"تەئكیدمان لە چارەسەری كێشە خزمەتگوزارییەكانی سلێمانی كردەوە"
سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی لە كۆبوونەوەكەدا بەڕاشكاوی باسی دۆخی مووچەخۆران، دەرماڵەی خوێندكارانی كردووە
"ئەگەر ئەم گەمارۆدانەی سلێمانی بەردەوام بێت، ئەوا یەكێتی لە حكومەتی هەرێم، دەكشێتەوە"
عەبدولستار مەجید: لە كۆبوونەوەكەدا، سەرۆكی یەكێتی، قسەی لەسەر پشتگوێخستنی سلێمانی و كێشە و گرفتەكان و ئەو ئابڵوقە و بارودۆخە خراپەی لەسەر پارێزگاكەیە، كرد
سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، رایگەیاند: بڕیارمانداوە گفتوگۆكان لەبارەی هەڵبژاردنەوە بەردەوام بێت، وتیشی: تەئكیدمان لە چارەسەركردنی كێشە خزمەتگوزارییەكانی سلێمانی كردەوە.
بافل جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی كوردسات نیوز، سەبارەت بە كۆبوونەوەكەی دوێنێی سەرۆكایەتیی هەرێم، رایگەیاند: بڕیارماندا گفتوگۆكان لەبارەی هەڵبژاردنەوە بەردەوام بێت، وتیشی: زۆر بە راشكاوی باسی ئەوەمان كرد كە بارودۆخی سلێمانی چەند خراپە، بارودۆخی كوردستان بە گشتی چۆنە، لایەنەكان هەموویان وتیان دەبێت ئەم بارودۆخانە چاك بكرێنەوە، ئینشائەڵڵا وانامێنێت.
سەبارەت بە دۆخی دارایی بەتایبەتی ناوچەی سلێمانی، كە بەشێكی زۆری پڕۆژەكان راگیراون، سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، ئەوەی خستەڕوو كە زۆر تەركیزمان كردە سەر ئەو شتانە و تەئكیدمان لە چارەسەركردنی كێشە خزمەتگوزارییەكانی سلێمانی كردەوە.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا، سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، جگە لە پرسی هەڵبژاردن، بەڕاشكاوی باسی دۆخی مووچەخۆران، دەرماڵەی خوێندكاران و چارەسەری كێشە خزمەتگوزارییەكانی سلێمانی كردووە بە تایبەتی كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ناچار بووە خۆی بودجە بۆ كۆمپانیاكانی بواری پاككردنەوە لە سنووری زۆنی سەوز تەرخان بكات، هەر لە كۆبوونەوەكەدا ئاماژەی بەوەداوە "ئەگەر ئەم گەمارۆدانەی سلێمانی بەردەوام بێت، ئەوا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە حكومەتی هەرێم، دەكشێتەوە".
هەر لەوبارەیەوە، ، عەبدولستار مەجید ئەندامی ئەنجومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەری كوردستان، لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی رووداو، لەبارەی كۆبوونەوەكەوە، رایگەیاند: لە كۆبوونەوەكەدا، سەرۆكی یەكێتی، قسەی لەسەر پشتگوێخستنی سلێمانی و كێشە و گرفتەكان و ئەو ئابڵوقە و بارودۆخە خراپەی لەسەر پارێزگاكەیە، كرد و وتی: ئابڵوقەی ئابووریی لەسەر سلێمانی دانراوە، بۆچی یەكێتی یان حزب پارەی دەرماڵەی خوێندكاران بدات، بۆ پارەی دەرمانی نەخۆشخانەكان بدات، ئەی حكومەت چییە؟، بۆیە ئەگەر وابێت ئێمە بیرمان كردۆتەوە لە حكومەت بكشێینەوە.
عەبدولستار مەجید، وتیشی: سەرۆكی یەكێتی ئاماژەی بەوەشكرد كە لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ كاك مەسعود، رێكەوتنی باشیان كردووە، بەڵام دوایی قەناس بەدەستی بینیوە لەبەرامبەر كۆپتەرەكەیان.