پاڵەوانێك كە بەبێ نازی سەری نایەوە

12:37 - 2025-05-13
وەرزش
13 جار خوێندراوەتەوە
عەلی عەتییە ئەلیاسری

لە ناوەندیی وەرزشی عیراق و تەنانەت كوردستانیشدا، وەزشكارێکی زۆر بەبێ نازی و بە بێ دەنگی ماڵئاواییمان لێدەكەن و تەنانەت هەشیانە پاش مردنیشی یان باسی ناكرێت، یان كە باسیشی دەكرێت وەك خۆی هەقی نادەنێ،  وەك دەوترێت راگوزەر باسی دەكرێت و ئیتر ناوی دەچێتە  سەبەتەی لە بیرچوونەوە و فەرامۆشكردنەوە.
لێرەدا پاڵەوانێكی عیراقی یاریی لەشجوانی وەك نموونە باس دەكەین ئەویش عەلی گەیار -ە، كە لە بارودۆخێكی ناخ هەژێندا و پاش ململانێیەكی سەخت لەگەڵ نەخۆشی كۆچی دوایی كرد.
ئەم پاڵەوانە ناودارەی عیراق، لەگەڵ ئەو هەموو خزمەتە زۆرەی كە لە وەرزشەكەیدا كردی، بەڵام حكومەتی عیراق وەك پێویست بەو خزمەتە زۆرەی نەزانی، وەرزشكارێكی نێودەوڵەتی عیراقی فەرامۆشكراو بوو، بەجۆرێك كە ئەم وەرزشكارە دیارە، بەم دواییە بۆ پەیداكردنی بژێوی ژیانی خۆی و 19 ئەندامی خێزانەكەی (17 كوڕ و كچێك و خۆی و هاوسەرەكەی)، جلوبەرگی كۆنەی لە یەكێك لە بازاڕە میللییەكانی بەغدا دەفرۆشت.
ئەم وەرزشكارە عیراقییە پێش ئەوەی كۆچی دوایی بكات، لە چاوپێكەوتنێكیدا ووتی: من زۆر بەداخم و ئەو خەفتە گەورەیەم هەیە كە لەگەڵ ئەو هەموو خزمەتە زۆرەی من بە وەرزشیی عیراقم كرد، هیچ لێپرسراوێكی سیاسی و حكومی و وەرزشیی عیراق پێیان نەزانی و بەهەندیان وەرنەگرت و هیچ پاداشتێكی منیان نەكرد لەسەر ئەو خزمەتە زۆرەی كە من بە وەرزشیی عیراقم كرد.
ناوی تەواوی عەلی عەتییە ئەلیاسری –یە، ناسراو بوو بە عەلی گەیار، ساڵی 1937 لە مەیسان لەدایكبوو بوو، یەكێك بووە لە سونبولەكانی وەرزشی عیراق، لە ساڵی 1955 –ەوە وەك وەرزشكارێكی هاوی دەستی بە وەرزش كردن كردووە، ساڵی 1956 یەكەم نازناوی پاڵەوانی لە ژیانی وەرزشیی خۆیدا بەدەستهێناوە، ساڵی 1964 نازناوی پاڵەوانی عیراقی وەرگرتووە، ساڵانی 1965 و 1966 هەمان نازناوی بردۆتەوە.
ساڵانی 1970 و 1971 و 1972 پاڵەوانی عەرەب و وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش بووە، ساڵی 1970 لە پاكستان بووە بەپاڵەوانی ئاسیا، ساڵانی 1965 تا 1975 واتە 10 ساڵی یەك لەسەر یەك، پاڵەوانی یەكەمی عیراق بووە، ساڵی 1975 بەبێ ئەوەی هیچ نازناوێكی پاڵەوانی عیراق لەدەستبدات، بڕیاری وازهێنانی لە وەرزشی جوانی لەش داوە، دواجاریش بە هەژاری و فەرامۆشكراوی و دڵشكاوییە و بە نەخۆشیی رۆژی 5/7/2024 لە بەغدا كۆچی دوایی دەكات.   

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان