دوای دەستبەكاربوونی ئیدارەی نوێی كەركوك، كۆمەڵێك پرۆژەی خزمەتگوزاریی جۆراوجۆر جێبەجێكراون، لەوانەش؛ دامەزراندنی ژمارەیەك خوێندنگەی نێودەوڵەتیی حكومی بۆ سەرجەم پێكهاتەكانی شارەكە بەبێ جیاوازی، سەرۆكی لیژنەی خوێندنی باڵا لە ئەنجومەنی پارێزگا رایدەگەیەنێت: لەگەڵ دەستبەكاربوونی رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك، نۆ خوێندنگەی نێودەوڵەتی بە زمانی ئینگلیزی لە پارێزگاكە كردۆتەوە و بڕیاریشە لە داهاتوودا ژمارەیەكی تری خوێندنگەی نێودەوڵەتی بكاتەوە.
پەروین فاتیح ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و سەرۆكی لیژنەی خوێندنی باڵا لە ئەنجومەن، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: بڕیارە بۆ ساڵی داهاتوو ژمارەیەكی دیكەی خوێندنگەی نێودەوڵەتی بکرێتەوە، چونكە سەركەوتنی بەدەستهێناوە و زیاتر لە 1800 خوێندكار بە ستانداردە نێودەوڵەتییەكان بەبێ بەرامبەر لەو خوێندنگەیانە دەخوێنن، وتیشی: پێشووتر تەنیا قۆناغی یەك تا چواری سەرەتایی كرابووەوە، بەڵام لە هاتوودا قۆناغەكانی دیكەش دەكرێنەوە.