ئا: كوردستانی نوێ، هەولێر
(دانیال عوزێر كاتساف)، ناسراو بە (دانیال قەساب) هونەرمەندێكی بواری وێنەكێشانی بەڕەگەز جوو (یەهود)ی شاری هەولێر بووە، كە لەهەمانكاتدا مامۆستای وانەی هونەریش بووە لەو شارە، چەندین وێنە و نیگاری بۆ كەسایەتییە ناودارەكانی شاری هەولێر و شوێنە گشتییەكانی شارەكە و دەورووبەری كێشاوە، كە بریتین لەتابلۆی (قەڵای هەولێر) و تابلۆی (برایم ئاغای دزەیی) و تابلۆی (منارەی چۆلی) و هیتر، گرنگی ئەو كەسایەتییە لەوە بووە كە لە هونەرمەندە سەرەتاكانی شارەكە بووە كە كاری وێنەكێشانی ئەنجامداوە.
بەپێی زانیاری كتێبی (پێشەنگەكانی هونەری شێوەكاری)ی دكتۆر فەرهاد پیرباڵ، دانیال قەساب لەساڵی 1913 لەشاری هەولێر لەدایكبووە و ساڵی 1932 پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی شاری بەغدای تەواوكردووە، كاتێك هاتۆتەوە شاری هەولێر تا ساڵی 1935 مامۆستای وێنەكێشان بووە لەخوێندنگەی (ئەربیل ئولا).
لەو ماوەیە چەند خوێندكارێكی خۆی لەبواری هونەری وێنەكێشان پێگەیاندووە، لەوانە هونەرمەندان (جابر پیردواد، جەودا رەسول ناجی، فوئاد رەسول ناجی)، جگە لەخۆشی، سێ برای تری بەناوەكانی (مونیر، ناحوم، شاهین) هەبووە، كە وەكو خۆی هونەرمەندی شێوەكاری بوونە.
هەر بەپێی سەرچاوەی ناو كتێبەكە، دانیال قەساب لەساڵی 1936 وەكو مامۆستا گواستراوەتەوە بۆ دواناوەندیی هەولێر، پاشان لەساڵانی 1945 – 1946 چۆتە شاری كۆیە و چەندین پێشانگەی شێوەكاری كردۆتەوە، بەڵام لەكۆتایی ساڵانی پەنجاكان، وەكو سەرجەم جووەكانی عیراق و كوردستان بەزۆرەملێ راگوێزاروە بۆ ئیسرائیل و لەشاری تەل ئەبیب كراوە بەڕاگر لەیەكێك لەشوێنە ئەكادیمیاكانی هونەرە جوانەكان لەو وڵاتە و لەساڵی 2000 كۆچی دوایی كردووە.
نووسەر و رۆژنامەنووسی دێرین مومتاز حەیدەری لەبارەی ئەو هونەرمەندە بە كوردستانی نوێی راگەیاند: دانیال قەساب هونەرمەندێكی گەورە بووە و خۆی بە كورد زانیوە و یەكێك لە تابلۆكانیشی بۆ كەسایەتی كۆچكردوو (ئەحمەد حەمەدئەمین دزەیی) كێشاوە و لەپێشوو ئێمە لە گۆڤاری k21 بڵاومان كردۆتەوە.
وتیشی: تابلۆیەكی تریشی هەبووە كە لەساڵانی پێشوو لەنزیك دەرگای موتەسەریفیەی پێشووی هەولێر (پارێزگا) دانراوە، سەرجەم وێنەكانیشی جۆری زەیتی بوونە، چەندین خوێندكار و قوتابیش لەسەردەستی ئەو هونەرمەندە پەروەردە بوونە، كە یەكەم نیگاركێش و پێشەنگەكانی ئەو هونەرەش بووە لەشاری هەولێر.
بۆ زیاتر بەرز راگرتنی ناوی ئەو هونەرمەندە، ماوەی چەند ساڵێكە شەقامێك لەشاری هەولێر بەناویەوە كراوە، هەروەك لەناو مۆزەخانەی پەروەردەیی هەولێریش ژوورێكی تایبەتی بەناوی هونەرمەند (دانیال قەساب)ی جوو ناونراوە، كە یەكەم قوتابخانە بووە لەشارەكە، لەوبارەیەوە سابیر حسێن بەڕێوەبەری كارگێری مۆزەخانەی پەروەردەیی (ئەربیل ئولا) بۆ كوردستانی نوێ وتی: ژوورێكمان لە نهۆمی سەرەوە بەناوی ئەو هونەرمەندە دێرینەی شاری هەولێر كردۆتەوە، كە كاتی ئەو مۆزەخانە دامەزرا ناوی هەر ژوورێك بەناوی كەسێكی گرنگی پەروەردەیی ناونرا، ئەوانەی رۆڵیان هەبووە لە دروستبوونی قوتابخانەی ئەربیل ئولا، لەوانە دانیال قەساب یەكێك بووە لە مامۆستا دێرینەكانی قوتابخانەكە و وانەی وێنەكێشانی وتۆتەوە.
وتیشی: بەهۆی ئەوەی دانیال قەساب لەسەر ئایینی جوو بووە و لە ساڵانی پەنجاكان كۆچی كردووە بۆ ئیسرائیل، بۆیە جگە لەیەك تابلۆ هیچ كەلوپەلێكی تایبەت بەخۆیمان دەستنەكەوت، بۆ ئەوەی لەو ژوورە نمایشی بكەین، هەرچەندە هەوڵیش دراوە بۆ دەستكەوتنی كەلوپەلەكانی، بەڵام بێسوود بوو، بۆیە كەلوپەلی كەسانی ترمان لەو ژوورە نمایشكردووە.