شێخ فوئاد بەرزنجی
شیعری منداڵان بۆچی دەنووسرێت و بۆچی گرنگی و تایبەتمەندێتی خۆیی هەیە؟ چونکە ئەوە دواجار پەیوەندی بە جیهانەوە هەیە وەک چۆن شیعر پەیوەندیی بەستنەوەی شاعیرە بە جیهانەوە، لەهەمان کاتدا دابڕانی شاعیریشە لەم جیهانە.
ئارام سدیق لە (زمان و شیعرییەت)،لە لاپەڕەی 7دا دەڵێت: وەک چۆن (هۆڵدەرلین) دەیهێنێتەوە یادمان کە مرۆڤ بە شیعر نیشتەجێی سەر زەوییە، کەواتە مرۆڤ بەشیعر یان لەڕێگەی شیعروە نیشتە جێ دەبێت، ئەمە دروستە بەڵام لەم نیشتەجێبوونەدا کێ یەکەم دەسپێک و هەنگاوە؟ بێگومان (منداڵ)، کەواتە ئێمە دەبێت کار بۆ هەڵپاچینی زیادە و داپاچینی رێگرەکان لە پەروەردە و پێگەیاندنی منداڵەکانماندا بکەین، هەموو کۆمەڵگەکان لەو رێگەیەوە گەشەیان کردووە.
عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا (پەیبردن بەژیان پەیبردن بەشیعر و بوون)، لە لاپەڕەی 61دا (فروغی فروخزادی بەنموونە هێناوەتەوە)، کە لەشوێنێکدا دەڵێت: «شیعر ئەو دەرگا کراوەیە نییە کە هەموو کەسێک بە بێ جیاوازی وەژوور بکەوێت یان ئەو دەرگا داخراوەی بە هیچ کەسێک نەکرێتەوە، کە کراشەوە وەکو گوێزێکی پووچ هیچ شتێ بە دەستەوە نەدات،بەڵکو لە یەک کاتدا هەمووان تێر ئاو دەکات، واتە تەواوی جیاوازییەکان لە خۆیدا کۆدەکاتەوە».
ئەمە ئەوەمان پێدەڵێت: «بەسانایی نەڕوانینە نێو ئەو جیهانەی کە جیهانی شیعرە وەک دەمانەوێت زیاتر شیری منداڵان چونکە زۆر ئاڵۆزە و ئاسان نییە پەیام وئامانجەکانمان بپێکین، بتوانین بە راگوزەری بەردێکی پێدا هەڵبکەین، یان وابڕوانین کە کارێکی سوکەڵەیە لە ئەدەبدا، چونکە زۆر جار بیسومانە کە دەڵێن ئاسانەو کرنگی پێ نەدراوە چونکە کۆمەڵگەو ئەدەبیاتی ئێمە لەو بوارەدا لاوازبووە یان بە چاوێکی کەمتر بینراوە کە هۆکارەکانیش دەگەڕێتەوە بۆسروشت و ئاستی پێشکەوتنی کۆمەڵگەکەمان کە ئێمە هەمیشە هەوڵی پێگەیاندنی پیاوی ئازامانداوە لە ناخی مندڵەکانماندا، بە پێچەوانەوە کار لەم بوارەدا ئێستا ئەرکێکی ترە و پێویستمانە کەسانێکی تر پێبگەینین، کە لەگەڵ سەردەمی ئێستادا گونجاو تربن.
زیاد رەشاد لە ماستەرنامەکەیدا بە ناونیشانی (ئەدەبی منداڵان)، لە لاپەڕە 112دا دەڵێت: «شیعری منداڵان بەشێکی دیاری ئەدەبی منداڵان پێکدەهێنێ، دەشێ بڵێین: «شیعر و هەر رستە و دەستەواژەیەکی بەکێش و سەروادار و بەساز و ئاواز، لە لایەن منداڵەوە بەگشتی زووتر پێشوازی لێ دەکرێ و خۆشەویستە بۆ نمونە بەسەرهاتێکی ئاسایی یا رووداوێکی رۆژانە ئەگەر بە شێوەیەکی ئاسایی بۆ منداڵ باس بکرێت لەگەڵ ئەوەی کە بە شێوازێکی ئەدەبی و کۆمەڵێ پەیڤی کێشدار و قافیەدار و بە ریتم و ئاوازی تایبەت بگوترێت. دیارە ئەوەی دووەمیان پەسەند ترە لای منداڵ و زووتر وەردەگێڕدرێت، شیعری منداڵانیش وەک شیعری نێو ئەدەب بە شێوەیەکی گشتی چەندین جۆر و ژانری هەیە، لەوانە چیرۆکە شیعر، شیعری فێرکردن، ئۆپەرێت، شیعری گاڵتەوگەپ و ... هتد.
