوری هەر میلـلەتێك لە ئەستۆی حكومەتە تا لە فەوتان و بردنە دەرەوە پارێزراوبێت.
كەریم دزەیی  كڕیار لە كەلەپوری كوردستان سەرقاڵی مامەڵەكردن بوو، وتی: لە ساڵی 2016 دا بۆ ماوەی یەك مانگ وەك كوردێك لە وڵاتی ئەمریكا بەشداریم كرد لە پڕۆگرامێكی ئاڵوگۆڕی كەلەپوری تایبەت بە ناساندنی كەلەپوری وڵاتان، هەروەها بەمەبەستی ئاڵوگۆڕ و ناساندنی كەلەپور و كەلتوری كوردستان و ئەمریكا بەیەك تری، بۆ ماوەی دوو هەفتە لەگەڵ خێزانێكی ئەمریكی پێكەوە لەیەك ماڵدا ژیانمان بەسەربرد، ئێستاش هاتووم لەم ئەنتیكخانەیە پارچەیەكی كەلەپوری بكڕم  رەمزی كوردەواری بێت تا وەك دیارییەك پێشكەشی ئەو خێزانە ئەمریكییەی بكەم، كەریم دزەیی وتیشی: ئەوەی دڵخۆشیكردم لەم فرۆشگەیەدا، پارچەیەك كەلەپورم بینی كە تایبەتە بە ناوچەی دزەیی لە هەولێر كە تەنها زانیاریم 
لەسەری هەبوو.

سەرمایەداران بێهەڵوێستن 
مامەڵەكردن و كڕینی پارچەی كەلەپوری لە دەستی خەڵك، پێویستی بەبڕێكی زۆر پارە هەیە، لە هەموو وڵاتانی دنیادا بە پیرۆز و گەورە سەیر دەكرێت و زۆرترین سەرمایە دەكرێتە خزمەتییەوە، بەجۆرێك سەرمایەداران ئامادەن پارەكانیان لە كرینی پارچە كەلەپورییەكاندا خەرجبكەن، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەم هەڵویستە لە سەرمایەدارانی كورد بەدی ناكرێت.
خاوەنی فرۆشگەی كەلەپوری كوردستان لەوبارەیەوە وتی: لەلای دەسەڵاتی كوردی كەلەپور داماو كەسیف و زەلیلە، وەك پێویست ئاوڕی لێنەدراوەتەوە، سەرمایەدارەكانمان تا ئێستا ئامادەیی ئەوەیان نییە پارەكانیان بكەنە پڕۆژەیەكەوە لە چوارچێوەی كۆكردنەوەی پارچە كەلەپورییە كوردییەكاندا بێت، ئەوەشی هەیە ژمارەیەكی كەمە و بە پەنجەكانی دەست ئەژمار دەكرێت.
رۆژانە خەڵكی بیانی و ناوخۆیی بۆ كڕینی سەردانی فرۆشگەی كەلەپوری كوردستان دەکەن، خاوەن فرۆشگەکە دەڵێت: كڕیارەكانمان دووجۆرن، هەندێكیان حەزیان لە كڕینی پارچەی كەلەپوری كوردییە، هەندێكی تریان ئەو خاوەن كارانەن كە شوێنكارەكانیان بەو كەلوپەلانە دیزاین دەكەن، ئەمەش بە ئامانجی راكێشانی كڕیاری زیاتر، چونكە سروشتی مرۆڤەكان بەجۆرێكە هەمیشە ئارەزووی بینینی ئەو شتانە دەكەن لەسەردەمی منداڵی خۆیان و باوباپیرانیان بەكاریان هێناون.

مس بەهاترینی كەلەپوورە 
زریان رەئوف وەك پیشەوەرێكی شارەزای پارچە كەلەپورییەكان ئاماژەیدا، مس یەكێكە لە پارچە كەلەپورییە باشەكان تا ئێستا بەهای خۆی لەدەستنەداوە، هەروەك برنج لێنان لە مەنجەڵی مسدا جگە لەوەی تامی تایبەتی دەدات بە خواردنەكە و دەتوانرێت زیاتر لە دوو هەفتە خواردنی ئامادەكراوی تێدا هەڵبگیرێت بێئەوەی تێك بچێت و بەهای خۆراكی لەدەستبدات.
مۆزەخانەی سلێمانی کە وەك دووەم مۆزەخانە ناسراوە لە سەر ئاستی عیراق، سەدان پارچە كەلەپوری كوردی تێدا كۆكراوەتەوە، كەمال رەشید بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی دەڵێت:مێژووەیەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ چاخی بەردین تا سەردەمی ئیسلامی، بەشێوەیەك هەموو شارستانیەتی كورد لەم مۆزەخانەیە بەدیدەكرێت، رۆژانە هەر تیمێك یان هەر گەشتیارێكی بیانی روو دەكەنە شارەكەمان، یەكێك لە بەرنامەی سەردانەكانیان بۆ مۆزەخانەیە تا لە نزیكەوە مێژوو، شارستانییەتی گەلی كورد ببینن كە ئەمەش جێگەی خۆشحاڵییە بۆ گەلی كورد و شاری سلێمانی.
بوخچەی قوماش و دۆڵابی بۆراق و باوڵی تەنكە بۆ هەڵگرتنی جلو بەرگ، شتانێكی لە فافۆن و مس و شوشە دروستكرا و بۆ ئامادەكردنی خواردن و خواردنەوەكان، بەڕە و بالیف و لیبات، وەك راخەر و جاجم و لێفە و دۆشەك و پشتی لە لۆكە و پەڕی باڵندە دروستكراو بۆ كەلوپەلی خەوتن، دەستكەوان و دەستاڕ وەك ئاشێكی بچووك و چرا بۆ رووناكردنەوە، باوەشێن و هەندێك كاتیش پانكە بۆ فێنكردنەوە، ئاگردان و بۆ لێنانی خواردن و تەنور بۆ دروستكرنی نان، زۆرینەی ئەو شتانە بوون  لە سەردەمی  رابردوودا خەڵكی لەناو ماڵەكانیاندا بەكاریان هێناوە، ئێستا بوونەتە پارچەی كەلەپوری.

بابەتە پەیوەندیدارەکان