ئەمڕۆ ئەحمەد داودئۆغڵو سەرۆك وەزیرانی پێشووتری توركیا و سەرۆکی پارتی ئایندە، سەردانی مەزاری سەرۆک مام جەلال ـ ی کرد و لە لایەن قوباد تاڵەبانی لێپرسراوی مەکتەبی سکرتاریەت، د.محەمەد سابیر، سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک مام جەلال و ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەت پێشوازیکرا.
ئەحمەد داودئۆغڵو دوای دانانی تاجەگوڵینەی رێز و وەفا، لە دەفتەری یادەوەرییەکاندا بەڕێزەوە باسی لە پەیوەندی دێرینی خۆی و سەرۆک مام جەلال کرد و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئەمڕۆ هاتم رێزی خۆم نیشانی هاوڕێكەم دا، وێنە جوانەكانی مام جەلال لە بیرماندا ماوە،مام جەلال هاوبەشی هەمووان بوو، تەنها هی سلێمانی و عیراق نییە، بەڵكو بۆ هەموانە و ئەمڕۆ هاتم رێزی خۆمی نیشان بدەم، سلێمانیش وەكو زێدی من وایە و هاتنم بۆ ئێرە شەرەفێكی گەورەیە.
ئەحمەد داودئۆغڵو وتیشی، ئەركی من بوو بێم و سەردانی مەزارەكەی بكەم، دواینجار كە وەك وەزیری دەرەوە هاتم زۆر نەخۆش بوو، بەداخەوە نەمانتوانی بیبینین بۆیە تەنها سەردانی هێرۆ خانی هاوسەریمان كرد كە پێمان دەوت پورێ و راشیگەیاند، خانەوادەی سەرۆك مام جەلال خێزانی منن، قوباد تاڵەبانی وەك برام وایە و كاتێك بانگهێشتی كردم بۆ بەشداریكردن لە كۆڕبەندی دێڵفی لە سلێمانی تەنانەت دووجار بیرم نەكردەوە و گوتم بەڵێ.
لای خۆیەوە قوباد تاڵەبانی سوپاسی ئەحمەد داودئۆغڵی کرد و بە گرنگییەوە باسی لە پەیوەندی لەمێژینەی یەکێتی و و پارتی ئایندەی کرد و هاتنیشی بۆشاری سلێمانی بەرز نرخاند.