ئەوەی لە بواری فێرکاریدا بەتایبەتی ئەوەی (شێخ مارفی نۆدێ) بۆ (کاک ئەحمەدی شێخ) کە کوڕی تاقانەیەتی دەینووسێت، بۆ ئەوەی فێری زمانی عەرەبی بکات، لە حوجرەکاندا لە کوردستان هەتا ساڵی هەشتاکان دەخوێندرا و ئێستاش لەوشوێنانەی حوجرەی تێدایە دەخوێندرێت.
ئەمە ئەو رۆح و کەشەیە کە دەمانەوێت باسی بکەین و بڵێن: شیعری منداڵان ئەو وشە جوان و ئاسانانەن، سەروادار و ئاوازدارن بۆ ئەوەی لەڕێیانەوە چەشەی زمان و لەزەتی هارمۆنیەتی وشەکان و نەرم ونیانی و سانایی خوێندنەوەوابکات، پەیام و ئامانجمان جێی خۆی بگرێت. بیرمان نەچێت کە بمانەوێت باسی پەیدابوونی شیعری منداڵان، لە ئەدەبیاتی کوردیدا بەکورتی بکەین، هەمان سەرچاوە لە لاپەڕە 114 دا دەڵێت: «سەبارەت بە سەرەتای پەیدابوونی شیعری منداڵان لە ئەدەبی کوردیدا، جگە لەو تێکستە فۆلکلۆرییە کوردییانەی کە بە شیعر بۆ منداڵان هەن، دەشێت یەکەمین شیعریش کە بۆ منداڵان نوسرابێت لە مێژووی ئەدەبی کوردیدا فەرهەنگەکەی (ئەحمەدی خانی) بێت بەناوی (نوبەهارا بچوکان) پاشان ئەو نووسینانەی (مەلا خدری رواری، شێخ مارفی نۆدێ، مەولەوی و محەمەد باشقە و ....هتد)، دێن. بەڵام ئەو تێکستانە نین کە هەموو مەرج و چوارچێوەیەکی ئەدەبی منداڵانیان تێدا بێت».
لێرەدا پێویستە بڵێین: بەراوردی ئەو کاتە و ئێستای شوێنی نیشتەجێ بوونی هەریەک لەم شاعیر و دانایانە جیاوزە و سەردەمێکی پڕ لە کێشە و ململانێو دواکەوتویی ونەبوونی رێبازێک یان سیستمێکی وا کە رەچاو بکرێت، بەڵام هەر یەک لەو بەرهەمانە لە دەم و کاتی یان لە "زمکان" واتە «کات شوێن»ی خۆیدا تا ئەوپەڕی بە هێز و بە توانا و کاریگەربوون، وەک ئەوەی لە بواری فێرکاریدا بەتایبەت ئەوەی (شێخ مارفی نۆدێ) بۆ (کاک ئەحمەدی شێخ) کە کوڕی تاقانەیەتی دەینووسێت، بۆ ئەوەی فێری زمانی عەرەبی بکات، لە حوجرەکاندا لە کوردستان هەتا ساڵی هەشتاکان دەخوێندرا و ئێستاش لەوشوێنانەی حوجرەی تێدایە دەخوێندرێت.
زیاد رەشاد، هەر لەهەمان سەرچاوەدا لەلاپەڕەی 114دا دەڵێت: «پاشتر لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا ئەو چیرۆک و شیعرانە پەیدابوون کە روو لە منداڵن و بۆ منداڵ قسە دەکەن، لەوکاتەوەی زێوەر، پیرەمێرد، بێکەس و دڵدار سەرەتا بەو شعرانەی بۆ سروود لە قوتابخانەکاندا دەنووسران دەستیان پێکرد. هەروەها لە دوای ساڵەکانی پەنجا و شەستەکان، ئەدەبی منداڵانی کورد بەتایبەتی بە دیالێکتی کرمانجی خواروو، پێشکەوتنی تازەی بەخۆیەوە بینی. ژمارەیەکی بەرچاو لە شاعیر و ئەدیبانی ئەو سەردەمە بەشدارییان لە بەرەوپێشبردنی ئەدەبی منداڵانی کورد بەگشتی و شیعری منداڵان بە تایبەتیدا کردووە، وەک نووسەران: (عومەر عەبدولڕەحیم، فەرەیدون عەلی ئەمین، عومەر عەلی ئەمین، شاکر فەتاح، کاکەی فەللاح، ع.ع.شەونم، زەکی هەناری، ئیبراهیم ئەحمەد شوان، رەمزی قەزاز، فازل قەفتان و مەدحەت بێخەو و ...هتد)، هەروەها لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی رابردوویشدا کە هاوکاتە لەگەڵ دەرچوونی بەیاننامەی یازدەی ئازاری ساڵی 1970 و دەرکەوتنی دەنگ و قەڵەمی تازە لە بواری شیعر و چیرۆکی گەورەساڵاندا، ئەدەبی منداڵانیش بە رەنگ و شێوازی دیکە دەرکەوت، کە بەشە کوردستانییەکەی جۆرێک لە کرانەوە و ئازادیی سنوورداری بە خۆیەوە بینی، ئەو گۆڕانکارییەش کاریگەریی راستەوخۆی کردووتە سەر رەوشی نووسین و رووناکبیریی لە ناوچەکەدا، لە نێویشیاندا ئەدەبی منداڵان پێشکەوتنی تازەی بە خۆیەوە بینیوە. لە رووی چەندایەتیشەوە بەرهەمگەلێکی زۆری سەر بە ئەدەبی منداڵان نووسراون و قەڵەمی نوێ دەرکەوتوون، لەوانە هەر یەک لە (دایکی سۆلاڤ، رۆستەم باجەلان، عەزیزی مەلای رەش، لەتیف هەڵمەت، کازم کۆیی، عوسمان هەورامی... و چەندانی دیکەش لە سەردەم و قۆناغی جیاوازدا بە نووسین، وەرگێڕانی شیعر و ئۆپەرێت و تێکستی دیکەی ئەدەبی بەشدارییان لە پێشخستنی ئەدەبێ منداڵانی کورددا کردووە.
پاشان لە دوای ڕاپەڕینی 1991لە رووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە ئەدەبی منداڵان چووە قۆناغێکی ترەوە، ژمارەیەکیزیاتر لە قەڵەم و دەنگی تازە دەرکەوتن، زۆرشیعر و چیرۆک و ئۆپەرێت و شانۆنامە نووسراون و وەرکێڕدراون، لێرەدا ئاماژە بەناوی هەندێکیان دەدەین: (ئیدریس عەبدوڵڵا، بەکر پشدەری، عەلی بەختەوەر، جەمال گردە سۆری، بڕوا موحەمەدی، عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی، ئاکۆ محەمەد سابیر، سۆران سۆفی، سەردار قادر، سەرهەنگ عەبدولڕەحمان، حاتەم باتاسی، زارا ئەحمەد جاف، رۆستەم خامۆش، عەبدولوەهاب شوانی، زیاد رەشاد، دایکی خەڵات، نیهال عەلی، ئاسوودە زادە، پوشۆ خدر، ئەمین محەمەد، رەئوف جەمیل، فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی، زرار عەلی، ئەمین گەردگیلانی، عەبدولڕەحمان فەهمی، عوسمان دەروێش، پاکیزە محەمەد عەلی و سەڵاح نیساری و چەندانی تر).
لێرەدا بەجیا باسی نمونەی شیعرو شاعیرەکان ناکەین ئەوەندە نەبێت بدەڵێین: ئەمانە نمونەی شاعرانێکن بەرهەمی شیعری منداڵانیان هەیە، بەڵام ئایا وەک پێویست هێشتا ئەوەی کە دەمانەوێت و منداڵی کورد داوای دەکات چۆتە نێو شیعر و بابەتەکانی تری ئەدەبیاتی منداڵان، یان هەر جوینەوە و بێ ئاگایی لە هەندێ وردەکاری و کاری گرنگ لە ناو بابەتەکەدا، کە شیعرە وەلانراوە چونکە هێشتا مامەڵەی جدی لەگەڵ شیعری منداڵاندا نەکراوە و سەرپێییانە دەگوزەرێت. بۆ ئەم قۆناغە ئایا ئەوەی دەمانەوێت وایە یان چاومان لە ئاستی کەم و کورتی و هەڵەکاندا دادەخەین؟!
زۆربەی شارەزایانی بواری شیعری منداڵان لە رووی سایکۆلۆژی و قۆناغە جیاجیاکانی تەمەنی منداڵانەوە جەخت لەم چەند خاڵە دەکەنەوە لەسەر خەسڵەتە گرنگەکانی شیعری منداڵان:
ـ پێویسته شاعـیری شیعری منـداڵان، ئهوە بـزانێـت که شـیعر بۆ منـداڵان دەنـووسێـت.
ـپێویستە شیعری منداڵان شـیرین و ناسک بێت. زمـانی شیعـر بۆ منـداڵان، دەبێت بەپـێی قـۆناغی تەمەن وشـە و رسـتەکان گـونجاو بێت.
وا باشە کێشی نیوە دێڕەکانی شیعـر بۆ منداڵان، ژمارەی بـڕگەکانیـانی لە 6-10 بڕگە زیاتر نەبن.کێشی بـڕگەی "پەنجـەیی" ئاسانترین کـێشی شیعـری منـداڵانە.
- باشترە ژمارەی وشەکانی هەر شیعـرێک بۆ منداڵان لە 40-50 وشە زیاتر نەبن، واتە کورتبن.
پێویستە شیعری منداڵان کێش و سەوادار بێت و ریتمی دەرەوە و ناوەوەی گونجاو بێت.
ـ دوورکەوتنەوە لە ئاڵۆزی. پەیام ڕوون و ئاشکرا بێت
ـ هەڵـبژاردنی ئەو بابەتـانەی، لەگـەڵ رۆژانەی ژیانی منداڵان دەگونجێت.
پێویستە شیعـری منـداڵان، بابـەتی رەوشتی و پـەروەردەیی و دەروونی و نیشـتمانی و کۆمـەڵایـەتی لە خـۆ بگـرێت، واتە گرنگیدان بە سەرجەم بەهاکان، هەتا هـەر لە منـداڵیـیەوە شارەزایان هەبێت.
پێویستە دەکات ئەو سـروود و شـیعـرانەی بڵاو دەکرێنەوەلەژێر چاودێـریی کەسانی پسپۆر و شارەزای بواری ئەدەبی منداڵان و دەروونناسەکاندابن
- پێویستە شاعیر کە شیعر بۆ منداڵ دەنوسێ
پێویستە شاعـیرانی شیعـری منداڵان ئەوە بزانن کە مندڵایش پێویستی بە داهـێنان و تەکـنیک و سـتایـل و شـێـوازی تازە هەیه.
ـ پێویسـت دەکات شـاعـیری شـیعـری منـداڵان، نـاونیشـانی شیعرەکانیان کـورت و گونجاو بێت.
لەکۆتاییدا دەبێت ئەوە بزانین هەموو ئەوەی ئێمە دەمانەوێت ئەوەیە کە بزانین منداڵان گەورەترین سەرمایەی نیشتیمانین و دەبێت گرنگیان پێبدەین، بەتایبەتی لە رێگەی هونەر و ئەدەبیاتەوە، لە ناویشیاندا شیعرو چیرۆکە، بەڵام هەموو ئەمانە بەهۆی خێزانەوە بەرجەستە دەبێت لای منداڵان. وەک پ.د.عەباس ساڵح عەبدوڵڵا لە (شرۆڤەی دەق)، لە لاپەڕە 15دا دەڵێت: «لە پەروەردەی منداڵاندا بەر لە هەموو شتێ رۆڵی دایک و باوک کاریگەرییەکی بەرچاوی هەیە»، کەواتە هەموو شتەکان لە کۆمەڵگەدا هارمۆنییەتێکی یەک لەدوای یەکە، گرنگە خێزان گرنگی پێبدرێت لەگەڵ مامۆستادا بوئەوەی کۆمەڵگە رۆشنبیر و داهاتوو گەش بێت.
سەرچاوەکان:
-ئارام سدیق: زمانشیعریەت، چ1، چاپخانەی ئەندێشە، 2017
٢- عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا: پەیبردن بە ژیان پەیبردن بەشیعر و بوون، لێکۆڵینەوە، لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، 2001.
٣- زیاد رەشاد:"ئەدەبی منداڵان" ماستەرنامە.
٤-پ.د. عەباس ساڵح عەبدوڵڵا : شرۆڤەی دەق، چ1، چاپخانەی بینایی، 2024.